سەنتەری میترۆ رایگەیاند، لە کاتى خۆپیشاندانەکانى ئەمڕۆى خوێندکارانى زانکۆى سلێمانیدا، “هێزێكی نەناسراو” لە بەردەم مەكتەبی سیاسی یەكێتی، پەلاماری تیمەكانی راگەیاندنیان داوە و دەستیان بەسەر كەلوپەلی رۆژنامەوانی تیمەكاندا گرتووە و توندوتیژییان بەرامبەریان ئەنجامداوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 13ی تشرینی دووەمی 2022 خوێندکارانی زانکۆی سلێمانی دووبارە خۆپیشاندانیان ئەنجامدا بۆ داواکردنی دەرماڵە، خۆپیشاندانەکان گرژیان تێکەوت و هێزە ئەمنیەکان گازی فرمێسک رێژیان بۆ بڵاوەپێکردنی خوێندکاران بەکارهێنا.
سەنتەری میترۆ لە راگەیەندراوەکدا دەڵێت “ئەمڕۆ یەكشەممە 13ـی 11ـی 2022 بەشێك لە خوێندكارانی زانكۆی سلێمانی لە بەردەم باڵەخانەی پارێزگای سلێمانی خۆپێشاندانیان كرد و هێزە ئەمنییەكان بە گازی فرمێسكڕێژ هەوڵیان دا بڵاوەیان پێكردن و بەشێكیان هاتنە بەردەم مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە سەر شەقامی سالم. چەند رۆژنامەنوسێك بە سەنتەری میترۆیان راگەیاند، لە دەوروبەری مەكتەبی سیاسی یەكێتیی لە لایەن چەند گروپێكەوە پەلاماردراون كە هیچ ناسنامەیەكیان هەڵنەواسیوە وەك ئەوەی كە ئاسایش و پۆلیسی پێدەناسرێنەوە”
سەنتەری میترۆ لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژەى بەوەشداوە ” ئەم دەستدرێژییانە بۆ سەر تیمەكانی راگەیاند پێچەوانەی بڕگەی چوارەمە لە ماددەی حەوتەمی یاسای رۆژنامەگەری لە كوردستان، “رۆژنامەنوس مافی ئامادەبونی لە كۆنگرە و چالاكییە گشتییەكاندا هەیە” ، سەنتەری میترۆ لە كاتێكدا كە ئیدانەی دەستدرێژی و دەستبەسەركردن و زەوتكردنی كەلەپەلی رۆژنامەوانی تیمەكانی راگەیاندن دەكات لە لایەن هێزێكی نەناسراو لەبەردەم مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، داوا لە لیژنەی ئەمنی پارێزگای سلێمانی دەكات روونكردنەوە بۆ رای گشتی بدات”
سەنتەری میترۆ دەشڵێت “بوونی هێزی نەناسراو لەناو خۆپیشاندان، كە هیچ جۆرە هێمایەكیان هەڵنەواسیبێت، توندوتیژی بەرامبەر تیمەكانی راگەیاند ئەنجامبدەن، پێشهاتێكی ترسناكە بۆ مامەڵەی دەسەڵات لەگەڵ چالاكی مەدەنییدا”
هەر لەسەر ئەو پرسە، کاروان ئەنوەر، بەرپرسى لقی سلێمانی سەندیکای رۆژنامەنووسانى کوردستان بە زوومى رایگەیاند “هیچ رۆژنامەنووسێک سەندیکای ئاگادارنەکردووەتەوە لەوەی پێشێلکاریی بەرامبەرکرابێت یاخود کەلوپەلە رۆژنامەوانییەکانی لێوەرگیرابێت”
کاروان گوتیشی “هەر رۆژنامەنووسێک پێشێلکاریی بەرامبەر بکرێت دەبێت لە بنکەی پۆلیس سکاڵا تۆمار بکات و سەندیکای رۆژنامەنووسان پارێزەری بۆ دابین دەکات”
خوێندکاران پێشتر دوو رۆژ مۆڵەتیان دابوو بە حکومەت
لە ناوەراستی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ، خوێندکارانی زانکۆی سلێمانی خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و شەقامی سەرەکی بەردەم کامپی زانکۆی سلێمانیان لە راپەرین گرت، خوێندکاران داوایان دەکرد مانگانە و لە کاتی خۆیدا دەرماڵەیان پێبدرێت، هەروەها داوای کەمکردنەوەی کرێ خوێندنی سیستەمی پارالێلیان دەکرد
لە 19ی ئۆکتۆبەر زانکۆی سلێمانی وەڵامی داواکاریەکانی دانەوە و بەڵێنی جێبەجێکردنی پێدان، خوێندکارانی نارازیش مۆڵەتی دوو هەفتەیان دا بۆ جێبەجێکردنی داواکاریەکان
لە دوای زیاتر لە 20 رۆژ خوێندکاران بەهۆی جێبەجێنەکردنی داواکارییەکان بریاریان دا خۆپیشاندانەکان دەستپێبکەنەوە، جگە لە زانکۆی سلێمانی خوێندکارانی زانکۆی پۆلیتەکنیک و چەند پەیمانگایەک لە سنوری پارێزگای سلێمانی هاتنە ریزی خۆپیشاندانەکان.
خۆپیشاندەران دووبارە رێگەی سەرەکی بەردەم کامپی زانکۆی سلێمانیان گرت، بەشێک لە خوێندکارانیش چوونە بەردەم بینای پارێزگاری سلێمانی، هێزە ئەمنیەکەن هەوڵیاندا بە گازی فرمێسکرێژ بڵاوە بەخۆپیشاندەران بکەن، ژمارەیەک خوێندکاری خۆپیشاندەریش رووبەروویان بوونەوە.