زووم:
رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دوای 7ـی ئۆکتۆبەرەوە زنجیرەیەک رووداوی گەورە و کتوپڕی بەخۆوە بینی، بە هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل دەستیپێکرد، تا گەیشت بە کرانەوەی چەند بەرەیەکی شەڕ لە یەمەن، لوبنان و عێراق.
ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە وەزارتی دەرەوەی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد، لەگەڵ ئەمریکا رێککەوتوون لەسەر پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵای سەربازی و هەڵسەنگاندن دەکەن بۆ هەڕەشە و مەترسییەکانی داعش، بەهێزترکردنی توانای هێزە ئەمنییەکانی عێراق و داڕشتنی خشتەیەکی زەمەنیی دیاریکراو و روون لەبارەی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا لە عێراق.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق دەشڵێت، لیژنەکە کار دەکات بۆ کەمکردنەوەی قۆناغ بە قۆناغی راوێژکارەکان، کۆتاییهێنان بە ئەرکی سەربازیی هاوپەیمانان لە دژی داعش و گۆڕینی پەیوەندییەکان بۆ پەیوەندیی دووقۆڵیی گشتگیر لەگەڵ وڵاتانی بەشدار لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە رووی سیاسی، ئابووری، ئەمنی، سەربازی و کەلتوورییەوە.
دەستبەجێ دوای راگەیەندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، لوید ئۆستن وەزیری بەرگریی ئەمریکا راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد لیژنە باڵا سەربازییەکەی ئەمریکا و عێراق لە چەند رۆژی داهاتوودا کۆدەبنەوە، بە لەبەرچاوگرتنی هەڕەشەکانی داعش لە عێراق، پێویستییەکانی کارکردن و ئاست و توانای هێزە ئەمنییەکانی عێراق، بڕیار لەسەر چۆنیەتیی کارکردنی هاوپەیمانان لە عێراق دەدرێت.
ئەم دوو راگەیەندراوە کاردانەوەی فراوانی نێوخۆیی و دەرەکی لێکەوتەوە، بە جۆرێک قاسم ئەعرەجی راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق لە پەیامێکدا لە “ئێکس” پشیوانی لە رێکارەکان کرد و داواشی لە هێزە سیاسییەکانی عێراق کرد، بۆ سەرخستنی پرۆسەکە پشتیوانی لە هەنگاوەکانی حکومەت بکەن.
هاوکات هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت، کە هێزە پێکهێنەرەکانی حکومەتی عێراق لەخۆدەگرێت، پێشوازی لە بڕیارەکە کرد، هەروەها لایەنە شیعییەکانی نێو چوارچێوەی هەماهەنگی، پێشوازییان لەو هەنگاوە کرد و پشتیوانیان لە گۆڕینی پەیوەندییەکانی عێراق و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ پەیوەندیی سیاسی دەربڕی.
لەسەر ئاستی سووننەکانیش، هەریەکە لە حزبی تەقەدوم، هاوپەیمانیی عەزم و حەسم پێشوازییان لێکرد و داوایانکرد هێزە سیاسیەکان پابەندبن بە رێزگرتن لە ئاسایش و سەقامگیریی عێراق.
لەلایەکی دیکەوە، باڵیۆزانی ئەمریکا و بەریتانیا لە بەغداد، پشتیوانییان لەو پێشهاتە کرد، بە جۆرێک ئەلینا رۆمانۆڤیسکی باڵیۆزی ئەمریکا رایگەیاند، “پێشوازی لە دەستپێکردنی کاری لیژنەکە دەکەین و هاوبەشیی بەردەوامی دوولایەنە کارێکی گرنگە”. هەروەها ستیڤن هیچن باڵیۆزی بەریتانیا رایگەیاند، وڵاتەکەی پاڵپشتیی تەواو لەو راگەیەندراوە دەکات و بە ئەرێنی دەیبینێت.
هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا لە ساڵی 2014ـەوە لەسەر داوای حکومەتی بەغداد لە عێراقن بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش. لە ئێستادا عێراق داوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە وڵاتەکەی دەکات کە ژمارەیان دوو هەزار و 500 سەربازە.