زووم:
رۆژنامە عەرەبییەکان
سەباح
تەندروستیی عێراق: هیچ تووشبوونێک بە گۆڕاوە تازەکەی کۆرۆنا تۆمارنەکراوە
وەزارەتی تەندروستیی عێراق رەتیدەکاتەوە هیچ حاڵەتێکی تووشبوونی بە گۆڕاوە تازەکەی ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمار کردبێت، داواش لە هاووڵاتیان دەکات خۆیان دژی ئەو ڤایرۆسەکە بکوتن و پابەندی رێکارە خۆپارێزییەکان بن.
قودس عەرەبی
مافپەروەرانی عێراق هۆشداریی لە جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی بەکۆمەڵ دەدەن
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لەلایەن مافی مرۆڤ لە عێراق ئاشکراکراون، نزیکەی شەش هەزار دەستگیرکراو لە عێراق بە تۆمەتی تیرۆر سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندراوە، کە مافپەروەران جەخت دەکەنەوە سەرۆکایەتیی کۆمار لەم دواییانەدا جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی 150 کەسی لە گرتووخانەی ناوەندیی ناسریە پەسەندکردووە.
ئەلعەرەب
وەستانی کۆمەکە نێودەوڵەتییەکان بۆ ئونروا ئاماژەی کۆتاییهاتنی رۆڵەکەیەتی
تادێت ناوی ئەو وڵاتان زیاتر دەبن کە هاوکارییەکانیان بۆ دەزگای بەهاناوەچوون و کاروباری پەنابەرە فەڵەستینییەکانی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان (ئونروا) رادەگرن، ئەوەش بەهۆی تۆمەتەکانی ئیسرائیل بۆ تێوەگلانی ژمارەیەک لە فەرمانبەرانی ئەو رێکخراوە مرۆییە لە هێرشەکەی 7ـی تشرینی یەکەمی 2023 بۆسەر ئیسرائیل، هەرچەندە رێکخراوەکە گرێبەستی ژمارەیەک لە فەرمانبەرەکانی هەڵوەشاندەوە بەڵام ئەوەش بابەتەکەی رانەگرت و مەترسیی کۆتاییهاتنی رێکخراوەکە هەیە.
شەرقولئەوسەت
نۆ پاکستانیی لە ئێران کوژران و رەئیسی هۆشداریی لە لێکەوتەکانی دەدات
جارێکی دیکە ئێران باس لە “ئامادەکاریی سەربازیی” دەکات بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو هەڕەشانەی لەسەری دروستبوون، هەروەها هۆشداریی دەدات بەوانەی کار دژی هەڵبژاردنەکەی ئێران دەکەن کە بڕیار وایە مانگی ئازاری ئەمساڵ بەڕێوەبچێت، حەبیبوڵا سەیاری، جێگری فەرماندەی سوپای ئێران دەڵێت، تاران ئەوپەڕی ئامادەیی هەیە بۆ وەستانەوەی بەهێز بەرامبەر هەڕەشەکان.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
ئۆبزێرڤەر
راگرتنی هاوکارییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ غەزە دۆخەکە خراپتر دەکات
بەرپرسانی فەڵەستین دەڵێن، بڕیاری راگرتنی هاوکارییەکان بۆ رێکخراوەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان کە هاوکاریی لێقەوماوانی غەزە دەکات، قەیرانی مرۆیی کەرتەکە خراپتر دەکات، ئەمەش دوای ئەو تۆمەتانەی ئیسرائیل دێت کە داویەتی پاڵ رێکخراوی ئونروای سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی تێوەگلانی چەند کارمەندێکی لە هێرشەکەی 7ـی تشرینی یەکەمی حەماسدا.
واشنتن پۆست
مۆسکۆ گەشبینە بەوەی کاریگەریی لەسە لاوازیی رۆژئاوا دروستدەکات
لە ئێستادا روسیا هەنگاو بۆ پلانەکانی دەنێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی سیستەمی ئابووریی رۆژئاوا کە ئەمریکا سەرکردایەتیی دەکات. بەگوێرەی کرێملین، ئەمە بەهۆی زیادبوونی ئەو پەیوەندییە بەهێزانەوەیە کە روسیا لەگەڵ چین و باشوری جیهاندا بەستوویەتی و رێگەی بۆ خۆش دەکات رووبەڕووی سیستمی ئابووری نێودەوڵەتی ببێتەوە کە لەلایەن ئەمریکاوە دەستی بەسەردا گیراوە.
ئۆرشەلیم پۆست
هەواڵگری ئیسرائیل دەڵێت ئەندامانی رێکخراوی ئونروا لە هێرشەکەی 7ی ئۆکتۆبەردا تێوەگلاون و ئیسرائیلیش داوای گۆڕینی رێکخراوەکە دەکات
ئیسرائیل داوادەکات رێکخراوی ئونروای سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان لە فەڵەستین بگۆڕدرێت بە رێکخراوێکی دیکە کە خۆی بۆ ئاشتی راستەقینە و بەرەوپێشچوون تەرخان کردبێت. وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتەش هەڵوێستە نێودەوڵەتییەکان بەرز دەنرخێنێت کە هاوکارییەکانیان بۆ رێکخراوەکە هەڵپەساردووە تا ئەوکاتەی لێکۆڵینەوە لە تێوەگلانی 12 کارمەندی رێکخراوەکە یەکلایی دەبێتەوە.
عەرەب نیوز
سەرەڕای بڕیارەکەی دادگەی دادی نێودەوڵەتی بۆ وەستاندنی رەفتارەکانی جینۆساید، لە هێرشەکانی ئیسرائیلدا لە غەزە 174 هاووڵاتی کوژران
هێشتا رۆژێک تێنەپەڕی بەسەر بڕیارەکەی دادگەی دادی نێودەوڵەتی بۆ رێگریی لە مردنی هاووڵاتییانی مەدەنی، لانیکەم 174 هاووڵاتی فەلەستینی لە هێرشەکانی ئیسرائیلدا لە غەزە کوژران و 310ـی دیکەش بریندار بوون. ئەمەش لەکاتێکدایە ژمارەی کوژراوان گەیشتووەتە زیاتر لە 26000 کەس و باران و راگرتنی هاوکارییەکانی رێکخراوی ئونرواش لەلایەن ئەمریکا، بەریتانیا و وڵاتانی دیکەوە دۆخەکەی هێندەی دیکە سەخت کردووە.
رۆژنامە تورکییەکان
حورییەت
گرێ کوێرەکەى سێ ساڵ کرایەوە و ئەمریکا فڕۆکەی ئێف 16 بە تورکیا دەفرۆشێت
وەزارەتى دەرەوەى ئەمریکا رەزامەندى خۆى بە فرۆشتنى فڕۆکەى ئێف 16 بە تورکیا بە کۆنگرێسى ئەمریکا راگەیاندووە، مایکڵ ماک کاوڵ، سەرۆکى لیژنەی پەیوەندییەکانى دەرەوەى کۆنگرێس رایگەیاند رێگە بە فرۆشتنى فڕۆکەکە بە تورکیا دەدەین. ئەم دوو لێدوانە ئەگەرى ڤیتۆى لەسەر فرۆشتنى فڕۆکە بە تورکیا لەئارادا نەهێشت.
سۆزجو
نرخی بەنزین لە تورکیا بەرزدەبێتەوە
پاش ئەوەى لە 20ـى ئەم مانگە نرخى بەنزین بۆ یەک لیرە و 15 قوروش بەرزبوویەوە، چاوەڕێ دەکرێت لە سبەینێوە جارێکیتر بۆ نرخى یەک لیتر بەنزین بەبڕى یەک لیرە و 38 قوروش بەرزبێتەوە، بەمەش نرخی لیترێک بەنزین لە ئیستەنبوڵ دەبێتە 41.59 لیرەى تورکى کە دەکاتە 1.35 دۆلار.
تورکیا
داهاتى قومارەکان لە تورکیا بۆ رێکخراوە تیرۆریستییەکان دەچێت
ساڵانە لە تورکیا داهاتى قومار بەشێوەیەکى نایاسایی دەگاتە 100 ملیار لیرە، بەشێکى زۆرى ئەم داهاتە بۆ ئەرمەنستان و رێکخراوە تیرۆریستییەکان دەچێت.
یەنى شەفەق
161 مزگەوت لە غەزە رووخاون
بەهۆى هێرشەکانى ئیسرائیلەوە بۆ سەر غەزە، 414 مزگەوت زیانیان پێگەیشتووە، لەو ژمارەیەش 161 مزگەوت بەتەواوى روخاون و 253 مزگەوتیش بەشێکیان روخاون.