زووم؛
ملیاردێری ئەمریکی ئیلۆن مەسک، چاندنی یەکەم چیپی ئەلیکترۆنیی بێوایەری لە مێشکی مرۆڤدا راگەیاند، بەهۆیەوە پرتە کارەباییەکانی مێشک بە ئامێرە تەکنەلۆژییەکانی وەک کۆمپیوتەر و مۆبایلەوە دەبەستێتەوە.
نەشتەرگەریی چاندنی چیپەکە کۆمپانیای “نورالینک”ی مەسک ئەنجامی دا و ئامانج لێی چارەسەرکرنی ئەو کێشانەیە کە رووبەڕووی کۆئەندامی دەماری مێشکی مرۆڤ بوونەتەوە.
لە ئەگەری سەرکەوتنی پرۆسەکەدا، لەڕێگەی تۆمارکردنی پرتە کارەباییەکانی مێشکی مرۆڤ و گواستنەوەی بۆ بەرنامەیەکی کۆمپوتەر یان مۆبایل، دەتوانرێت بیرکردنەوەی کەسەکە بۆ جووڵە بگوازرێتەوە بۆ ئامێرەکان.
مەسک ئامێرە نوێکەی ناوناوە “تێلێپاسی”، لەڕێگەیەوە دەتوانیت تەنها بە “بیرکردنەوە” کۆنترۆڵی مۆبایل یان کۆمپیتەرەکەت بکەیت، لەڕێگەی ئەوانیشەوە کۆنترۆڵی هەر ئامێرێکی دیکە بکەیت.
چیپەکە، لەسەر رووی دەرەوەی مێشک جێگیر دەکرێت و پرتە کارەباییەکان دەگوازێتەوە بۆ ئامێرە تەکنەلۆژییەکان، مەسک بڕیاریداوە یەکەمین سوودمەندانی خزمەتگوزارییە تەکنەلۆژییەکە ئەو کەسانە بن کە بەهۆی ئیفلیجی مێشکەوە ناتوانن دەست و قاچیان بجووڵێنن.
هەوڵی لەو شێوەیە نوێ نییە، چەند کۆمپانیایەکی دیکە لەساڵی 2004ــەوە دەستیان بە هەوڵی لەوشێوەیە کردووە، بەڵام پێشبینی دەکرێت ئەم هەنگاوەی مەسک بەرەوپێشچوونی باش لەو بوارەدا بەخۆیەوە ببینێت.
دانانی ئەو ئامێرە لە مێشکی مرۆڤدا دوای ئەوە دێت لە ئایاری ساڵی رابردوو بەڕێوەبەرایەتیی دەرمان و خۆراکی ئەمریکا مۆڵەتی چاندنی ئەو ئامێرەی لە مێشکی مرۆڤ دا بە مەسک، بڕیاریشە ئەمساڵ 11 کەس ئەو ئامێرەیان بۆ بچێنرێت.
چەند ساڵێکە چاندنی ئەو ئامێرە لەسەر مێشکی چەند ئاژەڵێک تاقیکراونەتەوە، لەوانە، بەراز، مەڕ و مەیمون، بەشێوەیەک لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا سەدان تاقیکردنەوە و نەشتەرگەریی هاوشێوە لەسەر ئەو ئاژەڵانە کراون.