زووم:
کۆمسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ داوا دەکات بۆ رووبەروبوونەوەی مەترسییەکانی پیسبوونی ژینگە لە عێراق و جیهان پشت بە وزەی پاک ببەسترێت.
ئەمڕۆ، 26ـى کانوونى دووەم، رۆژی جیهانیی وزەی پاکە. نەتەوەیەکگرتووەکان رۆڵی وزەی پاک بە گرنگ وەسف دەکات بۆ کەمکردنەوەی دەردانی گازی ژەهراوی و کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا.
کۆمسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، “نیگەرانن لە بەردەوامی خراپ بەکارهێنانی وزە لەلایەن ئەو وڵاتانەوە کە لە رووی پیشەسازییەوە پێشکەوتوون.”
دەڵێت، پێویستە بۆ رووبەڕوبوونەوەی مەترسییەکانی پیسبوونی ژینگە و گۆڕانەکانی کەشوهەوا و ئەو هەڕەشانەی لەسەر ژیانی مرۆڤ دروستی دەکات، پشت بە وزەی پاک ببەسترێت”.
نەتەوەیەکگرتووەکان دەڵێت، وزەی پاک دەبێتە هۆکار بۆ دابینکردنی وزەی کارەبا بۆ ئەوانەی تاوەکو ئێستا لە تاریکیدا دەژین.
کۆمسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ دەڵێت، پێویستە عێراقییەکان بێبەش نەبن لە بەکارهێنانی وزەی پاک، لە رێگەی هەماهەنگی نێودەوڵەتییەوە مافەکانیان لە بواری تەندروستی و ژینگەیی بپارێزرێت و بێبەش نەبن لە خۆشگوزەرانی و پێشکەوتن”.
بەگوێرەى ئامارى نەتەوەیەکگرتووەکان، لە جیهاندا 675 ملیۆن کەس هێشتا لە تاریکدا دەژین.
بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا زانایان جەخت لە پێویستی کەمکردنەوەی رێژەی دەردانی گازی ژەهراوی دەکەنەوە بە نزیکەی نیوە، تاوەکو ساڵی 2030 و گەیشتن بە خاڵی سفر تاوەکو 2050.
نەتەوەیەکگرتووەکان دەڵێت، هێشتا خەڵوز، نەوت و گاز (سووتەمەنی بەردینی) زاڵە بەسەر بەرهەمهێنانی وزەی جیهانیدا و نزیکەی 90%ـی دەردانی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن لە جیهاندا بەهۆی سووتەمەنی بەردینییەوەیە.
نەتەوەیەکگرتووەکان داواى داوا دەکات پەنا بۆ وزە نوێبووەکان ببرێت و رایگەیاندووە، سەرچاوە نوێبووەکانی وزە، وەک با، خۆر، ئاو و گەرمی زەوی، ئێستا نزیکەی 29%ـی کارەبا لە سەرانسەری جیهاندا دابین دەکەن.