زووم:
دوای جەنگی حەماس – ئیسرائیل، حوسییەکان بوونەتە هەڕەشە بۆ سەر هاتوچۆ بازرگانییە نێودەوڵەتییەکانى دەریای سوور و کەشتییە سەربازییەکان، بەڵام ئەمجارەیان پێدەچێت خۆیان بۆ جەنگێکی تازە ئامادەبکەن، جەنگی ئەلیکترۆنی و بەئامانجگرتنی کێبڵەکانی ئینتەرنێت لەژێر دەریا و زەریاکان.
کۆڕبەندی نێودەوڵەتیی کەنداو لە راپۆرتێکیدا هۆشداری ئەوە دەدات، رەنگە کێبڵەکانی ژێردەریا ببنە ئامانجێکی نوێ بۆ هێرشەکانی حوسییەکان لە دەریای سوور، ئەمەش ئاماژەیە بۆ هەڕەشەیەکی مەترسیدار و دەکرێت پەیوەندییە جیهانییەکان و ئاڵوگۆڕی ئابووریی تێکبدات کە پشت بەم ژێرخانە گرنگە دەبەستن.
راپۆرتەکە ئاماژە بۆ ئەوەدەکات، کێبڵی ئینتەرنێتى نێودەوڵەتی لە دەریای سوور و دەریای ناوەڕاست و کەنداوی عەدەن هەیە و هەموو ناوچەکانی جیهان پێکەوەدەبەستێتەوە، یەمەنیش لە شوێنێکی ستراتیژیی نزیک ئەو پێکەوەبەستنە ئەلیکترۆنییەدایە.
ناوەڕاستى کانونى یەکەمی ساڵی رابردوو، کەناڵێکی تیلیگرامی سەر بە حوسییەکان راپۆرتێکی بڵاوکردەوە، نەخشەی کێبڵی ژێردەریایی لە دەریای ناوەڕاست و دەریای سوور و کەنداوی عەدەنی نیشاندا، بێ ئەوەی لە راپۆرتەکەدا هیچ هەڕەشە و ئامانجێک دیاریبکەن.
لە ئەپی تێلێگرامدا، حزبوڵای لوبنان و گروپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران لە عێراق بەیاننامەی خۆیان بڵاوکردەوە و ئاماژەیان بەوە کرد بیر لە بڕینی کێبڵەکان دەکەنەوە، هەنگاوێک، دەکرێت ململانێ و گرژییەکان بخاتە قۆناغێکی دیکەوە.
ئەگەرێکی لەو شێوەیە جێگەی نیگەرانییەکی تایبەتە بۆ زلهێزەکانی وەک ئەمریکا و چین، کە لە ئێستاوە کێبڕکێ دەکەن بۆ کۆنترۆڵکردنی کێبڵ و تۆڕەکانی ژێر دەریا.
کێبڵەکان بە یەکێک لە گرنگترین ژێرخانەکانی دیجیتاڵیی جیهان ئەژماردەکرێن، لەڕیگەیەوە زیاتر لە 95%ی ئاڵوگۆڕی داتا و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان ئەنجامدەدرێن، رۆژانە بە بڕی 10 تریلیۆن دۆلار مامەڵەی دارایی راییدەکات.
بەگوێرەی راپۆرتەکەی کۆڕبەندی نێودەوڵەتیی کەنداو، هەندێک هۆکار وایانکردووە تائێستا کێبڵە ژێردەریاییەکانی ئینتەرنێت بە سەلامەتی بمێننەوە، دیارترینیان لاوازیى لۆجیستى و تەکنەلۆژیی حوسییەکانە بۆ دەستگەیشتن بەو کێبڵانە.