زووم:
رۆژنامەى شەرقولئەوسەت لە زارى چەند سەرچاوەیەکی “باوەڕپێکراوی”ـیەوە ناوەرۆکى ئەو نامەیە بڵاودەکاتەوە، ئەمریکا بۆ عێراقی ناردووە.
رۆژى 24ـى ئەم مانگە فوئاد حسێن، وەزیرى دەرەوەى عێراق لە تۆڕى کۆمەڵایەتى تویتەر نووسی، لەگەڵ ئالینا رۆمانۆسکى، باڵیۆزى ئەمریکا لە عێراق کۆبوومەوە و “نامەیەکى گرنگم لێوەرگرت” کە ئەمریکا بۆ حکومەتى عێراقى ناردووە.
بەگوێرەى رۆژنامەى شەرقولئەوسەت “بەرپرسانى ئەمریکا لە نامەکەدا دڵنیاییان داوە بە حکومەتى عێراق کشانەوەی هاوپەیمانان بێبەرامبەر نابێت و رووبەڕووبوونەوەی میلیشیاکانی ئێران راناگرن”.
رۆژنامەکە بڵاویکردووەتەوە، لە نامەکەدا کات و چۆنێتی کشانەوەی هاوپەیمانان و پابەندییەکانی عێراق ئاماژەیان پێکراوە، جەختیش لەوە کراوەتەوە، کۆتایی بە هێرشەکانیان ناهێنن بۆ رووبەڕوبوونەوەی هێزە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران”.
ئەو سەرچاوانە بە شەرقولئەوسەتیان گوتووە، ئەمریکا لاری نییە لە دەستپێکردنی قۆناغی تازەى پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی لەگەڵ عێراق، بەڵام جەختی لەوە کردووەتەوە کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان نابێتەهۆی راگرتنی هێرشەکانیان دژی هێزە چەکدارەکانی نزیک ئێران.
سەرچاوەکان دەڵێن، واشنتن لە نامەکەیدا بەغدادی ئاگادارکردووەتەوە بە وردی ئاگاداری دەرئەنجامەکانی کشانەوەی هاوپەیمانان بێت، لەنێویشیاندا ئەو پابەندییە دارایی و ئابوورییانەی دوو وڵاتەکە بەیەکەوە دەبەستێتەوە.
عێراق لە ساڵی 2003ـەوە داهاتی نەوتی خۆی لە بانکێکدا داناوە کە لەژێر کۆنترۆڵی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکادایە، ئامانج لەم هەنگاوەش یارمەتیدانی عێراق بووە لە بەڕێوەبردنی سامانەکانی بە رێگایەکی شەفاف.
بەگوێرەى رۆژنامەکە لەدوای گەیشتنی نامەکەی ئەمریکا بە نوسینگەکانی حکومەت لە بەغداد، هێزە سیاسییەکانی دەستیان بە کۆبوونەوەی چڕ کردووە تا رێگایەکی گونجاو بدۆزنەوە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم هەنگاوە لەناکاوە.