رۆژنامە عەرەبییەکان
سەباح
چارەکێکی عێراقییەکان کرێچین
پۆلێنێکی نوێی جیهانی لەبارەی رێژەی خاوەندارێتیی خانووەکان دەریدەخات کە عێراق، لە کۆی 196 وڵات، لە پلەی 111مین دێت و %74ی هاووڵاتییەکانی خاوەنی خانووی خۆیانن، بەواتایەکی دیکە، %26 یان زیاتری خەڵکەکە لە خانووی کرێدا دەژین.
قودس عەرەبی
کوژرانی 54 کەس لە ناوچە کێشەلەسەرەکانی نێوان سودان و باشووری سودان
- بەگوێرەی راگەیەنراوی نەتەوەیەکگرتووەکان، لە رۆژانی شەممە و یەکشەممەی رابردوودا 54 کەس لە نێویاندا دوو چەکداری هێزەکانی ئاشتییپارێز لە ناوچە کێشە لەسەرەکانی نێوان سودان و باشووری سودان کوژران.
ناوچەی ئابیی بووەتە ناوچەی کێشەلەسەر لە نێوان ئەو دوو وڵاتە، هەر ئەوەش وایکرد لە ساڵی 2011 باشووری سودان سەربەخۆیی راگەیاند.
ئەلعەرەبی جەدید
تاران هەوڵی کپکردنەوەی کاریگەریی هێرشەکان دەدات
- سەردانەکەی رۆژی دووشەممەی حسێن ئەمیر عەبدوڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ پاکستان لە چوارچێوەی هەوڵەکانی تاراندایە بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی ئەو هێرشانەی لە پاکستان و عێراق ئەنجامیان دا، کە دوای دوو هەفتە لە هێرشەکان عەبدوڵاهیان و هاوتا پاکستانییەکەی رێککەوتن لەسەر بەهێزکردنی پەیوەندیی وڵاتەکانیان.
چاوەڕوانیش دەکرێت لەم نزیکانەدا بۆ هەمان مەبەست، عەلی ئەکبەر ئەحمەدیان، ئەمینداری گشتیی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران سەردانی عێراق بکات.
شەرقولئەوسەت
غەزە؛ ئاگربەست بۆ ماوەی 45 رۆژ و ئازادکردنی 35 بارمتە
- رێککەوتنێکی نوێ بۆ ئاڵوگۆڕیی بارمتەکان لە نێوان بزووتنەوەی حەماس و ئیسرائیل پێشنیاز دەکرێت، ئەوەش دوای دانوستانە نهێنییەکانی نێوان ئەمریکا و میسر و قەتەر و ئیسرائیل لە پاریس.
بەگوێرەی ئەو رێککەوتنەی پێشنیازکراوە، بۆ ماوەی 45 رۆژ ئاگربەست رابگەیەندرێت، هەروەها لە قۆناغی یەکەمدا 35 بارمتە ئازاد بکرێن.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
تایمز
لە هەر نۆ منداڵێک لە بەریتانیا، منداڵێک تووشی ماخۆلان هاتووە بەهۆی زۆربوونی کێشەکانی پەیوەست بە دەرووندرووستییەوە
- بەگوێرەی لێکۆڵینەوەیەک لە بەریتانیا، دەرکەوتووە لە هەر نۆ منداڵێک یەکێکیان تووشی ماخۆلان بوون، ئەم حاڵەتەش لەدوای پەتای کۆرۆناوە بەهۆی کێشەی دەرووندرووستییەوە رووی لە زیادبوون کردووە و منداڵان تووشی ناڕێکیی بوون لە رەفتارەکانیاندا کە بە حاڵەتی ماخۆلان (ADHD) ناسراوە، واتە فرەجوڵەیی و کەم تەرکیزیی. لە ئێستادا 1.6 ملیۆن منداڵ لەو وڵاتەدا تووشی حاڵەتەکە بوون و ئەم رێژەیەش دوو هێندە زیادیکردووە لەماوەی 10 ساڵی رابردووا.
فاینانشیەڵ تایمز
واشنتن بەدوای شەڕدا ناگەڕێت لەگەڵ ئێران دوای ئەوەی هێرشێکی کوشندە کرایەسەر سەربازانی ئەمریکا
- دوای هێرشەکەی سەر سەربازانی ئەمریکا لە ئوردن، واشنتن دەڵێت وڵاتەکە بەدوای شەڕدا ناگەڕێت لەگەڵ ئێراندا. پێشتر ئەمریکا تارانی تۆمەتبارکرد بە پشتیوانیکردنی ئەو گرووپە چەکدارییانەی لەرێگەی درۆنەوە هێرش دەکەنە سەر بنکەکانیان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. گوتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی ئەو وڵاتە رایگەیاند، چەند بژاردەیەکیان لە بەردەمدایە بۆ ئەوەی هێرش بکەنەسەر ئەوانەی کە بەرپرسن لە هێرشەکە.
واشنتن پۆست
سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئەمریکا بە هەڵە ئەو درۆنەی ناسیوەتەوە کە بەر بنکەکەی لە ئوردن کەوت و نەیزانیوە هێرشبەرە
- سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئەمریکا شکستی هێناوە لە دیاریکردن و رێگرییکردن لە هێرشە درۆنییەکەی کە بووە هۆی کوژرانی سێ سەربازی ئەمریکا و بریندارکردنی دەیانی دیکە لە ئوردن. لەگەڵ ئەوەشدا، بەڵێنەکەی ئیدارەی بایدن بۆ تۆڵەسەندنەوە، چەندین پرسیار لەبارەی تێوەگلانی ئەمریکا لە ئاڵۆزییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە دەهێنێتەکایەوە، شتێک کە ئەمریکا ویستوویەتی خۆی لێ بپارێزێت. هاوکات نیگەرانی ئەوەش هەیە ئایا هێزەکانی ئەمریکا ئامادەییان تێدایە بەرپەرچی ئەو هێرشانە بدەنەوە کە دەکرێتە سەریان.
ئۆرشەلیم پۆست
سەرۆکوەزیرانی قەتەر ئاماژە بە بوونی رێککەوتنێکی قۆناغبەند بۆ ئازادکردنی بارمتەکان دەکات
- محمەد بن عەبدولڕەحمان، سەرۆکوەزیرانی قەتەر ئاماژەی بە رێککەوتنێک کردووە کە بە چەند قۆناغێک و یەکەمجار ژن و منداڵە بارمتەکانی لای حەماس ئازاد دەکرێن. هاوکات حەماسیش لەو بڕیارەی کشاوەتەوە کە داوای راگەیاندنی ئاگربەستێکی هەمیشەیی بکات لە غەزەدا. ئەو دەشڵێت، لە ئێستادا بەراورد بە چەند هەفتەیەکی دیکە لە دۆخێکی باشترداین. ئەم گوتانەی سەرۆکوەزیرانی قەتەر دوای ئەوە دێت کە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەمریکا، میسر و ئیسرائیلدا لە پاریسی پایتەختی فەڕەنسا کۆبوونەوە.
رۆژنامە تورکییەکان
میللیەت
دەرهێنانى گازى سروشتى لە دەریاى رەش دەستپێدەکات
- ئەڵپئەسڵان بایرەکتار، وەزیرى وزە و سامانە سروشتییەکانى تورکیا دەربارەى دەرهێنانى گازى سروشتى رایگەیاند: تاوەکو ئێستا لە دەریاى رەش 23 چاڵیان بۆ دەرهێنانى گازى سروشتى هەڵکەندووە و دەشڵێت، لە ئایندەیەکى نزیکدا دەرهێنانى گازى سروشتى دەگاتە 2.7 ملیۆن مەتر سێ جا، ئەم رێژەیەش بەشێکى زۆرى گازی سروشتى تورکیا دابین دەکات.
حوڕییەت
لێکۆڵینەوە لە هێرشەکەى ئیستەنبوڵ بەردەوامە
- لە ئەنجامى لێکۆڵێنەوە لە هێرشە چەکدارییەکەی دوو ئەندامى داعش بۆ سەر کەنیسەیەکی ئیستەنبوڵ، دەرکەوت لەکاتى هێرشەکەدا، ویتۆڵد لێسنیاک کونسوڵى پۆڵۆنیا لەگەڵ خانەوادەکەى لە کەنیسەکەدا بوون.
ئەو دوو هێرشکارە بە ئۆتۆمبێلێکى جۆرى هۆنداى ژمارە پۆڵۆنیا هاتونەتە ئیستەنبوڵ.
یەنى شەفاق
فیدان بانگەوازى کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى دەکات
- هاکان فیدان وەزیرى دەرەوەى تورکیا رایگەیاند، پێویستە کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى بە زووترین کات رێگە چارەسەرێک بۆ کێشەى برسێتى و بێ دەرمانى بۆ دوو ملیۆن کەس لە غەزە بدۆزرێتەوە و رێگری بکرێت لە کۆمەڵکوژى مرۆڤایەتى لە غەزە
ئەڤرەنسەل
لە رۆژێکدا سێ ژن کوژرا و حاڵەتەکانی لە تورکیا زیادیان کردووە
- کوشتنى ژن لە سەرتاسەرى تورکیا زیادیکردووە، لە یەک رۆژدا لە بورسە، دیلۆک و زۆنگوڵداک سێ ژن لەلایەن هاوسەرەکانیانەوە کوژراون.
ئەو سێ ژنە لە قۆناغى جیابوونەوەدا بوون لەگەڵ هاوسەرەکانیان، ئەو ژنەى لە دیلۆک کوژرا دوو براشى کرانە ئامانج.
ئەو ژنەى لە ئەنقەرە کوژرا لە 26ى مانگ دوێنى تاوانبارەکە دەستگیرکرا.