زووم:
لەکاتێکدا حکومەتى هەرێمى کوردستان و حکومەتى عێراق دەڵێن، هەوڵەکانیان چڕکردووەتەوە تاوەکو چارەسەرێکى هەمیشەیی بۆ کێشەى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێم بدۆزنەوە، بەڵام رۆژنامەى سەباحى نیمچە فەرمى لەزارى پەرلەمانتارانى عێراقەوە حکومەتى هەرێم تۆمەتباردەکات کە پابەندى بڕگەکانی یاساى بودجە نەبووە و نزیکەی 50% ژمارە و داتاى فەرمانبەرانى هەرێم وەھمی و ساختەن.
ئەحمەد خەفاجی کە ئەندامى لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراقە، بە رۆژنامەى سەباحى گوتووە، پێویستە حکومەتی ھەرێمی کوردستان داھاتەکانی رادەست بکات و ھەژماری بانکی بکاتەوە، لەڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆشەوە نەوت ھەناردە بکات.
خەفاجی دەڵێت، ھەرکاتێک حکومەتی ھەرێمی کوردستان پابەندی جێبەجێکردنی ئەو مەرجانە بوو، ئەوکات بەدڵنیاییەوە ماف و شایستە داراییەکانی خۆی لە بوجەی عیراق وەردەگرێت.
بەڵام دەرکەوتووە ژمارە و داتاکانی فەرمانبەرانى هەرێم راستەقینە نین و نزیکەی 50% یان وەھمی و ساختەن
ئەو پەرلەمانتارە رەخنە لەوەش دەگرێت، پێدانی قەرز لە حکومەتی فیدراڵەوە بە حکومەتی ھەرێم، ناچاریی بووە و ھۆکارەکەش پێشێلکردن و جێبەجێنەکردنی بڕگەکانی بودجە بووە لەلایەن ھەرێمی کوردستانەوە.
دەشڵێت، پاش سەردانى وەزیرى دارایی هەرێم بۆ بەغداد و کۆبوونەوەى لەگەڵ وەزیرى دارایی عێراق، رێککەوتوون حکومەتى هەرێم داتا و زانیاریی تەواو لەبارەى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێم رادەستى بەغداد بکات، بەڵام دەرکەوتووە ژمارە و داتاکانی فەرمانبەرانى هەرێم راستەقینە نین و نزیکەی 50% یان وەھمی و ساختەن.
لە بەرامبەردا مەحما خەلیل ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە فراکسیۆنی پارتی بە رۆژنامەکەى راگەیاندووە، پێشێلکردنی مافەڕەواکانی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان، لەلایەن حزب و لایەنە سیاسییەکانی بەغدادەوە روون و ئاشکرایە و لەسەر بنەمای جیاکاریی و مەزھەبی و نەتەوەییە.
یاریپێکردنی ژمارەکان لەلایەن ئەندامانی لیژنەی داراییەوە، شکستی ئیدارە و حوکمڕانیی عێراق دەردەخات
پەرلەمانتارەکەى پارتى دەڵێت، یاریپێکردنی ژمارەکان لەلایەن ئەندامانی لیژنەی داراییەوە، شکستی ئیدارە و حوکمڕانیی عێراق دەردەخات، چونکە بە ژمارە بەشە بوجەکەی ھەرێمی کوردستان بە ١٢.٦٩ دیاریکراوە، نە یاساییە و نە رێگەپێدراویشە سزا بەسەر ھیچ پێکھاتەیەکی عێراقدا بسەپێندرێت.
رۆژنامەى سەباح لە راپۆرتەکەیدا لەبارەى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێم قسەى لەگەڵ جەواد یەساری کردووە کە پەرلەمانتارێکی دیکەی عێراقە، ئەو دەڵێت، مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان ستەملێکراون، پێویستە حکومەتی عێراقی وەک پارێزگاکانی دیکەی عێراق ماف و شایستەکانیان بدات.
یەساری جەختدەکاتەوە کە پێویستە مووچە و شایستەى فەرمانبەرانى هەرێم لە ململانێ سیاسییەکان دووربخرێتەوە و نەکرێنە قوربانی.