زووم:
ئێران هەڵدانی مووشەکی ئاسمانیی سیمۆرغی راگەیاند کە یەک مانگی دەستکردی گەورە و دوو مانگی دەستکردی بچووکی هەڵگرتبوو.
دەزگای بۆشایی ئاسمانی ئێران رایگەیاند، بە سوود وەرگرتن لە مووشەکی سیمۆرغ، مانگێکی دەستکردی مەهدا کە ئامرازێکی پەیوەندیی 32 کیلۆگرامییە رەوانەی بۆشایی ئاسمان کراوە، مانگە دەستکردەکە لەلایەن دامەزراوەی توێژینەوەی بۆشایی ئاسمانی ئێران دروستکراوە.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، دوو مانگی دەستکردی بچووکیش بە ناوەکانی کەیهان و هاتف کە هەریەکەیان کێشیان کەمترە لە 10 کیلۆگرام رەوانەی بۆشایی ئاسمان کراون و هەر سێ مانگە دەستکردەکە بە سەرکەوتووی لە خولگەی زەوی جێگیربوون.
دەزگای بۆشایی ئاسمانی ئێران دەڵێت، مانگی دەستکردی مەهدا بۆ توێژینەوەی پڕۆژەکانی داهاتوو تەرخان دەکرێت.
ئەمە لە کاتێکدایە هەفتەی رابردووش ئێران رایگەیاند کە مانگێکی دەستکردی بە ناوی سورەیا بە کێشی نزیکەی 50 کیلۆگرام گەیاندووەتە خولگەی 750 کیلۆمەتری و ئەوەش کاردانەوەی جیهانی لێکەوتەوە و وڵاتانی ئەوروپی وەک هەوڵێکی مەترسیدار سەرکۆنەیان کرد.