زووم:
بەرپرسانی باڵای ئەمریکا، ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی کار لەسەر سێ رێککەوتن دەکەن، کە دەکرێت کۆتایی بە جەنگی غەزە بهێنێت، ئەوانیش ئاگربەستی جەنگی ئیسرائیل و حەماس، حوکمی غەزە لە دوای جەنگ و دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستین لە بەرامبەر ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی سعودیە لەگەڵ ئیسرائیل.
رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی، لە راپۆرتێکیدا باسی لەوە کردووە، لانیکەم بەرپرسانی باڵای 10 وڵات هەوڵدەدەن بگەن بە چەند رێککەوتنێک لەبارەی کۆتاییهێنان بە جەنگی غەزە.
رۆژنامەکە ئاماژەی بەوە کردووە، بابەتی سەرەکیی گفتوگۆکان گەیشتنە بە ئاگربەست لەنێوان ئیسرائیل و حەماس، لەو نێوەندەیشدا 100 بارمتەی ئیسرائیلی، کە لای حەماسن و هەزاران گیراوی فەلەستنیی نێو زیندانەکانی ئیسرائیل ئاڵوگۆڕیان پێدەکرێت.
بابەتی دووەمی گفتوگۆکان دەسەڵاتی نیمچە سەربەخۆی فەلەستین دەبێت، کە لە ئێستادا حوکمی چەند بەشێکی کەناری رۆژئاوا دەکات، بۆ ئەوەی لە دوای جەنگ حوکمی غەزەش بکات.
لەبارەی تەوەری سێیەمی گفتوگۆکان، نیویۆرک تایمز نووسیویەتی، بەرپرسانی باڵای ئەمریکا و سعودیە فشار لە ئیسرائیل دەکەن بە مەرجەکان رازی بێت بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیل لە بەرامبەر ئاساییکردنەوەی پەیوەندییە فەرمییەکانی ئەو وڵاتە لەگەڵ ئیسرائیل بۆ یەکەم جار لە مێژوودا.
جەنگی غەزە لە 7ـی ئۆکتۆبەری 2023 بە هێرشی مووشەکیی حەماس بۆسەر ئیسرائیل دەستیپێکرد و تا ئێستاش بەردەوامە، لە ماوەی 110 رۆژی جەنگەکەدا زیاتر لە 26 هەزار فەلەستینی کوژراون و زیاتر لە 64 هەزاری دیکەیش بریندار بوون، لە بەرامبەریشدا زیاتر لە 1200 ئیسرائیلی کوژراون.