زووم:
رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقولئەوسەت
گروپە چەکدارەکانى عێراق پلانى روبەڕوبوونەوەى گەورە دژى ئەمریکا دادەڕێژن
دواى هێرشکردنە سەر هێزەکانى حیزبوڵاى عێراقى لە لایەن ئەمریکاوە، بزوتنەوەى نوجەبا بەڵێنى بە دەرکردنى باڵیۆزخانەى ئەمریکاى داوە و لە بەیاننامەیەکدا دەڵێت: وەڵامی توندمان دەبێت و تا دەرپەڕاندنى کۆتا سەربازی ئەمریکی لە عێراق بەردەوام دەبین.
سەرچاوەیەکی عێراقیش بە رۆژنامەى شەرقولئەوسەتى راگەیاندووە هێزە عێراقییەکانى نزیک لە ئێران سەرقاڵی دانانى پلانێکى سەرتاسەرین بۆ روبەڕووبونەوەى گەوەرى ئەمریکا.
سەباح
هەموارکردنەوەی دەستوور چاوەڕوانى دانیشتنەکانى پەرلەمانە
موحسین مەندەلاوى سەرۆکی پەرلەمانى عێراق بە وەکالەت رایگەیاندووە دەستورى 2005 ى عێراق شایانى پێداچوونەوەیە و پێویستە لە هەموارکردنەوەیدا بەرژەوەندییە باڵاکان و مافى سەرجەم پێکهاتەکان لەبەرچاوبگرێت، باسی لەوەشکردووە پێویستە بڕیار لە کۆتایی هێنان بە پرۆسەى داگیرکاریی تێدا بدرێت و بۆ ئەومەبەستەش پێویستمان بە راوبۆچوونى هەموو لایەنەکان دەبێت.
دەستوور
عێراق سوورە لەسەر تۆمارکردنى سکاڵا دژى ئەمریکا
هیشام ریکابی، راوێژکارى راگەیاندنى سەرۆک وەزیرانى عێراق رایگەیاندووە وڵاتەکەى مکوڕە لەسەر تۆمارکردنى سکاڵا لە ئەنجومەنى ئاسایشى نێودەوڵەتى لەبارەى هێرشەکانى ئەمریکا بۆسەر هێزە عێراقییەکان و داواى لیژنەیەکى نێودەوڵەتیش دەکات بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە.
عەرەبی جەدید
بەشێکى زۆر لە تەوەرەکانى کۆبوونەوەى ئاستانە پەیوەندى بە باکوور و رۆژهەڵاى سوریا (رۆژاڤا)ـوە هەبوو
لە 21ـهەمین کۆبوونەوەى ئاستانەدا بەشێکی زۆری گفتوگۆکان لەبارەى کێشەو گرفتەکانى رۆژاڤاوە بوو، بەشێکى تریشی قسەکردن بوو لەسەر سوریا و وڵاتانى دراوسێ و نزیکبوونەوەى زیاتری سوریا و تورکیا، بەشێکی تریشی پەیوەندی بە بەرزبوونەوەى چالاکییەکانى ئێران و روسیاوە بوو لە سوریا و سەرۆکی تورکیاش رایگەیاندووە لەپێش هەڵبژاردنەکاندا لەگەڵ سوریا دەگەینە ئەنجامی کۆتایی.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
گاردیەن
بەهۆی گەمارۆدانی غەزە لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە هەزاران کەس لە نەخۆشخانەکاندا گیریان خواردووە
هەزاران کەس کە لە ناوچەی خان یونسی غەزە، کە نەخۆشخانەکان وەک پەناگەیەک بەکاردەهێنن، بەهۆی گەمارۆدانی سوپای ئیسرائیلەوە گیریان خواردووە. ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ سەردانیی شاندێکی گرووپی حەماس بۆ میسر بۆ ئەوە گەڕێکی دیکەی دانووستانەکان لەبارەی ئاگربەست و ئازادکردنی بارمتەکانەوە دەستپێبکەنەوە.
واشنتن پۆست
خێزانى بارمتەکانی ئیسرائیل کە رۆژبەرژ نائومدییەکانیان زیاتر دەبێت، فشارەکانیان زیاتر دەکەن
بێ ورەیی لەناو خێزانی بارمتەکانی ئیسرائیل خەریکە دەگۆڕێت بۆ تووڕەیی. دوای سێ مانگی پڕ لە ئازاری چاوەڕوانیی ئازادکردنی منداڵ، دایکوباوک و هاوسەرانیان، خەریکە ئەو کۆمەڵەیە زیاتر نائومێد دەبن و تووڕە دەبن. لە دوایین هوڵیاندا بۆ فشار خستنە سەر ئیسرائیل، پارێزەرانی کەیسی بارمتەکان رژانە نێو کۆبوونەوەی لیژنەکانی پەرلەمانی ئەو وڵاتە بۆ ئەوەی فشارەکانیان زیاتر بکەن.
ئۆرشەلیم پۆست
بانکە گەورەکانی ئەفریقای باشوور هاوکاری حەماس دەکەن
بەگوێرەی لێکۆڵینەوەیەک، چەندین رێکخراو و کەسایەتی ئەفریقای باشوور رۆڵی بەرچاویان هەیە لە دابینکردنی هاوکاریی دارایی بۆ گرووپی حەماس. ئەمەش لەڕێگەی چەندین هەژمارەوە لە سێ بانکیی گەورە لەو وڵاتەدا ئەنجامدەدەن. هاوکات سەرجەم پشتیوانییە داراییەکانیش لەژێر ناوی خێرخوازیدا بۆ ئەو گرووپە دابیندەکەن.
عەرەب نیوز
بەرپرسانی ئیسرائیل دەڵێن، شەڕی غەزە راناگرن
حکومەتی ئیسرائیل رەتیکردەوە ئاگربەست بۆ شەڕی غەزە رابگەیەنێت و بارمتەکان ئازادبکرێن. ئەوان بەڵێندەدەن شەڕ بەردەوام بێت تا حەماس بەتەواوی تێکدەشکێنن. ئەمەش دوای ئەوە دێت کە گفتوگۆکان بۆ راگەیاندنی ئاگربەستێکی 30 رۆژیی دەستیانپێکرد، بەڵام ئیسرائیل رەتیکردووە. لەوبارەیەوە گووتەبێژی حکومەتی ئیسرائیل رایگەیاند، هێرشەکانیان بۆسەر حەماس بەردەوام دەبێت تا بەتەواوی مەترسییەکانیان بۆسەر ئیسرائیل ناهێڵن.
رۆژنامە تورکییەکان
سەباح
پشتیوانى ئێران بۆ روبەڕوبوونەوەى تیرۆر زۆر گرنگە
لەنێوان رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆمارى تورکیا و ئیبرایم رەئیسی 10 رێککەوتنى گرنگ لەنێوان هەردوو وڵات ئیمزاکرا.
ئەردۆغان رایگەیاند: پێویستە لە روبەڕووبونەوەى تیرۆردا لەدژى پەکەکە، یەپەگە، پەیەدە هەنگاوى بەهێزتر بنێین. لەم روبەڕووبونەوەیەدا پشتیوانى وڵاتێکى دراوسێى وەک ئێراتن بۆ ئێمە گرنگە.
لە بەرامبەردا ئیبرایم رەئیسى رایگەیاندووە: ئاسایشى تورکیا بە ئاسایشى خۆمانى دەزانین. لەگەڵ تورکیا هەماهەنگیمان بۆ روبەڕبونەوەى تیرۆر زیاتر دەبێت.
حوڕییەت
ئەنجوومەنى دەم پارتى لەبارەى کاندیدى ئیستەنبوڵ کۆدەبێتەوە
وابڕیارە ئەمڕۆ سبەی ئەنجومەنى دەم پارتى کۆبونەوە بۆ دوا بریارى لەسەر شارەوانیی ئیستەنبوڵ دەدات، مەسەلەى کاندیدکردنى بەشاک دەمیرتاش لە رۆژەڤدایە چاوەڕێ دەکرێت بریارێک لەو بارەیەوە بدرێت.
میللەت
ئەنقەرە و تاران هەماهەنگى تەواویان بۆ روبەڕوبوونەوەى تیرۆر نیشانداوە
لەنێوان تاران و ئەنقەرە 10 بڕگە رێککەوتنى لەسەر کراوە، ئەوانیش لە بوارى وزە، کەلتووریی، میدیا، رێگەى ئاسنین، پاراستنى سنوورەکان، زیادکردنى ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان، گرنگترینیان مەسەلەى پرسى تیرۆر و روبەڕووبونەوەى پەکەکە بووە.
رۆژنامەى تورکیا
گڵۆپى سەوز بۆ پێدانى ئێف 16 هەڵکرا
جۆو بایدن سەرۆکى ئەمریکا، پشتیوانى خۆى بە پێدانى فڕۆکەى ئێف 16 بە تورکیا دەربڕى، بایدن نامەیەکى بۆ کۆنگرێس نوسیوە و لەپاش پڕۆسەى دەنگدان لە کۆنگرێس، ئەمریکا بەفەرمى فڕۆکەى ئێف 16 بە تورکیا دەفرۆشرێت.