زووم:
وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران گەڕانەوەی باڵیوزەکانی ئێران و پاکستانی بۆ ئەرکی خۆیان راگەیاند و ئاژانسى هەواڵیی ئیرناش بڵاویکردەوە، پەیوەندى هەردوو وڵات ئاسایی کراوەتەوە.
ئەمڕۆ محەممەد مودەسار تیپو باڵیوزی پاکستان لە تاران، لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسى: ئێران و پاکستانێکی بەهێز بۆ ناوچەکە و بەرەوپێشبردنی پەیوەندیی مێژوویی نەتەوەکان زۆر گرنگە.
ئەو نووسینەى مودەسار وەک ئاماژەیەک بوو بۆ گەڕانەوەى بۆ سەر کارەکەى و میدیاى ئێرانى بە گشتى بڵاویانکردەوە، باڵیۆزەکانى هەردوو وڵات گەڕاونەتەوە بۆ سەر کارەکانیان و پەیوەندى هەردوو وڵات ئاسایی کراوەتەوە.
لە16ـی ئەم مانگەدا ئێران ھێرشێکی مووشەکیی لە نێو خاکی پاکستاندا ئەنجامدا بە بیانووی لێدان لە گرووپی چەکداری جەیشولعەدل کە گرووپێکی بەلووچییە.
حکومەتی پاکستان ئەو ھێرشەی ئیدانە کرد و بە «پێشێلکاری» بۆ سەر وڵاتەکەی ناوی برد و دواتر هێرشێکی بۆ ناوچەیەکی بەلووچستانی ئێران ئەنجامدا، کە بوو بە هۆکاری ئەوەی باڵیوزی هەردوولا گەڕانەوە وڵاتەکانیان و ئەرکی خۆیان بەجێهێشت.
پێشتریش لە راگەیەندراوێکی هاوبەشدا هەردوو وەزارەتی دەرەوەی ئێران و پاکستان ئاماژەیان بەوەکردبوو، وەزیری دەرەوەی هەردوو وڵات پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجامداوە و دواتر رێککەوتوون لەسەر ئەوەی رۆژی 26ی ئەم مانگە باڵیۆزانی هەردوو وڵات بگەڕێنەوە سەر کارەکانیان.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، لەسەر بانگهێشتی جەلیل عەباس جەیلانی، وەزیری دەرەوەی پاکستان، رۆژی 29ی ئەم مانگە حوسێن ئەمیر عەبدوڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران سەردانی پاکستان دەکات.