زووم:
زانایان نزیکن لە بە ئەنجامگەیاندنی توێژینەوەیەک بۆ بەکارهێنانی ئەندامی جەستەی ئاژەڵ بۆ مرۆڤ.
تۆڕی سی ئێن ئێن ئاماژەی بە توێژینەوەیەکی نوێ کردووە کە زانایانی زانکۆی “ئالاباما – بێرمینگهام” کردوویانە، لە توێژینەوەکەدا گورچیلەی بەرازیان بۆ سێ کەس داناوە کە مێشکیان لە کار کەوتووە.
تۆڕەکە ئاشکراشی کرد، لە توێژینەوەکەدا پزیشکان پیویستیان بە بەکارهێنانی دەرمانی تایبەت نەبووە بۆ ئەنجامدانی نەشتەرگەری چاندنەکە و نەشتەرگەرییەکەش بە سەرکەوتوویی ئەنجامدراوە، ئەمەش واتە دەکرێت ئەم توێژینەوەیە لەسەر ژمارەیەکی زیاتر لە خەڵک تاقیبکرێتەوە.
هەرچەندە توێژینەوەکە سنووردارە و تەنها لەسەر سێ کەس تاقیکراوەتەوە، بەڵام ئەوە دەردەخات کە دەکرێت پێشکەوتن لەم بوارەدا بەدیبێت و کۆتایی بە قەیرانی کەمی ئەندامانی جەستەی مرۆڤ بهێنرێت.
بەگوێرەی هەواڵێکی تۆڕی سی ئێن ئێن، زیاتر لە 100 هەزار کەس لە ئەمریکا لە لیستی چاوەڕوانی چاندنەوەی ئەندامەکانی جەستەیاندان، رۆژانە 17 کەسیان لە چاوەڕوانیدا دەمرن، بۆیە پزیشکان دەیان ساڵە بەدوای جێگرەوەی ئەندامی جەستەی مرۆڤدا دەگەڕێن.