زووم:
رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقولئەوسەت
واشنتن بۆ بەغداد: کشانەوە بەخۆڕایی نابێت.. رووبەڕوبوونەوەی میلیشیاکانی ئێران راناگرین
چەند سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو دەڵێن، ئەمریکا یاداشتێکی داوەتە حکومەتی عێراق تێیدا ئاماژەی بە کات و چۆنێتی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق کردووە و جەختی لەوە کردووەتەوە بە کشانەوەی هێزەکانیان کۆتایی بە رووبەڕووبوونەوەی میلیشیاکانی ئێران نایەت.
عەرەبی جەدید
ئەمریکا بۆ چوونە دەرەوەی هێزەکانی لە عێراق مەرجی هەیە
دیپلۆماتکارێکی دیاری وەزارەتی دەرەوەی عێراق دەڵێت، “واشنتن رازی بووە بەوەی دەست بە گفتوگۆی جدی بکات لەگەڵ عێراق سەبارەت بە کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانان لە عێراق، بەڵام بەو مەرجەی پێش هەر رێککەوتنێک میلیشیاکان کۆتایی بە هێرشەکانیان بۆسەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق و سوریا بهێنن.”
عەرەب
پەیوەندییەکانی تاران و واشنتن میحوەری ناکۆکی گەورەی نێو چوارچێوەی هەماهەنگییە
هەڵوێستی قاسم ئەعرەجی، ئەندامی دیاری رێکخراوی بەدر بە سەرۆکایەتی هادی عامری، لەسەر هێرشەکانی ئەم دواییانەی ئێران بۆسەر هەولێر، ناکۆکی گەورەی لەنێوان هێزەکانی نێو چوارچێوەی هەماهەنگی دروستکردووە.
قودسی عەرەبی
زیاتر لە 75%ـی دانیشتووانی غەزە ئاوارەن و ئیسرائیل پەناگەکان دەکاتەئامانج
لە سەرەتای شەڕی ئیسرائیل و حەماس لە غەزە تائێستا، 1.7 ملیۆن دانیشووی غەزە ئاوارە بوون، 66%ـی دانیشتووانەکەشی بەدەست بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە گوازراوەکانەوە دەناڵێنن.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
واشنتن پۆست
بایدن بەنیازە بەڕێوەبەری سی ئای ئەی بنێرێت بۆ هاوکاریی پرۆژە رێککەوتنەکەی غەزە
جۆ بایدن، سەرۆکى ئەمریکا دەیەوێت بەرنامەیەک دابنێت بۆئەوەی لە چەند رۆژی داهاتوودا ویلیەم بارنز، سەرۆکی دەزگای سی ئای ئەی بنێرێت بۆ هاوکاریکردن لە گفتوگۆکانی نێوانی ئیسرائیل و حەماس بۆ ئاڵوگۆڕکردنی تەواوی ئەو دیل و بارمتانەی، کە هێرشەکەى 7ـى ئۆکتۆبەردا کەوتنە لای حەماس.
گاردیەن
بەرنامەی یەکێتیی ئەوروپا بۆ کۆگاکردنی دەرمان وادەکات رەوشی کورتهێنانی دەرمانەکان لەنێو بەریتانیادا خراپترببێت
یەکێتیی ئەوروپا بەنیازە دەرمان کۆگا بکات، ئەم هەنگاوە تۆماری کورتهێنانی دەرمان لە ناو بەریتانیادا خراپتر دەکات. پسپۆرانیش باس لەوە دەکەن، کە لەوڕوەوە و بەهۆی برێکزیتەوە بەریتانیا لە ناو ڕیزەکەدا بووە بە وڵاتێکی بەجێهێڵدراو.
فاینەنشیەڵ تایمز
بایدن دەیەوێت چانسی خۆی بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتوو باشتر بکات، لەبەرئەوە وایکردووە ئابووریی ئەمریکا بەڕێژەی 3.3٪ گەشە بکات و هەڵاوسانیش کەم بێتەوە
لە چارەکی کۆتایی ساڵی رابوردوودا تێکڕای گەشەی ئابووریی ئەمریکا 3.3٪ بووە، ئەمەش قوفڵێکی باشە بۆ کۆتاییهێنان بە ساڵی 2023، بەڵام چاودێران دەڵێن ئەوە کاری بایدن بووە بۆئەوەی شانسی خۆی لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا باشتر بکات.
ئورشەلیم پۆست
لە هەڵکشانێکی نوێی دیکەى ئاڵۆزییەکاندا سوپای ئیسرائیل فڕۆکەخانەیەکی سەربە حیزبوڵای ئێرانی بۆردوومانکرد
سوپای ئیسرائیل رۆژی پێنج شەممە رایگەیاند، کە لە شاری قەلعەت جابر لە لوبنان فڕۆکەخانەیەکی سەربازیی سەرەکیی حزبوڵای سەر بە ئێرانی بۆردوومان کردووە، کە زۆرجار لەکاتی ناکۆکییەکانی نێوانی هەردوولادا لەو فڕۆکەخانەیەوە هێرش کراوەتە سەر ئیسرائیل.
رۆژنامە تورکییەکان
حوڕییەت
رەچەتەى موراد قوروم بۆ ئەستەنبوڵ
موراد قوروم کاندیدى ئاک پارتی پڕۆژەیەکى 10 خاڵى بۆ ئەستەنبوڵ راگەیاند، لەوانەش دروستکردنى 100 هەزار یەکەى نیشتەجێ بوون، یەکەکان نافرۆشرێن و بە نرخێکى زۆر کەم بە کرێ دەدرێت. پرۆژەکە تەواوى 39 قەزاى سەر بە شارەکە دەگرێتەوە.
میللیەت
چاوەڕێ ناکرێت ئاستەنگى بۆ فرۆشتنى ئێف 16 دروستببێت
لە پاش پەسەندکردنى بە ئەندامبونى سوید لە ناتۆ لەلایەن تورکیاوە، چاوەڕێ دەکرێت وەزارەتى دەرەوەى ئەمریکا داواکارییەکەى تورکیا پێشکەش بە کۆنگرێس بکات، ئەگەر لەلایەن کۆنگرێسەوە هەنگاوێکى نەرێنى نەدرێت، ئەوا لەماوەى 15 رۆژدا فرۆشتنى ئێف 16 بە تورکیا دەکەوێتە جێبەجێ کردنەوە.
ئایدنڵک
سوودى بانکى لە تورکیا بۆ 45% بەرزکرایەوە
بانکى ناوەندى تورکیا، سوودی بانکی لە رێژەی 42.5%ـەوە بۆ 45% بەرزکردەوە.
بانکی ناوەندیی تورکیا بڕیاریدا بە زیادکردنی 250 خاڵ، بەمەش سوودی بانکی بۆ 45% بەرزکرایەوە.
یەنى بیرلیک
لە ئەستانە، رووسیا و ئێران و تورکیا لەسەر پرسى تیرۆر رێککەوتن
21 مین کۆبونەوەى ئەستانە لە کازاخستان، سەبارەت بە پرسى سووریا، هەریەک لە روسیا و ئێران و تورکیا بۆ رێگریی لە مەترسییەکانى تیرۆر لە سنوورەکانى وڵاتانى دراوسێ وە هەماهەنگییەکانیان بۆ رووبەڕووبونەوەى تیرۆر بەردەوام دەبێت.