زووم:
رۆژنامە عەرەبییەکان
قودسی عەرەبی
گەشبینی هەیە لەبارەی راگەیاندنی ئاگربەست لە غەزە و ئاڵوگۆڕکردنی بارمتەکان
رۆژنامەکە دەڵێت، ئەنجومەنی سەربازیی ئیسرائیل تاوتوێی ئاگربەستەکە دەکات و پێدەچێت ئاگربەستی ئەمجارە ماوەکەی درێژتر بێت.
هاوکات وەزیرى دەرەوەى قەتەر رایگەیاندووە، ئیسرائیل رازى بووە بە پێشنیازى ئاگربەست لە کەرتى غەزە و حەماسیش هەڵوێستى ئیجابى بووە.
ئەلعەرەب
لوبنان پێشنیازێکی ئیسرائیل سەبارەت بە کشانەوەی حزبوڵا بۆ ناوچەکانی باکوری ئەو وڵاتە رەتدەکاتەوە
عەبدوڵا بوحەبیب وەزیری دەرەوەی لوبنان رایگەیاند، وڵاتەکەی پێشنیازێکی لوبنانی رەتیکردووەتەوە سەبارەت بە کشانەوەی حزبوڵا بۆ ناوچەکانی باکوری ئەو وڵاتە.
وەزیری دەرەوەی لوبنان هۆکاری رەتکردنەوەی ئەو پێشنیازەی گەراندووەتەوە بۆئەوەی “چارەسەرێکی ریشەییمان دەوێت، کە ئەویش دیاریکردنی سنورە لەنێوانمان ئێمە و ئیسرائیل، کە لەساڵی 1923 دیاریکراوە، لە رێکەوتنەکاندا جەختی لەسەرکراوەتەوە”.
جەریدەی کوەیتی
سوپای پاسداران لە سوریا نەکشاوەتەوە، بەڵکو خۆی رێکخستووەتەوە لەرووی بەرگرییەوە
رۆژنامەکە نوسیویەتی لەکاتێکدا ناوچەکە چاودێری کاردانەوەی ئەمریکا دەکات لەبارەی هێرشەکەی ئوردون کە کوژرانی سێ سەربازی ئەمریکی لێکەوتەوە، ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لەچەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە ئاشکرایکرد کە سوپای پاسداران گەورە ئەفسەرانی خۆی لە سوریا کشاندووەتەوە، بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل لەو وڵاتە، بەڵام سەرچاوەیەک لە “فەیلەقی قودسی” سەربە پاسداران، بۆ جەریدەی کوەیتی دوپاتیکردەوە ئەوەی ئێران ئەنجامیداوە رێوشوێنی بەرگریکردنە، نەک کشانەوە، هیچ پلانێک لەئارادانییە بۆ کشانەوە لە سوریا.
شەرقولئەوسەت
بەڕێوەبەری “سی ئای ئەی” دەڵێت، کێبڕکێی چین لە پێشینەی کارەکانی ئەمریکادایە
ولیلم بێرنز، بەڕێوبەری ئاژانسی هەواڵگریی ناوەندی ئەمریکی رایگەیاند، کێبڕکێکردن لە بەرامبەر چین پێشینەی کارەکانی ئەمریکایە.
راشیگەیاندووە، چین بە کێبڕکێکاری یەکەمی ئەمریکا دەمێنێتەوە کە نیازی ئەوەی هەیە دووبارە سیستمی نێودەڵەتی و هێزی ئابوری و دیپلۆماتی و سەربازی و تەکنەلۆژیای خۆی رێکبخاتەوە.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
گاردیەن
ئیسرائیل هەڵمەتە سەربازییەکانی لە رەفح چڕدەکاتەوە
رۆژنامەکە لەزاری یۆڤ گالانت وەزیری بەرگریی ئیسرائیلەوە رایگەیاندووە، لەمەودوا ئیسرائیل پرۆسە سەربازییەکانی لە شارۆچکەی رەفحی فەڵەستینی چردەکاتەوە، ئەوەش لەکاتێکدایە کە زیاتر لە ملیۆنێک هاووڵاتی مەدەنی لەشارۆچکەکەدا دەژین.
رۆژنامەکە راشیگەیاندووە، دەیڤید کامێرون وەزیری دەرەوەی بەریتانیا ئاشکرایکردووە، بەریتانیا دانبە دەوڵەتی فەلەستینیدا دەنێت، لەدوای جەنگی غەزە، لەچوارچێوەی دانووستانەکانی نێوان ئیسرائیل و فەلەسەتینەکاندا .
ئۆرشەلیم پۆست
بەلجیکا باڵیۆزی ئیسرائیلی بانگهێشتکردووە و ناڕەزایی وڵاتەکەی پێڕاگەیاندووە
بانگێشتکردنەکە لەبارەی هێرشێکی ئاسمانی ئیسرائیل بوو لە شەوی رابردوو بۆ سەر ئاژانسێکی مرۆیی ئەو وڵاتە لە کەرتی غەزە کە بەهۆی هێرشەکەوە بیناکە بەتەواوی خاپوربووە، بەڵام زیانی گیانی لێنەکەوتووەتەوە.
کریستیان ساینس مۆنیتەر
بارودۆخی خەڵکی غەزە بەهۆی راگرتنی پشتیوانییە داراییەکان بۆ رێکخراوی ئۆنروا خراپتربووە
هەڵپەساردنى هاوکارییەکان بۆ رێکخراوی ئۆنراوا دەرئەنجامی کارەساتباری لەسەر ژیانی 2.2 ملیۆن کەس لە غەزە دەبێت کە توانای دابینکردنی خۆراک و دەرمان و پیداویستیەکانی سەرەتاییەکانی دیکەیان نییە .
عەرەب نیوز
بایدن رووبەڕووی ناڕەزایەتی و توڕەیی عەرەبە موسڵمانەکانى ویلایەتى مشیگەن دەبێتەوە
جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا بەمەبەستی بانگەشەکردن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەو وڵاتە سەردانی ویلایەتی مشیگەن دەکات، بەڵام رووبەرووی نارەزایەتی و توڕەیی عەرەبە موسڵمانەکان بووەتەوە بەهۆی سیاسەتەکانی ناوبراو لەبەرژەوەندی ئیسرائیل و بەرزبوونەوەی قوربانیەکان لە کەرتی غەزە.
رۆژنامە دەڵێت، پێشبینی دەکرێت لە هەڵبژاردنەکاندا بایدن و دیموکراتەکان بەتەواوی پشتیوانیانی عەرەبە موسڵمانەکانی ئەو ویلایەتە لەدەستبدەن.
رۆژنامە تورکییەکان
حوڕییەت
دیدارەکانى دەم پارتى و جەهەپە بەردەوامە
وابڕیارە رۆژى دوو شەممە، دەم پارتى بڕیارى خۆى لەسەر بەشاک دەمیرتاش بدات، دەم پارتى دوا بڕیارى خۆى لەسەر کاندیدەکانى بۆ ئەنقەرە، ئیستەنبوڵ و شارەگەورەکانى رۆژئاواى تورکیا دەدات.
ویستى خەڵک بۆ کاندیدکردنى بەشاک دەمیرتاش، کاریگەریی لەسەر بڕیارەکانى دەم پارتى دەبێت. هاوکات دیدارەکانى نێوان دەم پارتى و جەهەپە لەسەر رێککەوتنی هەڵبژاردن لە ناوچەکانى رۆژئاواى تورکیا درێژەى هەیە.
سۆزجو
کرێى خانوو لە تورکیا فڕیوە
بەهۆکارى خراپ بەڕێوەبردنى سیاسەتى ئابوورى، کرێ خانوو و کرێى خزمەتگوزاریی مانگانە فڕیوە. بۆ نمونە لە ناوچەى بێشکتاش-ى ئیستەنبوڵ، بەشێوەیەکى گشتیى کرێى خزمەتگوزاریی بۆ مانگێک 5635 لیرەیە کە دەکاتە 180 دۆلارى ئەمرکی. لەکاتێکدا لە سێ، چوار ساڵ پێش ئێستا، نرخى کرێى خانوو بەو بڕە بووە.
میللیەت
زۆرترین ئۆپراسیۆن بۆ سەر داعش لە ئیستەنبوڵ ئەنجامدراوە
لەماوەى 13 مانگدا لەسەرتاسەرى تورکیا، 1600 ئۆپەراسیۆن بۆ سەر دەستگیرکردنى ئەندامانى داعش لە پارێزگاکانى تورکیا ئەنجامدراوە. نیوەى ئەو ئۆپەراسیۆنانەش لە ئیستەنبوڵ ئەنجامدراوە. لەوانەى دەستگیرکراون بەرپرسى دارایی و ئەو کەسانە بوون کە پسپۆڕبون لە دروستکردنى بۆمدا، نزیکەى سێ هەزار لە پسپۆڕ و ئەندامى داعش دەستگیرکراون. نیوەى ئەو رێژەیەش لە ئیستەنبوڵ دەستگیرکراون.
ئەڤرەنسەل
ناڕەزاییەکان لەدژى لێسەندنەوەى پارێزبەندى لە جان ئەتەڵاى فراوانتر دەبێت
پارێزەران لە بەردەم دادگاى ئیستەنبوڵ و ئەنقەرە گردبوونەوە، وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە بڕیارەکەى پەرلەمان بۆ لێسەندنەوەى پارێزبەندى لە جان ئەتەڵای، پەرلەمانتارى پارتى کرێکارى تورکیا. پارێزەران دەڵێن شوێنى ئەتەڵاى گرتوخانەى سلیڤریی نییە، پەرلەمانە.