زووم:
نزیکەى مانگێکە، رۆژنامە و میدیاکانى تورکیا قسەوباس لەسەر کاندیدبوونى بەشاک دەمیرتاش، هاوژینى سەڵاحەدین دەمیرتاشى هاوسەرۆکى پێشووى هەدەپە دەکەن.
هەواڵى کاندیدبوونى بەشاک بۆ گەورەشارەوانى ئیستەنبوڵ لەسەر لیستى دەم پارتى بووەتە هەواڵى لاپەڕە یەکى زۆرێک لە رۆژنامەکانى ئەو وڵاتە.
رۆژنامەى حوڕییەت، لە هەواڵێکى لاپەڕە یەکى ئەمڕۆ هەینى ئاماژەى بەوەکردووە، رۆژى دووشەممە دەم پارتى بڕیارى خۆى لەسەر بەشاک دەمیرتاش دەدات.
رۆژنامەکە نوسیوێتى، ویستى خەڵک بۆ کاندیدکردنى بەشاک دەمیرتاش، کاریگەریی لەسەر بڕیارەکانى دەم پارتى دەبێت.
مانگى رابردوو، بەشاک دەمیرتاش رایگەیاند، خوازیارە بۆ سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبوڵ لەسەر لیستى دەم پارتى خۆى کاندید بکات.
بەشاک، وەک ژنێک، وەک کاندیدى دەم پارتى و وەکو هاوژینى دەمیرتاش بە کاندیدێکى کاریگەر دادەنرێت. ئەگەر کاندید بکرێت، ئەوا دەبێتە رکابەرى هەریەک لە موراد قوروم، کاندیدى ئاک پارتی و ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، کاندیدى جەهەپە و بوغرا کاڤونجو، کاندیدى ئیی پارتى لە ئیستەنبوڵ.
گوڵستان کڵیچ سەرۆکى فراکسیۆنى دەم پارتى رایگەیاند، ئەگەرێکى زۆرە بەشاک دەمیرتاش لەلایەنه پارتەکەمانەوە بۆ هەڵبژارنى شارەوانییەکان کاندید بکرێت.
ئەو گوتی، پێویست ناکات بەشاک بە نوسراو داواکارى پێشکەش بکات و وتەکانى لە میدکانەوە وەک داواکارییەکى فەرمى لەلامان وەرگیراوە.
بەگوێرەی راپرسییەکی ناوەندی لێکۆڵینەوەی HBS ، لە ئەگەری کاندیدکردنى بەشاک دەمیرتاش، چانسی بۆ بردنەوەى گەورەشارەوانى ئیستەنبوڵ نابێت، بەڵام کاریگەریی لەسەر دەنگەکانى موراد قوروم و ئەکرەم ئیمامئۆغڵو دروستدەکات. لە راپرسییەکەدا بەشاک دەمیرتاش 5.6٪ی دەنگەکانى ئیستەنبوڵ دەباتەوە و دەبێتە لایەنی یەکلاکەرەوە.
رەنگە بەردەوامى کۆبوونەوەکانى دەم پارتى و جەهەپەش لەسەر پرسى هەڵبژاردنى شارەوانییەکان، سوپرایزێکى چاوەڕواننەکراو بۆ کاندیدبوونى بەشاک دەمیرتاش بهێنێتەئاراوە.