رەنگە تەرمی سەهەند ئەحمەدی ١٧ ساڵان لە گۆڕەکەی دەربهێنرێتەوە.
ئەمە قسەی کەسوکاری سەهەندە کە ئێوارەی دوێنێ شەممە لە روداوێکی تەمومژاویدا لە سلێمانی گیانی لەدەستدا.
وێنەی سەهەند ئەحمەد
گیانلەدەستدانی سەهەند، بە دوو چیرۆکی جیاواز دەگێردرێتەوە، شێوازی گێرانەوەی چیرۆکەکە لای کەسوکارەکەی جۆرێکە و لای پۆلیسیش جۆرێکی دیکە.
مستەفا حەمە ساڵح کە پورزای سەهەندە بە زوومی گوت، شاهیدحاڵی شوێنی روداوەکە بینیویانە کە، پێنج کارمەندی بنکەی پۆلیسی سەرچناری شاری سلێمانی ” سەهەندیان کەلەپچە کردوەو بە کلکە دەمانچە لێیان داوە و ئەوەش بووتە هۆکاری گیانلەدەستدانی”
کەسوکارەکەی گومانی زیاتریان لەسەر روداوەکە هەیەو دەڵێن ” تەرمەکەیان بینیوە و ئاسەواری کلکە دەمانچە و لێدان بە دوموچای سەهەندەوە بووە”
ئەوەی کەسوکارەکەی گەنجەکە چاوەڕوانی دەکەن راپۆرتی پەیمانگای پزیشکی دادی سلێمانیە، کە هێشتا ئەنجامەکەیان پێنەگەشتووە.
تەرمی سەهەند دەردەهێنینەوە و لە شوێنکی دیکە توێکاری بۆ بکەن
مستەفا حەمە ساڵح پورزای سەهەند
مستەفا حەمە ساڵح کە پورزای سەهەندە، بەنوێنەرایەتی کەسوکارەکەی بە زوومی گوت، ” گومانیان لە راپۆرتی پەیمانگای پزیشكی دادە و رەنگە خۆیان تەرمی سەهەند دەربهێنن و لە شوێنکی دیکە توێکاری بۆ بکەن”
ئەوەی گومانی زیاتری بۆ کەسوکاری سەهەند دروستکردوە بەگوتەی خۆیان ” نەبوونی کامێرای چاودێرییە لە شوێنی روداوەکە ”
کەسوکاری گەنجەکە دەڵێن، “پۆلیس پێی گوتوین کامێراکانی چاودێری ئەو شوێنە کارناکات کە سەهەند تێدا گیانیلەدەستداوە”
پۆلیس چیرۆکەکە بە جۆرێکی دیکە دەگێرێتەوە و لەوبارەیەوە سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، سەهەند ئەحمەد تۆمەتباربووە بە تەقەکردن و بە پێی ماددەی 405 بەندکراوە.
پۆلیسی سلێمانی دەڵێت، سەهەند لەو بەشەی دەرگای زیندانەکەوە هەڵهاتووە کە تایبەتە بە پێدانی نان و هاوکاری بە زیندانیان.
ئێمەش نازانین هۆکارى گیانلەدەستدانى ئەم کوڕە چییە
نەقیب، سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی
بەگوتەی پۆلیس، ماوەی دوو رۆژ سەهەند لە بنکەی پۆلیسی سەرچنار تەوقیفکراوە، بەڵام لە دووەم رۆژی مانەوەیدا هەڵاتووە و چەند کارمەندێکی پۆلیسیش بۆ دەستگیرکردنی دوای کەوتوون، لەکاتی هەڵهاتنەکەدا کەوتووە و ئازاری پێگەشتووە و بەوهۆیەوە دەستگیرکراوەتەوە و جارێکی دیکە براوەتەوە بۆ بنکەی پۆلیسی سەرچنار.
سەرکەوت ئەحمەد دەچێتە وەردەکاری زیاترەوەو باسی ئاگاداربوونی دادوەردەکات لە روداوەکە، کە بەگوتەی خۆی دادوەر ئاگادارکراوەتەوە لە هەڵهاتنەکەی سەهەند، بەڵام دوای گەڕانەوەی بۆ زیندانی سەرچنار، ناوبراو گیانیلەدەستداوە.
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێم داوایکردوە لێکۆڵینەوەی ورد لە روداوەکە بکرێت
پۆلیس باس لە ئاشکراکردنی هۆکاری گیانلەدەستدانەکە دەکات بۆ ئەو مەبەستەش لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە پێکهنراوە، تەنانەت قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێم پەیوەندی بە بەڕێوەبەری پۆلیسی سلێمانییەوە کردوە و داوایکردوە لێکۆڵینەوە لە روداوەکە بکرێت.
سەرکەوت ئەحمەد گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی، دەڵێت، ئێمەش نازانین هۆکارى گیانلەدەستدانى ئەم کوڕە چییە، نوسراومان بۆ پزیشکى داد کردووە بۆئەوەى بزانین ئایا لێى دراوە یاخود نا.
لەبەرامبەر قسەی کەسوکاری گەنجە کۆچکردوەکە کە پۆلیس تۆمەتباردەکەن بە هۆکاری گیانلەدەستدانی کورەکەیان، سەرکەوت ئەحمەد دەڵێت، با چاوەڕوانی لیژنەی لێکۆڵینەوە بکەین، خۆ پۆلیس بەرگری لە خەڵک دەکات، کەسوکارەکەی قسەیان لەگەڵ عەمید ئاسۆ شێخ تەها بەڕێوەبەری پۆلیسی سلێمانی کردوە و پەیمانی ئەوە بە کەسوکاری سەهەند دراوە کە هەرکەسێک کەمتەرخەمبێت لێپرسینەوەی لەگەڵ دەکرێت.
سەبارەت بە کارنەکردنى کامێراکانى شوێنى رووداوەکە، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی گوتى: ئەگەر کامێراکان کاریان نەکردبێت دەبێت هۆکارێک هەبێت، بەڵام وێڕاى ئەوەش لە دەرەوەى بنکەى پۆلیسی سەرچنار کامێرا هەیە و نابێت تەنها پشت بە کامێراى یەک شوێن ببەسترێت، دەشڵێت هەر یەکەم رۆژ تیمەکانى بەڵگەى تاوان چوونەتە شوێنى رووداوەکە و کارە پێویستییەکانى خۆیان ئەنجامداوە.
هەرکەسێک کەمتەرخەمبێت لێپرسینەوەی لەگەڵ دەکرێت
عەمید ئاسۆ شێخ تەها، بەڕێوەبەری پۆلیسی سلێمانی
ئەوەی بڕیاری کۆتایی لەسەر دۆسیەی سەهەند ئەحمەدی کۆچکردوو دەدات، راپۆرتی پەیمانگای پزیشکی دادە، کە هێشتا ئەنجامەکەی ئاشکرانەکراوە، بەڵام لەسەر دۆسییەکە نزیکەی پێنج کارمەندی پۆلیسی سەرچنار دەستگیرکراون و لیژنەیەکی لێکۆلێنەوەیش لەرووداوەکە پێکهێنراوە.
لاى خۆیەوە داواکارى گشتى هەرێمى کوردستان رایگەیاند، بەدواداچوونیان لەسەر ئەم دۆسییە دەستپێکردووە و سەرۆکى داواکارى گشتى، پەیوەندى بە بەرێوەبەرى گشتى پۆلیسى سلێمانییەوە کردووە و داواى پێکهێنانى لیژنەیەکى کردووە بەمەبەستى زانینی راستییەکان و هۆکاری گیانلەدەستدانی سەهەند، هاوکات داواى لە بەڕێوەبەری پزیشکی دادی سلێمانی کردووە کە وێنەیەک لە راپۆرتەکانى بۆ بنێرێت.
بەپێی ماددەی ١٠٨ لە بنەماكانی دادگای سزایی، ئەگەر تۆمەتبارێک لە دەست هێزە ئەمنییەکان هەڵات، هێزەکان ریگەپێدراون دوای تۆمەتبارەکە بکەون و دەستگیری بکەنەوە، بەڵام نابیت بەشێوەیەک مامەڵە لەگەڵ تۆمەتبارەکە بکرێت کە ببێتە هۆی گیانلەدەستدانی.