زووم:
لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعەکان کۆبوونەوە و جەختیان لە پێویستیی پەلەکردن لە پێکهێنانی حکومەتە خۆجێیەکان کردەوە.
شەوی دووشەممە سەرکردەکانی چوارچێوەکە لە نوسینگەی موحسین مەندەلاوی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بەوەکالەت کۆبوونەوە و بەگوێرەی راگەیەندراوی کۆتایی کۆبوونەوەکە، گفتوگۆیان لەبارەی دوایین پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەکانی عێراق کردووە.
سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی جەختیان لە پێویستیی پێکهێنانی حکومەتە خۆجێییەکان لە بەغداد و پارێزگاکانی دیکە کردەوە، بۆ گەرەنتیکردنی بەردەوامبوون لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە پێویستەکان بە هاووڵاتیان.
زیاتر لە 40 رۆژ بەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق تێپەڕیووە، لە چەند رۆژی رابردووشدا کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکەی پەسەند کرد، بەڵام بەگوێرەی زانیاریی میدیا عێراقییەکان، لە نێو هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگیدا ناکۆکی هەیە لەبارەی مانەوەی بەشێک لە پارێزگارەکان لە پۆستەکانیان، کە ئەوەش رێگرە لە پێکهێنانی حکومەتە خۆجێیەکان.