زووم:
لەدوای هێرشە درۆنییەکەی سەر بنکەیەکی هێزەکانی ئەمریکا لە ئوردن کە تیایدا سێ سەرباز کوژران و دەیانی دیکە برینداربوون، هەمووان چاوەڕێی وەڵامی ئەمریکا دەکەن کە پێشبینی دەکرێت لەوانەی پێشوو توندتر بێت چونکە ئەمجارە سەربازی ئەمریکای تێدا کوژرا.
ئیدارەی بایدن راستەوخۆ ئێرانی تۆمەتبارکرد بەوەی پشتیوانی لەو گروپانە دەکات کە هێرشەکەیان ئەنجامداوە، ئەگەرچی لە تازەترین هەڵوێستیدا کۆشکی سپی رایگەیاندووە کە نایانەوێت لەگەڵ ئێراندا بکەونە شەڕەوە، بەڵام ماڵپەڕی پۆڵیتیکۆی ئەمریکی لەزاری دوو سەرچاوەوە باس لەوە دەکات کە بایدن داوای لە راوێژکارەکانی کردووە چەند بژاردەیەکی بۆ وەڵامدانەوەی هێرشەکە بۆ ئامادە بکەن بەشێوەیەک رێگریی لە دووبارە بوونەوەیان بکات و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە قوڵتر نەکاتەوە.
جۆن کێربی، گوتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی ئەو وڵاتە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، “ئێمە خوازیاری شەڕێکی دیکە نین، نامانەوێت دۆخەکە ئاڵۆزتربێت. بەڵام بە دڵنیاییەوە ئەوەی پێویست بێت دەیکەین.” ئەمە یەکەم لێدوانی فەرمیی ئەمریکایە لەبارەی هێرشەکەوە، لەکاتێکدا پێشتر بایدن بەدەم رێگاوە بە رۆژنامەنووسانی راگەیاندبوو کە تۆڵە دەکەنەوە.
ئەو بەرپرسە ئەمریکییانە بە مەرجی ناونەهێنانیان بە پۆڵیتیکۆیان گوتووە، هێرشکردنە سەر بەرپرسانی سەربازیی ئێران لە عێراق و سوریا یەکێکە لە بژاردەکان، یەکێکی دیکە لە بژاردەکان هێرشکردنەسەر کەشتییەکی هێزی دەریایی ئێران بێت لە ئاوەکانی کەنداودا، بەڵام ئێران پێشتر هۆشداریی داوە لەوەی هێرشی راستەوخۆ بۆسەر وڵاتەکەی هێڵی سوورە.
ئەو بەرپرسانە ئاشکراشیان کردووە کە وەڵامدانەوەکان بۆسەر گروپە چەکدارییەکانی نزیک لە ئێران بە یەکجار نابێت وەک ئەوانی پێشوو، بەڵکو بە چەند قۆناغێک بەردەوام دەبێت.
سەبارەت بە کاتی ئەنجامدانی هێرشەکان، سەرچاوەکان باسیان لەوە کردووە، چاوەڕێی گڵۆپی سەوزی بایدنن بۆ ئەوەی لەماوەی دوو رۆژدا سەرجەم هێرشەکان ئەنجام بدەن.
هاوکات باسیان لەوەشکردووە، بایدن زۆر بە وریاییەوە وەڵامی هێرشەکان دەداتەوە، وەک چۆن لە وەڵامی 160 هێرشی حوسییەکاندا، تەنها وەڵامی لەسەدا 10ی هێرشەکانی داوەتەوە، هەموو ئەوەش لەپێناو ئەوەدایە وڵاتەکەی لە تێوەگلانی شەڕ لە ناوچەکەدا دوور بخاتەوە.
بەڵام ئەوەی کە نیگەرانی لای بەرپرسانی ئەمریکا دروستکردووە، وەک لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگری دەڵێت، ئاڵۆزبوونی دۆخەکەیە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کە لە ساڵی 1973ەوە دۆخی ئاوای بەخۆیەوە نەبینیوە.