زووم:
کێشمەکێش و یاری هەڵبژاردنی سەرۆکی تازەی پەرلەمانی عێراق سبەینێ دەچێتە ناو هۆڵی دادگای فیدڕاڵیی عێراق چونکە دادبینی بۆ چوار سکاڵای دژ بەیەک لەو بارەیەوە دەکات و بڕیاردانی دادگاکەش لەسەر هەر یەکێک لە سكاڵاکان، پرسی هەڵبژاردنی سەرۆک دەباتە قۆناغێکی دیکە.
رۆژی 13ی ئەم مانگە پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی تازەی پەرلەمان کۆبووەوە و شەعلان کرەیم کاندیدی پارتی تەقەدووم کە محەمەد حەلبووسی سەرۆکی لەسەرکارلادراوی پەرلەمان سەرۆکایەتیی دەکات، لە خولی یەکەمی هەڵبژاردنەکەدا بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو 152 دەنگی بەدەستهێنا، بەڵام ئەو ژمارە دەنگە بەس نەبوو بۆئەوەی ببێت بە سەرۆکی پەرلەمان و هەڵبژاردنەکە کەوتە خولی دووەمەوە، بەڵام دوای چەند کاتژمێرێک لە دواکەوتنی خولی دووەمی دەنگدان، دانیشتنەکە بەدروستبوونی گرژی و دەمەقاڵێ هەڵگیرا.
هەموو ئەم رووداوانە کاردانەوەی سیاسییان لێکەوتەوە و شیعە و سوونەکان خوێندنەوەی جیاوازیان بۆ دانیشتنەکە کرد، ئەم چوار سکاڵایەش هەر لە درێژەی کاردانەوەکاندان و لەلایەن ژمارەیەک پەرلەمانتاری شیعە و سوونەوە تۆمارکراون.
سکاڵای یەکەم لەلایەن هەیبەت حەلبووسی و ئەحمەد جبورییەوە تۆمارکراوە، کە هەردووکیان پەرلەمانتاری پارتی تەقەدوومن، کە محەمەد حەلبووسی سەرۆکایەتیی ئەو پارتە دەکات.
ئەم دوو پەرلەمانتارە لە سکاڵاکەیاندا، کە لە دژی موحسین مەندەلاوی، سەرۆکی پەرلەمان بەوەکالەت تۆماریان کردووە، داوا دەکەن دادگای فیدڕاڵی رێکارەکانی موحسین مەندەلاوی و شاخەوان عەبدوڵا لە کۆبوونەوەکەی رۆژی 13ی ئەم مانگە بە نادەستووری بناسێنێت و سەرجەم رێکار و بڕیارەکانی ئەو کۆبوونەوەیە هەڵبوەشێنێتەوە.
ئامانجی ئەم سکاڵایە ئەوەیە کاندیدی پارتەکەی حەلبووس کە لە خولی یەکەمدا زۆرترین دەنگی بەدەستهێنا، ببێت بە سەرۆکی پەرلەمان، چونکە بە وتەی هەیبەت حەلبووسی ئەو رووداوانەی لە دانیشتنەکەی 13ی مانگدا روویاندا پێشێلکردنی یاسا و دەستوورن.
لە بەرامبەردا یوسف کیلابی و فالح خەزعەلی و حسێن موئنس، پێکەوە دوو سکاڵایان لە دژی پەرلەمانتار شەعلان کرەییم و سەرۆکی پەرلەمان تۆمارکردووە، لە سکاڵای یەکەمدا داوا دەکەن دادگا بەگوێرەی دەستوور ئەندامێتیی پەرلەمان لە شەعلان کرەییم وەربگیرێتەوە، لە سکاڵای دووەمیشدا داوا دەکەن شەعلان کرەییم لە کاندیدبوون بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان دووربخرێتەوە، ئەوە لە کاتێکدایە شەعلان کرەیم کاندیدی پارتەکەی محەمەد حەلبووسییە و لە خولی یەکەمی دەنگدان زۆرترین دەنگی بەدەستهێنا.
لە سکاڵای چوارەمدا کە پەرلەمانتار باسم خەشان لەسەر سەرۆکی پەرلەمان تۆماری کردووە، داوا دەکات لێکۆڵینەوە لە مەرجەکانی کاندیدبوون بۆ سەرۆکی پەرلەمان بکرێت و کاندیدبوونی پێنج کەسە کاندیدەکە بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان هەڵبوەشێندرێتەوە.
دیووی پشتەوەی ئەم سکاڵایانە هەڵوەشاندەنەوەی خولی یەکەمی دەنگدانی تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان و دوورخستنەوەی شەعلانە لە کێبڕکێی هەڵبژاردن کە کاندیدی پارتەکەی حەلبووسییە، بۆئەوەش تۆمەتباری دەکەن بە بەعسیبوون.
ئەنجامی دانیشتنەکەی رۆژی دووشەممەی دادگای فیدڕاڵی، رەنگە قەیرانێکی تازە لە عێراق بهێنێتەئاراوە، بەجۆرێک یەکلاییبوونەوەی هەر یەکێک لە سکاڵاکان، پرسی هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەباتە قۆناغێکی دیکە و دواخستنی سکاڵاکانیش ئاستەنگەکانی بەردەم هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان زیاتر دەکات.