زووم؛
تونێلەکانى حەماس گرێکوێرەى بەردەم سوپاى ئیسرائیل لە غەزە، پێشتر ھێرشی ئاسمانی، ھێرشی زەمینی و تەقاندنەوە بۆلەناوبردنیان تاقیکراوەتەوە، بەڵام وەکو رۆژنامەى وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی دەڵێت، ھێشتا لەسەدا ٨٠ی تونێلەکان ماون و زیانیان پێنەگەیشتووە.
ئاوکردنە نێو تونێلەکان، یەکێکى دیکەبوو لەو بژاردانەى پێشتر لێرەولەوێ باسى لێوەدەکرا، بەڵام ئێستا سوپاى ئیسرائیل بە فەرمى پشتڕاستى دەکاتەوە کە دەستیان بە جێبەجێکردنى پلانەکە کردووە و ماوەى چەند هەفتەیەکە ئاوى دەریا رەوانەى تونێلەکانى حەماس دەکەن.
سوپاى ئیسرائیل دەڵێت، بەر لە دەستپێکردنی پرۆسەکە، ھەڵسەنگاندنی وردیان کردووە، ھەر لە جۆری خاکەکەوە تا مەترسیی پیسبوونی ئاوی ژێرزەویی ناوچەکە، کە سەرچاوەى ئاوی خواردنەوەیە بۆ دانیشتووانی غەزە.
لەبارەی شاردنەوەی بارمتەکانیش لەنێو تونێلەکاندا، سوپای ئیسرائیل رایگەیاندووە، ئاو رەوانەی ھەر تونێلێک بکەن پێشتر لەڕێگەی زانیارییە ھەواڵگرییەکانیانەوە لەبارەی شوێنی بارمتەکان، ئەوە یەکلادەکەنەوە کە ھیچ زیانێکیان پێ نەگات.
بەگوێرەى بەدواداچوونەکانى رۆژنامەى نیویۆرک تایمزی ئەمریکی، حەماس تۆڕێکى فراوانی تونێلى لە غەزە دروستکردووە کە نزیکەی 570 بۆ 650 کیلۆمەتر درێژن و بەچەندین ئاراستەی جیاواز دروستکراون.
رۆژنامەکە دەڵێت، لە دروستکردنی تونێلەکانى غەزەدا زیاتر لە شەش هەزار تۆن کۆنکرێت و هەزار و 800 تۆن ئاسن بەکارھاتووە کە تێچووی پرۆژەکە ملیۆنان دۆلارە.
لە سەرەتای ئەم ھەفتەیە رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی ئاشکرایکرد، دوای چوار مانگ لە شەڕ و بۆردومانی بەردەوام، ھێشتا لەسەدا 80ـى تونێلەکانی حەماس ماون و زیانیان پێنەگەیشتووە.