زووم:
رۆژنامە عەرەبییەکان
سەباح
لیژنەی رۆشنبیریی پەرلەمان: هەوڵێک هەیە بۆ هەمووارکردنەوەی یاسای ئازادیی رادەربڕین
لیژنەی رۆشنبیریی و رۆژنامەنووسیی پەرلەمانی عێراق هەوڵی هەمووارکردنەوەی یاسای ئازادیی رادەربڕین دەدات و سوورە لەسەر تێپەڕاندنی، دەشڵێت، پێویستە بەشێک لەو بڕگە و مادانە هەڵبوەشێننەوە کە لایەنی سزادان لەخۆدەگرن.
قودس عەرەبی
کیلۆیەک پیاز بە 10 دۆلار؛ بەرزی نرخەکان ئاگر لە گیرفانی غەزەییەکان بەردەدات
نرخی خواردن بە تایبەت سەوزەواتەکان لە کەرتی غەزە زۆر بەرزبوونەتەوە، بەجۆرێک نرخی کیلۆیەک پیاز گەیشتووە بە 10 دۆلار و کیلۆیەک لیمۆ بە شەش دۆلار، بەوەش خەڵکی غەزە بە دانە شت دەکڕن لە بری کیلۆ.
ئەلعەرەب
هۆزی هاشمییە؛ چێنراوی ئێران بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەژموونی کورد لە باکووری سوریا
ئێران گرووپێکی میلیشیای نوێ لە هۆزە عەرەبەکانی ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی بەشار ئەسەدی سەرۆکی سوریا لە رۆژهەڵاتی رووباری فورات پێکدەهێنێت بە ئامانجی بەرەنگاربوونەوەی هێزەکانی سوریای دیموکرات کە ئەمریکا پاڵپشتیان دەکات.
بەگوێرەی هەواڵێکی پەیمانگەی واشنتن، ئەو گرووپە ناوی هۆزی هاشمییە وەردەگرن و ئاستی سێیەمی گرووپەکان و بەشداریی لە کردەی سەربازیی و نیمچە سەربازیی دەکەن لە سوریا، بەتایبەت لە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی دێرەزوور
شەرقولئەوسەت
میلیشیاکان بە کوشتنی سەربازی ئەمریکی دەرگای ئاڵۆزییان کردەوە
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا بەڵێنی وەڵامدانەوەی کوژرانی سێ سەرباز و برینداربوونی ژمارەیەک سەربازی دیکەی وڵاتەکەی دەدات کە لە هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر بنکەیەکیان لە نزیک سنوورەکانی ئوردن-سوریا کرانەئامانج.
بایدن دەشڵێت، هەموو بەرپرسیاران لە کوژران و برینداربوونی سەربازە ئەمریکییەکان، لە کات و رێگەی گونجاوەوە لێپرسینەوەیان لێدەکرێت، ئەمە یەکەمجارە زیانی گیانی لە هێرش بۆ سەر سەربازانی ئەمریکا بکەوێتەوە دوای جەنگی غەزە.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
دەیلی تەلەگراف
بایدن دەڵێت ئێران بەرپرسە لە کوژرانی سەربازەکانی ئەمریکا
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا دوای هێرشەکەی سەر هێزەکانی ئەمریکا و کوژرانی سێ سەرباز و بریندارکردنی 30 سەربازی دیکە، ئێران تۆمەتبار دەکات و دەڵێت، هێرشە درۆنییەکە لەلایەن ئەو میلیشیا چەکدارانەوە ئەنجامدراوە کە لەلایەن تارانەوە پشتیوانییان لێدەکرێت، ئەمەش وەک پەرەسەندنێکی بەرچاوی ئاگریی شەڕی ئیسرائیل و حەماس سەیردەکرێت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا
فاینەنشیەڵ تایمز
گوتێرێز داوا لە جیهان دەکات لە هاوکارییەکانیان بۆ غەزە بەردەوام بن سەرەڕای تۆمەتەکانی سەر رێکخراوی ئۆنروا
ئەنتۆنیۆ گوتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بانگەوازێکیدا بۆ سەرکردەکانی جیهان داوا دەکات بەردەوام بن لە دابینکردنی بودجە بۆ رێکخراوی ئۆنروا کە هاوکاریی لێقەوماوانی فەڵەستین دەکات، ئەمەش دوای ئەوە دێت چەندین وڵات هاوکارییەکانیان بۆ ئەو رێکخراوە راگرت بە تۆمەتی تێوەگلانی چەند کارمەندێکی رێکخراوەکە لە هێرشەکەی 7ـی تشرینی یەکەمی حەماسدا
واشنتن پۆست
بووژانەوەی ئابووریی ئەمریکا لە وڵاتانی دیکەی جیهان خێراترە
ئابووریی ئەوروپا بەهۆی ئەوەی رووبەڕووی سستییەکی نەزانراو بووەوە لە ئەڵمانیا، لە ئێستادا زۆر بە هێواشی دەبووژێتەوە، چین بۆ کۆنترۆڵکرنەوەی سستیی ئابوورییەکەی دەجەنگێت، هاوکات ژاپۆنیش لەوبارەیەوە تا ئێستا نائومێدە، بەڵام چیرۆکەکە بۆ ئەمریکا جیاوازە، سەرەڕای نیگەرانییەکانی بەکاربەران لە وڵاتەکەدا بەهۆی زیادبوونی هەڵئاوسانەوە، هیشتا ئابووریی ئەمریکا بەهێزە و لەپێشەوەی هەموو هاوبەشە بازرگانییەکانیدایە
ئۆرشەلیم پۆست
سوپای ئیسرائیل پێی وایە نزیکبووەتەوە لەوەی ناوچەی خان یونس لە غەزە بەتەواویی کۆنتڕۆڵ بکات
سەرچاوەکانی سوپای ئیسرائیل ئاماژە بەوە دەکەن کە نزیکبوونەتەوە لەوەی ناوچەی خان یونس لە باشووری غەزە بەتەواوی کۆنترۆڵ بکەن، هەرچەندە هێشتا کاتێکی دیاریکراویان رانەگەیاندووە، بەڵام سەرچاوەکانی سوپا باس لەوە دەکەن بەرگریی حەماس لەو ناوچەیەدا کەمیکردووە، ئەمەش لەکاتێکدایە لە دوو مانگی یەکەمدا چەکدارانی حەماس بەشێوەیەکی سەرسەخت بەرگرییان دەکرد.
رۆژنامە تورکییەکان
حوڕییەت
ئەنجامدەرانی هێرشەکەى ئیستەنبوڵ دەستگیرکران
دوای هێرشە چەکدارییەکەى ئیستەنبوڵ بۆسەر کەنیسەى سەنتا ماریا کە کەنیسەیەکى ئیتاڵییە، لە نیوە شەودا هەردوو تیرۆریستە داعشەکە دەستگیرکران، یەکیان بە رەچەڵەک روسییە و ئەوی دیکەیان تاجیکییە.
ئەکشام
کاندیدی ئاکپارتی بۆ شارەوانیی ئیستەنبوڵ سیاسەتى %25ـى راگەیاند
موراد قوروم، کاندیدى ئاکپارتى و هاوپەیمانى کۆماریی بۆ گەورە شارەوانیی ئیستەنبوڵ رایگەیاند: لە ئەگەرى بردنەوەى لە هەڵبژاردنەکاندا، ئەوا 40٪ـی نرخى هۆکارەکانى گواستنەوە لەو شارە بۆ گەنجان دادەبەزێنێت، بڕى 2500 لیرە مانگانە وەک هاوکارى دەدرێت بەو خانەنیشینانەى کەمەرامەتن. هەروەها 25٪ لە گەنج و ژن لە شارەوانییەکان دادەمەزرێنێت.
سۆزجو
موحەرەم ئینجە: هاوپەیمانیی جەهەپە و دەم پارتى هەڵەیە
موحەرەم ئینجە، سەرۆکى پارتى مەملەکەت و ئەندامى پێشوى جەهەپە رایگەیاند کە رێککەوتنى نێوان جەهەپە و دەم پارتى سیاسەتێکى هەڵەیە، لە ئەگەرى هەر هەماهەنگییەک، دەبێتەهۆی ئەوەى جەهەپە لە سەرتاسەرى تورکیا هەڵبژاردن بدۆڕێنێت، ناکرێت جەهەپە بۆ بردنەوەى شارەوانى ئیستەنبوڵ پێگەى جەماوەرى خۆی لە تەواوی تورکیا لەدەستبدات.
تورکیا
سەرۆکی دەزگاى هەواڵگریی تورکیا لەگەڵ مەسعود بارزانی کۆبووەتەوە
ئیبراهیم کاڵن، راوێژکارى دەزگاى هەواڵگریی تورکیا لەماوەى هەفتەیەکدا دووجار سەردانى عێراقی کردووە، ئامانجی سەردانەکە بریتییە لە پاراستنى سنوورەکانى وڵات و هەروەها روبەڕووبونەوەى پەکەکە. کاڵن لەگەڵ مەسعود بارزانى و بەرپرسانى دیکە ئەو وڵاتە کۆبووەتەوە، تورکیا جەختى لە بەردەوامى ئۆپەراسیۆنە سەبازییەکانی دژ بە پەکەکە کردووەتەوە.
رۆژنامە فارسییەکان
هەمشەهری
ئەمریکا کوژران و برینداربوونی سەربازەکانی دەخاتە ئەستۆی ئێران
دوای ئەوەى جۆ بایدن، سەرۆکى ئەمریکا هێرشەکەى سەر بنکە ئەمریکییەکەى لە ئوردن خستە ئەستۆى ئێران، کامالا هاریس، جێگری سەرۆکى ئەمریکاش دووپاتی کردەوە، گرووپەکانى سەر بە ئێران هێرشەکەیان کردووەتە سەر بنکەکە.
هاوکات کۆشکی سپیش هێرشەکەى خستە ئەستۆى ئێران.
ئەبرار
لە 88 کورسیی ئەنجومەنى شارەزایان 11 کورسی بێ رکابەرن
بەگوێرەى رۆژنامەکە هەڵسەنگاندن بۆ پەسەندکردنى کاندیدەکانى هەڵبژاردنى ئەنجومەنى شارەزایان هێندە توندکراون، لە هەندێک پارێزگا ژمارەی کورسییەکان لە ژمارەی کاندیدەکان زیاترە.
بۆ نمونە لە پاڕێزگاکانی سمنان و خۆراسانی رەزەوی لە پێنج کاندید تەنها یەک کاندیدیان پەسەندکراوە، کە ئەویش ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆمارە، لەو شارانە 11 کورسی بەبێ رکابەرن.
بۆ 88 کورسییەکە 138 لە سەرانسەرى ئێران خۆیان کاندید کردووە.
رۆژنامەکە ئەم خولەى هەڵبژاردنەى بە داخراوترین هەڵبژاردن لە مێژووى ئەنجومەنەکەدا وەسف کردووە.
کەیهان
لە 24 کاتژمێری رابردوودا هەشت جار هێرش کراوەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل
هێزەکانی بەرەی موقاومەی عێراقی لە کەمتر لە 24 کاتژمێردا هەشت بنکەی سەربازیی ئەمریکا و ئیسرائیلیان لە عێراق، سوریا و ئیسرائیلیان کردووەتە ئامانج.
رۆژنامەکە نووسییەتى، ئەو شوێنانەی کراونەتە ئامانج بریتین لە بنکەی ئەمریکییەکان هەریری سەر بە هەولێر، عەین ئەسەد لە ئەنبار و تەنەف و سێ بنکەى دیکە لە سوریا.
جمهوری ئیسلامی
ساڵانە 3000 پەرەستار لە ئێران وڵات بەجێدەهێڵن
رۆژنامەکە نووسویەتى، لەکاتێکدا 60٪ی قورسایی کاروباری تەندروستیی هاووڵاتیان لە نەخۆشخانەکان لەسەر شانی پەرەستارەکانە، بەجێهێشتنی 3000 پەرەستار لە ساڵێکدا بۆ وڵاتێکی وەک ئێران کارەساتبارە.
ئەنجومەنى باڵاى کاروبارى پەرەستاری لە ئێران لە دۆخەکە نیگەرانە و دەڵێت، هۆکارى کۆچى پەرستارەکان بەرتەسککردنەوەى مامەڵە و چالاکیی بەتایبەت پەرەستارانی کچ و ژن و پێڕانەگەیشتن بە کار، دوو هۆکاری بنەڕەتین بۆ کۆچی پەرەستاران