زووم:
ئەمریکا لەسەر ئاستى کۆشکى سپی و وەزارەتى دەرەوە جەخت لە هەماهەنگى و پشتیوانیان بۆ قەتەر دەکەنەوە، ئەوەش لە کاردانەوەى تۆمارە دەنگییەکەى ناتانیاهۆدا، کە رەخنەى لە رۆڵى قەتەر گرتووە.
کەناڵ 12ـى ئیسرائیل تۆمارێکى دەنگى بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلى بڵاوکردەوە، کە لەگەڵ کەسوکاری بارمتەکانی لای حەماس کۆبووەتەوە و پێیان دەڵێت، “گوێتان لێنابێت سوپاسی قەتەر بکەم”. ئەو رەخنەی لە رۆڵی قەتەر لە شەڕی غەزە گرتووە و بە رۆڵێکی “کێشەئامێز” وەسفی کردووە.
جۆن کێربی، گوتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا رایگەیاند، قەتەر هاوبەشێکی سەرەکییە لە ناوچەکە، ئێمە سوپاسگوزاری پشتیوانییە بەردەوامەکانی ئەو وڵاتەین لە هەوڵەکانی بۆ ئازادکردنی بارمتەکانى لای حەماس.
هاوکات وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، بەرگری لە قەتەر کرد وەک نێوەندگیرێک لە دانوستانەکانی نێوان ئیسرائیل و حەماس.
ڤیدانت پاتێل، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، “هیچ هەڵسەنگاندنێکم نییە بۆ هەندێک لەو تۆمارە دەنگییانە، ئەوەی دەتوانم بیڵێم، قەتەر هەمیشە هاوبەشێکی سەرەکی هەرێمیی بووە.”
ئەو گوتى، ئەمریکا لە قوڵکردنەوەی هاوبەشییەکانی لەگەڵ قەتەڕ و کارکردنی هاوبەش لە چەندین دۆسیەی سەرەکی بەردەوام دەبێت.