زووم:
دادگای دادی نێودەوڵەتی، یەکەمین دانیشتنی لەبارەی سكاڵاکەی ئەفریقای باشوور لە دژی ئیسرائیل ئەنجامدا و بەبێ ئەوەی باسی ئاگربەست بکات، بڕیاریدا ئیسرائیل هەموو رێکارێک بۆ رێگرتن لە کۆمەڵکوژیی بگرێتەبەر.
دادگای دادی نێودەوڵەتی لە لاهای کۆبووەوە و ژمارەیەک بڕیاری لەبارەی ئیسرائیل و حەماسەوە دەرکرد، سەرەتا داواکەی ئیسرائیلی لە دژی سکاڵاکەی ئەفریقای باشوور رەتکردەوە، دواتریش فەرمانێکی ئاڕاستەی ئیسرائیل کرد، کە هەموو رێکارێک بگرێتەبەر بۆ رێگرتن لە کۆمەڵکوژیی فەڵەستینییەکان، هەروەها گەرەنتی پارێزگاریکردن لە هەموو بەڵگەکانی پەیوەست بە کۆمەڵکوژیی بدات و لە ماوەی یەک مانگیشدا راپۆرتێک پێشکەشی دادگاکە بکات.
جۆوان دۆنۆگیۆ سەرۆکی دادگاکە باسی لەوەکرد، فەڵەستینییەکانی کەرتی غەزە، دەبێت لە کۆمەڵکوژی بپارێزرێن، گوتیشی، زۆرینە فەڵەستینییەکانی غەزە دەستیان بە ئاو و خۆراک و پێداوستییەکانی ژیان ناگات، هاوکات دادگاکە بەبێ ئەوەی باس لە ئاگربەست بکات، داوای لە حەماس کرد، بەبێ مەرج و دەستبەجێ بارمتەکان ئازاد بکات.
ئاماژی بەوەشکرد، ناتوانن ئێستا بڕیار کۆتایی بدەن، بەڵکو دۆسیەکە چەندین ساڵ دەخایەنێت.
هەر لە دانیشتنەکەى دادگای لاهای نێودەوڵەتی چەند بڕیارێک دەکرا، کە گرنگترینیان بریتین لە:
- دەبێت ئیسرائیل هەموو رێوشوێنێک بگرێتەبەر بۆ رێگریکردن لە کوشتنی خەڵکی سڤیل
- سزای هەموو ئەو کەس و بەرپرسە سەربازییانە بدات، کە لە کۆمەڵکوژیی فەلەستینییەکانەوە گلاون
- رێگری نەکات لە گەیشتنی هاوکارییە مرۆییەکان و ئاو و خۆراک و دەرمان و پێدوایستییە گرنگەکانی ژیان لە کەرتی غەزە
- بە تەواوەتی پابەندبێت بە رێکەوتننامەکانی پەیوەست بە قەدەغەکردنی کۆمەڵکوژییەوە
- دووربکەوێتەوە لە بۆردومانی هەڕەمەکی و وێرانکردنی زیاتری کەرتی غەزە و کوشتنی هاوڵاتیانی مەدەنى، کە زۆربەیان ژن و منداڵن
- پێویستە لەماوەی یەک مانگدا راپۆرتێک لەسەر جێبەجێکردنی بڕیارەکان پیشکەش بە دادگای دادی نێوەدەوڵەتی بکات