زووم:
ئەمڕۆ دادگاى پاکستان عیمران خان، سەرۆکوەزیرانی پیشووی پاکستانى و بوشرا بیبی هاوسەری بە 14 ساڵ زیندانی سزادا، ئەوان بە گەندەڵی و فرۆشتنی نایاسایی دیاری گرانبەهاى دەوڵەت تۆمەتبارکراون.
دوێنێش دادگاى پاکستان سزای 10 ساڵ زیندانى بەسەر عیمران خان و شا مەحمود قورەیشی، وەزیری پێشووی دەرەوەی وڵاتەکەدا سەپاند، بەتۆمەتی دزەپێکردنی بەڵگەنامەی نهێنی دەوڵەت.
گوتەبێژی پارتی تەحریک ئینسافی پاکستانی، کە عیمران خان سەرۆکایەتی دەکات رایگەیاند، “ئەمڕۆ رۆژێکی دیکەی غەمگینە لە سیستمی دادوەریمان.”
سەلمان سافدار، پارێزەری عیمران خان بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند، “سزاکە بەسەر عیمران و هاوسەرەکەیدا سەپێنراوە، بەڵام تائێستا هاوسەرەکەی دەستگیرنەکراوە”.
بڕیارە رۆژی پێنجشەممەی داهاتوو هەڵبژاردنی نیشتمانی پاکستان بەڕێوەبچێت، 127 ملیۆن پاکستانی مافی دەنگدانیان هەیە، مشتومڕ لەسەر بەشداری عیمران خان و پارتی بزووتنەوەی تەحریک ئینسافی پاکستانی PIT لە هەڵبژاردنەکە هەیە سەرباری دوورخستنەوەیان.
بەگوێرەى ئاژانسی فرانس پرێس، لە ساڵی 2022ـەوە عیمران خان چەندین تۆمەتی خراوەتەپاڵ، خۆی پێیوایە ئەم تۆمەتانە بۆ ئەوەن کە جارێکی دیکە نەگەڕێتەوە بۆ دەسەڵات.
کاتێک بۆ یەکەمجار لە مانگی ئایاری 2023 عیمران خان دەستگیرکرا، پشێوی و ئاژاوەگێڕی لە سەرانسەری پاکستان هاتەئاراوە.
لە هەڵمەتێکی “سەرکوتکردن”ـی سەربازیدا هەزاران لایەنگری عیمران خان دەستگیرکران، 100 کەسیان رووبەڕووی دادگاى سەربازی داخراو کرانەوە و دەیان سەرکردەی گەورەی حزبەکەی ناچارکراون لەژێر زەویدا کاربکەن.
رۆژی سێشەممە عیمران خان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بە هاووڵاتییانی پاکستانی راگەیاند، “پێویستە 8ـى شوبات لە رێگەی دەنگتانەوە تۆڵەی هەموو ئەم ستەمانە بکەنەوە”.