زووم:
وەزارەتى نەوتى عێراق رەتیدەکاتەوە، لەگەڵ حکومەتى هەرێمى کوردستان رێککەوتن، لەسەر تێچووى بەرهەمهێنانى نەوت لە هەرێمى کوردستان کرابێت.
لە دوو رۆژى رابردوودا دەنگۆی رێککەوتنى حکومەتى فیدراڵى و حکومەتى هەرێمى کوردستان بڵاوکرایەوە، کە هەردوولا لەسەر تێچووى بەرهەمهێنانى نەوت رێکەوتبن.
زووم پەیوەندی بە عاسم جیهاد، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراقەوە کرد و لێی پرسی ئەو رێککەوتنەى باسی دەکرێت چۆنە و وردەکارییەکەى چییە؟ لە وەڵامدا گوتى، “شتێکى لەو شێوەیە لە ئارادا نییە و ئاگامان لێی نییە رێککەوتن کرابێت، هەر شتێک هەبێت خۆمان رایدەگەیەنین”.
لە رۆژى 25ـى ئازارى 2023ـەوە هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان لە رێگەى بەندەرى جەیهانى تورکیاوە راگیراوە، ئەوەش دواى بڕیارى دادگاى ناوبژیوانى نێودەوڵەتى لە پاریس، کە دۆسیەى نێوان بەغداد و ئەنقەرەى یەکلایکردەوە و بڕیاریدا تورکیا پابەند بکرێت بە قەرەبووکردنەوەى عێراق بە بڕى ملیارێک و 400 ملیۆن دۆلار.
زووم لەبارەى پرسی دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان پرسیارى لە عاسم جیهاد کرد، بەڵام بۆ ئەمەشیان گوتی، “هەر شتێکی تازە هەبێت خۆمان بڵاوی دەکەینەوە”.