زووم:
ئەمریکا تاوتوێی کشانەوەی تەواوی هێزەکانی لە سوریا دەکات، بەڵام هێشتا هیچ بڕیارێک لەبارەی وادەی کشانەوەکەوە دیارینەکراوە، ئەوەش بەگوێرەی چوار سەرچاوەی ناو وەزارەتی دەرەوە و بەرگریی ئەمریکا بۆ گۆڤاری فۆڕن پۆڵسی ئەمریکی.
گۆڤارەکە لە راپۆرتێکدا دەڵێت، ئاڵۆزییەکانی دوای هێرشەکەی حەماس بۆسەر ئیسرائیل و کوڵانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئیدارەی بایدنی ناچارکردووە پێداچوونەوە بە کاری لەپێشینەی سەربازیی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکات.
راپۆرتەکە دەڵێت، کشانەوەی سەربازانی ئەمریکا لە سوریا کارەسات دەخولقێنێت، چونکە فۆڕن پۆڵسی وەک خەڵاتێک بۆ داعش ناوبردووە، ئەگەرچی لەئێستادا لاوازن، بەڵام دەرفەتی دەرکەوتنەوەیان لە سوریا لە ئارادایە، ئەگەر بۆشایی ئەمنی درووست ببێت.
سەرچاوەکانی گۆڤارە ئەمریکییەکە گوتوویانە کۆشکی سپی چیدیکە سەرمایە لە ئەرکێکدا خەرج ناکات کە پێویست نییە، هەروەها گفتوگۆکان لەبارەی چۆنیەتی و کاتی کشانەوەی هێزەکان بەردەوامن.
بەگوێرەی گۆڤارەکە، ئەمریکا بە 900 سەربازەوە لەگەڵ هەسەدە توانیویانە رێگری لە بووژانەوەی داعش لە رۆژاڤا بکەن، بەڵام بارودۆخەکە لەو شوێنانەی لەژێر دەسەڵاتی رژێمی سوریادان جیاوازە.
ئەمریکا بە 900 سەربازەوە لەگەڵ هەسەدە توانیویانە رێگری لە بووژانەوەی داعش لە رۆژاڤا بکەن
لەبارەی جموجووڵی داعش لە عێراق، گۆڤارەکە نووسیویەتی، تاڕادەیەکی زۆر داعش جموجوڵی کەم بووەتەوە، لە ساڵی 2023دا مانگانە نۆ هێرشی ئەنجام داوە لەکاتێکدا لە ساڵی 2014دا لە هەر مانگێکدا 850 هێرشی ئەنجام دەدا.
فۆڕن پۆڵسی باسی لەوەش کردووە کاریگەریی داعش لە رۆژهەڵات و ناوەڕاستی سوریا دەرکەوتووەتەوە، گرووپەکە سەرانە لە هەموو کەس دەسێنێت، هەر لە پزیشک و دوکاندارەکانەوە تا دەگاتە جووتیار و شۆفێری بارهەڵگرەکان.
ئەگەرچی چالاکییەکانی پێشووی داعش بەزۆری لە گوندەوارەکانی سوریادا بوو، بەڵام ئێستا گەیشتووەتە شارەکان. لە زۆرێک لە ناوچە گوندنیشیانەکاندا، داعش وەک دەسەڵات یان حکومەتی سێبەر دەناسێنرێت.
ئەمریکا لە یەک لەسەرسێی خاکی سوریادا ئامادەیی هەیە و رێگری کردووە لە چالاکییەکانی داعش
فۆڕن پۆڵسی ئاماژەی بەوەیش کردووە، ئەمریکا لە یەک لەسەرسێی خاکی سوریادا ئامادەیی هەیە و رێگری کردووە لە چالاکییەکانی داعش، بەڵام لە ئەگەری کشانەوەیدا، داعش بووژانەوەیەکی بەرچاو بەخۆوە دەبینێت و دەکرێت ببێتە هۆی تێکدانی سەقامگیریی عێراق.