رۆژنامە عەرەبییەکان
سەباح
پەرلەمانتارانى عێراق داوای بە نیشتمانیکردنى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێم دەکەن
- چاوەڕواندەکرێت شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدادی پایتەخت بکات، بۆ دانوستان و پرسی چارەسەرکردنی هەمیشەیی دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، کە بە شێوەیەکى ناڕێکوپێک مووچەکانیان وەردەگرن.
محەمەد خەفاجى ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانى عێراق لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەى سەباح حکومەتی هەرێمی کوردستان تۆمەتباردەکات، بەوەى کە رەتیدەکاتەوە بڕگەکانی بودجەی فیدراڵی جێبەجێبکات، بۆ ئەوەى فەرمانبەران بێ گرفت مووچەکانیان وەربگرن.
خەفاجى دەڵێت، پێویستە هەرێم داهاتەكانی رادەستبكات و هەژمارى بانكی بكاتەوە و نەوت لەڕێگەى كۆمپاینای سۆمۆوە هەناردەبكات، هەركات هەرێم ئەو داوایانەی جێبەجێكرد مافی خۆی لە بودجە وەردەگرێت.
ئەو ئەندامەى لیژنەى یاسایی پەرلەمانى عێراق دەڵێت، ژمارەى فەرمانبەرانى هەرێم و زانیارییەکانیان ناڕاستە و نزیکەى لەسەدا 50ـى وەهمییە.
شەرقولئەوسەت
بایدن بڕیاریداوە وەڵامی هێرشەکان بداتەوە.. “چەکی ئێرانى لە هێرشەکەى ئوردن بەکارهاتووە”
- جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا پشتڕاستی کردەوە کە بڕیاری وەڵامدانەوەی ئەو هێرشەی داوە کە یەکشەممەی رابردوو بنکەیەکی سەربازیی ئەمریکای لە ئوردن کردە ئامانج، ئێرانیشی بە بەرپرس زانی لە دابینکردنی چەک بۆ ئەنجامدەرانی ئەو هێرشە، جەختی لەوەشکردووەتەوە کە خۆی وڵاتەکەى نایانەوێت جەنگ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەکەدا دا فراوانتربێت.
لەگەڵ جێهێشتنی کۆشکی سپی بۆ گەشتێکی هەڵبژاردن لە ويلایەتى فلۆریدا، بایدن رایگەیاند کە بڕیاری خۆی بۆ وەڵامدانەوەی ئەو هێرشە داوە، کە لەلایەن فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانەوە ئەنجامدراوە.
عەرەبى جەدید
پاکستان: سەپاندنى سزایەکى نوێی بەندکردنی عیمران خان، لەسەروبەندی هەڵبژاردنەکاندا
- دوێنی سێشەممە، دادگای پاکستان، سزای 10 ساڵ زیندانى بەسەر عیمران خانی سەرۆکوەزیرانى پێشووى ئەو وڵاتەدا سەپاند، بە تۆمەتى دزەپێکردنى بەڵگەنامەکانى ئەو وڵاتە.
عمران خان کە لە مانگى ئابی ساڵی رابردووە لە گرتووخانەى “ئەدیالا” بەندکراوە، دەیان دۆسییەى دیکەى دادگای هەیە و بۆی نییە تاکو پینج ساڵی دیکە خۆی بۆ هیچ کام لە هەڵبژاردنەکانى ئەو وڵاتە بپاڵێوێت، کە بڕیارە 8ی مانگى دووی ئەمساڵ، هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەى ئەو وڵاتە بەڕێوەبچێت.
ئەلجەریدە
واشنتن و تاران لەسەر وەڵامدانەوەى سەربازیی پەیام ئاڵوگۆڕدەکەن
- جۆ بایدن، سەرۆکى ئەمریکا، دوێنی سێشەممە رایگەیاند، یەکێک لەو بژاردانەى دیاریکردووە کە پلاندانەرە ستراتیژییەکان خستوویانەتە بەردەستى، لە بەکارهێنانى هێزی سەربازی، وەک وەڵامێک بۆ ئەو هێرشانەى کرانە سەر تاوەری 22 لە ئوردون بۆ سەر هێزەکانى ئەمریکا.
رۆژنامەى جەریدە لە سەرچاوەیەکى تایبەتەوە زانیویەتى، پاش ئەنجامدانى هێرشەکەى ئوردون، هەریەکە واشنتن و تاران، پەیامیان ئاڵوگۆڕ کردووە و هیچکامێک لەوان ناخوازن بازنەى جەنگ لە ناوچەکەدا فراوان و مەترسیدارتربێت.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
دەیلی تەلەگراف
هێزی دەریایی بەریتانیا ئامادەیە کەشتییەکی فڕۆکەهەڵگر رەوانەی دەریای سوور بکات
- بەریتانیا خۆی ئامادەکردووە بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییەی لە بەرەنگاربوونەوەی هێرشی حوسییەکان بۆسەر کەشتییەکان درووستبووە. بۆ ئەو مەبەستەش هێزی دەریایی شاهانەی وڵاتەکە کەشتییەکی فڕۆکەهەڵگری ئامادەکردووە بۆ ئەوەی شوێنی کەشتییەکی فڕۆکەهەڵگری ئەمریکی بەناوی USS Dwight D. Eisenhower بگرێتەوە کە بەنیازە بگەڕێتەوە بۆ ئەمریکا. ئەمەش لەکاتێکدایە حوسییەکان بەڵێنی بەردەوامیی هێرشەکانیان داوە لە ناوچەیەک کە بە یەكێکی لە قەرەباڵغترین رێڕەوی بازرگانیی جیهان دادەنرێت.
تایمز
بەڕۆژووبوونی 24 کاتژمێریی لەوانەیە ببێتە هۆی کەمبوونەوەی مەترسیی توشبوون بە نەخۆشی زەهایمەر
- بەڕۆژووبوون بۆماوەی 24 کاتژمێر و بەشێوەیەکی رێک و پێک دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی مەترسیی تووشبوون بە چەندین نەخۆشی وەک شەکرە و زەهایمەر.
بەگوێرەی توێژینەوەیەکی زانکۆی کەیمبریجی بەریتانی، دوورکەوتنەوە لە خواردن بۆماوەی رۆژێکی تەواو دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی هەوکردنی زیانبەخش لە جەستەدا ئەمەش لەرێگەی خێراکردنی بەرهەمهێنانی ترشێکی چەووریی بەسوودەوە دەبێت.
بەڕۆژووبوون لە جیهاندا خەریکە دەبێتە دیاردەیەکی باو و خەڵکی بۆ کێش دابەزاندن، تەندروستی و تەنانەت بۆ وەچەخستنەوەش پەنای بۆ دەبەن.
واشنتن پۆست
رێککەوتنی بارمتەکانی غەزە لەسەر مێزی گفتوگۆکاندایە
- بەگوێرەی رێککەوتنێکی نێوان ئیسرائیل و حەماس، سەرجەم ئەوە بارمتە مەدەنییانەی لەلایەن حەماسەوە دەستگیرکراون لەماوەی شەش هەفتەدا ئازاد دەکرێن و لەو ماوەیەشدا شەڕ دەوەستێنرێت. ئەم رێککەوتننامەیەش لەلایەن ئەمریکا، قەتەر و میسرەوە پێشنیارکراوە و ئیسرائیل پێی رازیبووە، بەڵام لە ئێستادا حەماس تاوتوێی دەکات. هاوکات بەگوێرەی رێککەوتننامەکە، لەبەرامبەر ئەوەدا کۆمەڵێک زیندانیکراوی فەلەستین کە لە ئیسرائیل دەستبەسەرکراون، ئازاددەکرێن، بەشێوەیەک بۆ هەر ئازادکردنی هەر بارمتەیەک سێ زیندانیی فەلەستینی ئازاد دەکرێن.
ئۆرشەلیم پۆست
سوپای ئیسرائیل رەوانەکردنی ئاوی بۆ ناو تونێلەکانی غەزە پشتڕاستکردەوە
- سوپای ئیسرائیل رایگەیاند یەکێک لەو چەند ئامرازانەی کە لەبەر دەستیدایە بۆ لەناوبردنی تونێڵەکانی حەماس، پڕکردنیانە لە ئاو، هاوکات پەناشی بردووەتە بەر تەقاندنەوە، بەکارهێنانی رۆبۆت، هێرشی ئاسمانی و زەمینیش بۆ ئەو مەبەستە. بەڵام بەکارهێنانی ئاو چەند بەربەستێکی هەیە و ئەم رێگەیە بۆ هەموو تونێلەکان وەک چارەسەر نابینرێت، چونکە تونێڵەکان زۆر گەورەن و لەئاستێکی پێشکەوتوودا درووستکراون، بەشێوەیەک بە چەندین ئاڕاستەدا دەڕۆن و دەرگای تەقینەوە و ئامرازی وەهایان هەیە، کە کاریگەریی پركردنیان لە ئاو ناهێڵێت یان کەمدەکاتەوە.
رۆژنامە فارسییەکان
ئیعتماد
سێیەمین کۆبوونەوەی لیژنەی حەقدەستی کرێکاران بەڕێوەچوو
- ئیعتماد موحسین باقری، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای کار لە ئێران دەڵێت، تاوتوێی راپۆرتێکی رێکخراوی دەستەبەری کۆمەڵایەتییان کردووە، کە بەگوێرەى راپۆرتەکە 21%ی کرێکاران کەمترین مووچە وەردەگرن، لەکاتێکدا زیاتر لە 50%ی کرێکارانی ئاستی مووچەی مامناوەند وەردەگرن و نزیکەی 29% دیکە سێ بۆ حەوت حەوت هێندەی کەمترین مووچە وەردەگرن.
ئەو دەڵێت، پێکهاتەی ئێستای دانانی حەقدەست لە ئێران پێشکەوتنخوازانەیە، بەڵام لەگەڵ تێچووی ژیان و هەڵاوساندا گونجاو نییە و کاریگەری خراپ لەسەر بژێوی کرێکاران دادەنێت.
جمهوری ئیسلامی
وەزارەتی دەرەوەی ئێران رەتیدەکاتەوە ئێرانی بە هۆکاری ناسەقامگیری ناوچەکە بێت
- بەگوێرەى رۆژنامەکە ناسر کەنعانی، گوتەبێژى وەزارەتى دەرەوەى ئێران تۆمەتەکانی سکرتێرى گشتیی ناتۆ بە گاڵتەیەکی تاڵ ناو دەبات و باس لەوە دەکات کە کردەوە مێژووییەکانی ئەندامانی ناتۆ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەشدارن لە ناسەقامگیری ناوچەکە.
کەنعانی جەخت لە گرنگی پەیوەندییەکی ئاشتیانە و هاوبەش لەگەڵ دراوسێکان دەکاتەوە و دژایەتی دەستوەردانی سەربازی دەکات.
ئەو دەڵێت، بە گشتی سیاسەتی ئێران ئەوەیە دەسێوەردانی دەرەکی لە ناوچەکە نەمێنێت و بەوشێوەیە ناوچەکە ئاسایش و ئارامی بۆ بگەڕێتەوە.
شەهروەند
رێکخراوی گەشتیاری جیهانی باس لە گەشەی 42% دەکات لە هاتنی گەشتیارانی بیانی بۆ ئێران
- رێکخراوی گەشتیاری جیهانی رایگەیاند، لە ساڵی 2023 زیاتر لە پێنج میلیۆن گەشتیاری بیانی سەردانی ئێرانیان کردووە.
ئەو سەرچاوەیە ئاشکرای دەکات کە لە ساڵی 2022 دا سێ ملیۆن و 740 هەزار گەشتیاری بیانی هاتوونەتە ئێران و بەوشێوەیە دەردەکەوێت ساڵی رابردوو زیاتر لە ملیۆنێک گەشتیار زیادی کردووە، لەدوای کرۆنا ئەمە ئاستێکی زۆری گەشتیارە کە لە 2023 تۆمارکراوە.
قودس
رێکخراوی خۆراک و دەرمان دژی فرۆشتنی دەرمان بەشێوەی ئۆنلاینە
- سەید حەیدەر محەمەدی، بەرپرسی رێکخراوی خۆراک و دەرمان لەبارەى ماڵپەڕەکانى فرۆشتنی دەرمان رایگەیاند، ئێمە دژایەتی فرۆشتنی دەرمان بەشێوەی ئۆنلاین دەکەین و بەهیچ شێوەیەک رێگەی پێ نادەین، چونکە تەندروستیی خەڵک لە مەترسیدایە.
ئەو دەڵێت، وەک بەڵێنمان داوە لەماوەى مانگێکدا شێوازی دابینکردنی دەرمان لە رێگەی ئونلاینەوە رێکدەخەین و بە هاوکارى لەگەڵ شارەزایان ئەنجامەکە بۆ خەڵک ئاشکرا دەکەین.
رۆژنامە تورکییەکان
حوڕییەت
نهێنییەکانى هێرشى سەر کەنیسەکەى ئیستەنبوڵ ئاشکرادەکرێن
- ئۆتۆمبێلى هێرشکارەکانى کەنیسەى سەنتا ماریا لە ناوچەى بەیلیکدوزو دۆزرایەوە و ژمارەکەى لێکرابووەوە، دەمانچەکەشیان لە ناوچەى بەکرکۆى دۆزرایەوە، لێکۆڵینەوەکانى پۆلیس لە رووداوەکە بەردەوامە، هێرشکارەکان لە رێستۆرانتێک وەک شێفى سوشی کاریان کردووە تاوەکو رۆژى هێرشەکە.
سۆزجو
پەرلەمانتارێکى هودا پار سوکایەتى بە ئەتاتورک و دەوڵەتى کۆمارى تورکیا دەکات
- مووچە لە دەوڵەتى کۆمارى تورکیا وەردەگرێت، لە سایەى پارلەمان بە خۆڕایی چارەسەرى پزیشکی وەردەگرێت، هەڵگرى پاسپۆرتى دیبلۆماسیی دەوڵەتە، بە نرخى گونجاو ژەمەکانى خواردنى لە پارلەمان دەخوات، بێشەرمانە دەوڵەتى کۆماریى بە کودەتا ناودەبات.
سەرکان رەمانڵى هاوبەشى هاوپەیمانى کۆماریی و پارلەمانتارى هودا پار، سوکایەتى بە ئەتاتورک و کۆمارى تورکیا دەکات.
میللیەت
عیمران خان سزاى 10 ساڵ زیندانى بۆ بڕایەوە
- عیمران خان سەرۆکوەزیرانى پێشووى پاکستان، بە تۆمەتى بردنى بەڵگەى نهێنى دەوڵەت، دادگا بڕیارى 10 ساڵ زیندانى بەسەردا سەپاند. پێشتریش عیمران خان بە دۆسیەیەکى گەندەڵییەوە تێوەگلابوو دادگا سێ ساڵ زیندانى بەسەردا سەپاندبوو.
ئاکیت
باخچەلى: رێککەوتنەکانى ئۆپۆزسیۆن بێ بنەمایە
- دەولەت باخچەلى سەرۆکى مەهەپە بەتوندى وەڵامى بانگەوازەکەى ئۆزگور ئۆزاڵ-ى سەرۆکى جەهەپە دەداتەوە.
ئۆزگور ئۆزاڵ بانگەوازى بۆ پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان کرد بەمەبەستى رێککەوتنى سیاسیی بەناوى (رێککەوتنى تورکیا). باخچەلى دەڵێت: رێککەوتنەکانى پێشووترى ئۆپۆزسیۆن شکستى هێناوە، ئێستاش بەناوى تورکیاوە دەیانەوێ شتێک بکەن، بەڵام هەوڵەکانیان لەوبارەیوە بێ بنەمایە.