رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقولئەوسەت
حەماس گفتوگۆی ناوخۆیی دەکات لەبارەی پێشنیازەکە
- گفتگۆکانی سەرکردەکانی بزووتنەوەی حەماس لە ناوخۆ و دەرەوەی کەرتی غەزە سەختن و پێویستیان بە کاتە، هەرئەوەش وایکردووە وەڵامی فەرمی و کۆتاییان لەبارەی پێشنیازە نوێیەکە ئاگربەست دوابکەوێت، بەڵام حەماس جەخت دەکاتەوە لە یەکلاییبوونەوەی بابەتی حکومڕانیی کەرتی غەزە و پێی وایە ئەوە بابەتێکی ناوخۆیی فەلەستینە.
قودس عەرەبی
حەماس وەڵامی دەستپێشخەرییەکە دەداتەوە
- بزووتنەوەی حەماس لەژێر سەرپەرشتی ئیسماعیل هەنیە سەرۆکی مەکتەبی سیاسییەکەی، لە قاهیرە گفتوگۆکانی لەگەڵ بەرپرسانی میسر دەستپێدەکات لەبارەی پێشنیازی ئاگربەست و ئاڵوگۆڕی دیلەکان لەگەڵ ئیسرائیل.
ئاماژەکان ئەرێنین لەبارەی ئەو پێشنیازەی کراوە، بەو مەرجەی کۆتاییهێنان بە جەنگی لە غەزە تێدا بێت.
سەرچاوەیەک لە بزووتنەوەی حەماس بە رۆژنامەى قودسی عەرەبی گوتووە، ئیسماعیل هەنیە چەند رۆژێکی دیکە سەردانی قاهیرە دەکات و لە 48 کاتژمێری داهاتوودا یان لەم هەفتەیەدا وەڵامی پێشنیازەکە دەداتەوە، ئەوەش دوای راوێژ لەگەڵ سەرکردەی گرووپە فەلەستینییەکان.
عەرەبی جەدید
دوو فەرەنسی لە ئۆکراین کوژران و ئۆکراین پێشبینی کەمبوونەوەی هاوکارییەکان دەکات
- رۆژی پێنجشەممە دوو کەسی فەرەنسی لە جەنگی نێوان ئۆکراین و روسیا کوژران و سێ کەسی دیکە بریندار بوون.
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس پەیامێکی بڵاوکردەوە و رووداوەکەی بە کارێکی ترسنۆکانە وەسف کرد.
هاوکات ستیڤان سیجۆرنییە، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا گوتی، ئەو دوو کەسەی کوژراون کارمەندی مرۆیی بوون.
ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینیش ستایشی کارەکانی ئەو دوو کەسەی کرد.
لە بەرامبەردا ڤالێری زالۆژینی، فەرماندەی سوپای ئۆکراین لە میانی گفتوگۆیەکی لەگەڵ کەناڵی سی ئێن ئێنی ئەمریکی گوتی، وڵاتەکەی لە بەردەم هەمووراکردنەوەی ستراتیژە سەربازییەکانیەتی بەهۆی کەمبوونەوەی هاوکارییە دەرەکییەکان.
عەرەب
سعودیە داوای پابەندبوونی ئیسرائیل بە دامەزراندنی دەوڵەتی فەڵەستین دەکات
- سعودییەکان دەیانەوێت سوود لەو رەوشە وەربگرن کە ئەمریکا و ئیسرائیل بەهۆی ئاڵنگارییەکانی جەنگەوە لە غەزە دووچاری بوون، بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوت پێش گەیشتن بە قۆناغی ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل.
عەبدولعەزیز سغێر، سەرۆکی ناوەندی خلیج بۆ توێژینەوە لە جدە، گوتی، سعودیە لە پەیامەکەیدا بۆ ئەمریکا داوای کردووە، سەرەتا جەنگ لە غەزە بوەستێت و رێگە بە گەیشتنی هاوکاریی مرۆیی بدرێت، هەروەها چارەسەرێکی دادپەروەران هەبێت و دەوڵەتی فەڵەستین دابمەزرێت، بەبێ ئەوانە سعودیە هیچ کارێکی ناکات.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
تایمز
دوای کوژرانی سەربازەکانی، ئەمریکا هێرش دەکاتەوە سەر عێراق و سوریا
- شەوی رابردوو ئەمریکا چەندین هێرشی ئاسمانیی کردە سەر چەند پێگەیەک لە عێراق و سوریا. هێرشەکە لە تۆڵەی ئەو هێرشە درۆنییەی هەفتەی رابردووی ئوردن بوو کە بەهۆیەوە سێ سەربازیی ئەمریکی کوژان.
پێدەچێت ئەم هێرشانە هەنگاوی دەستپێکی کۆمەڵێک هێرشی دیکە بن بۆسەر میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە ناوچەکەدا، ئەمەش دەبێتە مەترسییەک، وەک شارەزایان پێێان وایە، بۆ زیاتر پەرەسەندنی شەڕ و ئاڵۆزییەکان لەناوچەکەدا. ئەمەش دوای ئەوە دێت کە کۆشکی سپی و پنتاگۆن ماوەی هەفتەیەکە بەردەوام بەڵێنی تۆڵەکردنەوەی هێرشە درۆنییەکە دەدەن.
گاردیەن
دوای کوشتنی کەسێک بەشێوازێکی “دڕندانەی جیاواز” لە بەریتانیا دوو هەرزەکار بە زیاتر لە 40 ساڵ زیندانیی سزادران
- دوو هەرزەکاری تەمەن 16 ساڵ، داوی ئەوەی بەشێوازێکی پلان بۆ داڕێژراو کەسێک بەشێوازێکی “دڕندانە” دەکوژن، یەکێکیان سزای 22 ساڵ و ئەوەی دیکەیان 20 ساڵ زیندانیان بەسەردا سەپێنرا. لەکاتی حوکمدانەکەشیان دادوەرەکە رایگەیاندووە ئەمە یەکێک بوو لە قێزەونترین کەیسەکان کە پارێزەرەکانیان تائێستا مەمەڵەیان لەگەڵدا کردبێت.
بەگوێرەى رۆژنامەکە پاڵنەریی پشت کوشتنی ئەو کەسە ئەوەبووە کە رەگەزی خۆی بۆ کچ گۆڕیوە. یەکێک لە تاوانبارەکان لەدوای حوکمدانەکەی رایگەیاندووە ئامادەیە جارێکی دیکەش کەو کەسە بکوژێتەوە.
واشنتن پۆست
گەشەسەندنی بەهێزی هەلی کار لە ئەمریکا بەردەوامە سەرەڕای کەمکردنەوەی کارمەند لەلایەن بەشێک لە کۆمپانیاکانەوە
- ئابووریی ئەمریکا، لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ، 353000 هەلی کاری بۆ بازاڕەکانی رەخساندووە.
رۆژنامەکە نووسیەتى، وەک بوژانەوەیەکی بەهێزی شۆکهێنەر دەبینرێت لەو وڵاتەدا، سەرەڕای ئەوەی زیادبوونی سوودی بانکیی بەردەوام کاریگەریی لەسەر ئابووریی وڵاتەکە دروستدەکات. ئەم زیادبوونی هەلی کارە، دوو هێندەی پێشبینی شرۆڤەکارانە لە وڵاتەکەدا.
ژاپۆن تایمز
ساڵی تازە چەند رێککەوتنێکی بەرگریی خێرا و کارا بۆ وڵاتی ژاپۆن بەخۆیەوە دەبینێت
- تۆکیۆ ساڵی 2014 بەشێوەیەکی جیاواز دەستپێدەکات بەهۆی ئەوەی چەندین رێککەوتننامەی هەماهەنگیی ئەمنیی و بەرگریی واژۆکردووە لەکاتێکدا هیچ وڵاتێک هاوشێوەی نەبووە لەسەروبەندی دۆخی چڕی ژینگەی ئەمنیی جیهاندا، کە تا دێت ئاڵۆزتر دەبێت.
تەنها لە مانگی رابردوودا، وڵاتەکە چەند رێککەوتننامەی ئەمیی و بەرگریی لەگەڵ ئوستراڵیا، ئەڵمانیا، ئیمارات و ئەمریکادا کردووە. ئەمەش هاوبەشەکانی لە ئاسیای رۆژهەڵات و جیهانیشدا زیاتر کردووە.
رۆژنامە فارسییەکان
قودس
ئێران 90%ـی زەعفەرانی جیهان بەرهەمدەهێنێت، بەڵام وەبەرهێنانی لەم بەهاراتە بەنرخەدا نەکردووە
- ئێران کە 90%ـی زەعفەرانی جیهان بەرهەمدەهێنێت، بەڵام وڵاتەکە لە رووی ستراتیژییەوە وەبەرهێنانی لە هەناردەکردنی ئەم بەهاراتە بەنرخە نەکردووە.
رۆژنامەکە دەنووسێت، ئیسپانیا و چین و ئیمارات کە چاندنی زەعفەرانیان نییە، بەڵام شارەزان لە بەبازاڕکردنیدا و قازانجێکی بەرچاو دەکەن.
زەعفەران بەبێ ناوى ئێران و بە نرخێکی هەرزان دەنێردرێت بۆ ئەو وڵاتانە و دواتر بە ناوی ئەوان دەخرێتە بازاڕەوە، ئەمەش نرخێکی بەرز لە بازاڕەکانى جیهاندا بەدەستدەهێنێت، لە ئەنجامدا ئێران تەنها 5%ـی قازانجی بازاڕی زەعفەرانی جیهانی دەست دەکەوێت.
جمهوری ئیسلامی
ئاماژەى ئەرێنى هەیە لەبارەى کێڵگەى گازى “ئەلدرە” لەنێوان ئێران و کوەیتدا
- ناسر کەنعانی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە راگەیەنراوێکدا جەختی لەسەر دەرئەنجامى ئەرێنی کردەوە لەبارەى وتوێژەکانی ئەم دواییە لەگەڵ کوەیت سەبارەت بە کێڵگەی گازی ئەلدرە کە ئێران پێى دەڵێت (ئارەش).
رۆژنامەکە دەڵێت، لە دوای سەردانی ئەمیری کوەیت بۆ سعودییە، ئەو دوو وڵاتە لە راگەیەنراوێکى هاوبەشدا رایانگەیاند، کێڵگەی گرنگی گازی “ئەلدرە” هاوبەشە لە نێوان سعودیە و کوەیت و هیچ مافی لایەنێکی دیکەى پێوە نییە، بەڵام ئێران خۆی بە هاوبەشی ئەم کێڵگەیە دەزانێت و جەخت لە دانووستان دەکاتەوە بۆ چارەسەری ئەو بابەتە.
جیهانی سەنعەت
هەر تاکێک لە تاران 250 لیتر ئاو بەکاردەهێنێت کە 80 لیتر زیاترە بەراورد بە وڵاتانی پێشەکەوتوو
- سەرەڕای ئەوەی تاران چوارەمین ساڵی وشکەساڵی لەسەریەک بەخۆیەوە بینیوە، بەڵام بەکارهێنانی ئاو لە پارێزگاکەدا هێشتا زۆرە، زۆرینەی ماڵەکانی تاران مانگانە کەمتر لە یەک دۆلار بە پارەی ئاو دەدەن.
لە ئێستادا بەکارهێنانی ئاوی هەر تاکێک لە تاران 250 لیترە، کە 80 لیتر زیاترە لە وڵاتانی پێشەکەوتوو، ئەمەش ئاستەنگێکە لە نێوان کەمبوونەوەی یەدەگی بەنداوەکان و زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان.
شەرق
ئیتلاعات ناسنامەی ژمارەیەکی بەرچاو له سیخوڕەکانی مۆساد له 28 وڵاتدا ئاشکرادەکات
- وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران زانیاریی هەواڵگریی بێوێنەی لەڕێگەی ئۆپراسیۆنەکانی دژ به ئیسرائیل بەدەستهێنا. ئەو ئۆپراسیۆنانە بووە هۆی دەرکەوتنی داتای هەستیار لەسەر خزمەتگوزارییەکانی ئیسرائیل و دەیان سیخوڕی سەر بە ئیسرائیلی لە سەرتاسەری ئاسیا، ئەفریقیا و ئەوروپا ئاشکراکردووە. وەزارەتی ئیتلاعات داوای خۆ رادەستکردن لە ئەندامانی مۆساد لە ئێران دەکات بۆ ئەوەی یارمەتییان بدرێت.
رۆژنامە تورکییەکان
جمهوریەت
لە مانگێکدا 31 ژن کوژراون
- بەگوێرەی راپۆرتێکی تازەى پلاتفۆڕمی “کوشتنی ژنان دەوەستێنین” لە مانگی کانوونی دووەمى ئەمساڵدا لە تورکیا 31 ژن بەدەستی پیاو کوژراون. 21 ژن بەشێوەیەکی گوماناویی بەمردوویی دۆزراونەتەوە. تەنها دوێنێ سێ ژن لەلایەن پیاوەکانیانەوە کوژراون.
سۆزجو
سەرۆکی بانکی ناوەندیی تورکیا دەستی لەکارکێشایەوە
- حەفیزە گایێ، لە حوزەیرانی ساڵی رابردوو وەکو سەرۆکی بانکی ناوەندیی تورکیا دەستبەکاربوو، پاش هەشت مانگ لە تۆڕى کۆمەڵایەتی “ئێکس” دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لە پۆستەکەی راگەیاند.
لەبارەى هۆکاری دەستلەکارکێشانەوەکەشی ئاماژەی بەوە کردووە “بە ئامانج لە پێگەی کەسێتیم دراوە”.
فاتیح کەرەهان، جێگری سەرۆکی بانکی ناوەندی، لە شوێنى حەفیزە گایێ بە سەرۆکی تازەى بانکی ناوەندیی تورکیا دەستنیشانکرا.
تورکیا
دووەم کودەتا بەسەر “مۆساد”دا کرا
- لە مانگی 12ـی ساڵی رابردوو دەزگای هەواڵگریی تورکیا “میت” 68 سیخوڕی مۆسادی لە تورکیا دەستگیرکرد، دوێنێش لە ئۆپراسیۆنێکی دیکە “میت”دا حەوت سیخوڕی دیکەی مۆساد دەستگیرکرا.
رۆژنامەکە ئاماژەى بەوەشداوە، ئەم گروپە لەڕێگەی نوسینی تایبەتەوە تۆڕێکی هەواڵگرییان دروستکردووە، بەڵام میت رێگریی کردووە چالاکی و پیلانەکانى مۆساد لە پێش هەڵبژاردنى شارەوانییەکانى تورکیا جێبەجێ بکەن.
یەنی شەفەق
ئاگربەستێکی 35 رۆژی ئامادەیە
- سەرچاوەکانی نزیک لە حەماس رایانگەیاندووە، لەگەڵ ئیسرائیل رێککەوتوون لەسەر ئەوەی ئاگربەستێکی 35 رۆژیی رابگەیەنن.
بەگوێرەی زانیارییەکانی یەنی شەفەق 35 بارمتەی مەدەنی ئیسرائیلی لەدەستی حەماسدایە، حەماس بۆ ئازادکردنی هەر بارمتەیەک داوادەکات یەک رۆژ ئاگربەست رابگەیەنرێت و تەواوی 150 زیندانییە فەڵەستینییەکان لەلایەن ئیسرائیلەوە ئازاد بکرێن.