زووم:
گوتەبێژی حکومەتی عێراق رایگەیاند لە ئەنجامی هێرشەکانی ئەمریکا بۆسەر بارەگای هێزە ئەمنییەکانی عێراق لانیکەم 16 کەس کوژراون و 25ـی دیکەش بریندارن.
باسم عەوادی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق راگەیەندراوێکی لەبارەی هێرشەکەی شەوی رابردووی ئەمریکا بۆسەر بارەگەی هێزە ئەمنییەکان بڵاوکردەوە و گوتی، لانیکەم 16 کەس کوژران و 25ـی دیکەیش بریندارن، لەنێویشیاندا خەڵکی مەدەنی هەن.
گوتەبێژەکەی حکومەت هێرشەکانی ئەمریکای بە “دەستدرێژی” بۆسەر سەروەریی عێراق ناوبرد و گوتی، هێرشەکان ئاسایشی عێراق و ناوچەکە دەخەنە لێواری هەڵدێرەوە.
ناوبراو رەتیکردەوە هەماهەنگیی پێشوەختە لەنێوان عێراق و ئەمریکا هەبووبێت لەبارەی هێرشەکە، بە “بانگەشەی درۆ” ناویبرد و گوتی، هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە بازنەی ئەرکەکانی خۆی دەرچووە و بووەتە هەڕەشە بۆسەر ئاسایشی عێراق.
شەوى رابردوو، ئەمریکا زینجیریەک هێرشى بۆ سەر بارەگاکانى گروپە نزیکەکانى سەر بە ئێرانى لە سوریا و عێراق ئەنجامداوەو هێرشەکانى عێراقیش زیاتر پارێزگاى ئەنبارى لە رۆژئاواى عێراق گرتەوە.