زووم:
زۆربوونی ژمارەی ئاوارەی ئەفغانی لە ئێران مشتومڕێکی لەناو بەرپرسان و خەڵکی وڵاتەکە درووستکردووە لەبارەی مەترسییەکانی ئێستا و داهاتوو لەسەر وڵاتەکە.
رەحیم سەفەوی، یاریدەدەر و راوێژکاری باڵای فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێرانە لە کۆبوونەوەیەکیدا لەگەڵ ڤینسێنت کاسارد، سەرۆکی دەزگای خاچی سووری نێودەوڵەتی رایگەیاند، ئەگەر پێنج ملیۆن ئەفغانی بۆ هەر ژەمێک تەنها یەک نان بخۆن، رۆژانە 15 ملیۆن نان دەخۆن و ئەوەش بارێکە بەسەر وڵاتەوە، چونکە نان لەلایەن حکومەتەوە پاڵپشتی دەکرێت.
گوتیشی، کاتێک نەخۆش دەکەون، دامەزراوە تەندروستییەکانمان خزمەتگوزاریان پێشکەش دەکەن و ئەمەش بۆ وڵات تێچووی زۆری دەوێت.
سەرەتای ساڵی 2023، سادق رەزا، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری هاووڵاتیانی بیانی و کۆچبەران لە وەزارەتی ناوخۆی ئێران رایگەیاند، زیاتر لە پێنج ملیۆن ئەفغانی لە ئێراندا هەن کە نزیکەی ملیۆن و 500 هەزاری لە دوای گرتنەدەستی تاڵیبان چوونەتە ئێران.
زۆرینەی ئەم کۆچبەرانە نایاسایین و تەنانەت ناسنامەشیان نییە، ئەم بابەتە بازاڕی کاری ئێرانیشی شێواندووە، چونکە هەر ئەفغانییەک رەگەزنامەی ئێرانی نەبێت ناتوانێت کار بکات، بۆیە زۆرجار بە نرخێکی زۆر هەرزانتر کار دەکەن و تەنانەت زۆر جار پارەیان پێ نادرێت.
پەنابەرانی ئەفغانی لە ئێران چەندین کێشەی وەک خوێندن و کار و هاوسەرگیرییان هەیە، نیشتەجێبوونیان لە 15 پارێزگا بە تەواوی قەدەغەیە و لە هەندێک شار و ناوچەی 12 پارێزگای دیکەش نیشتەجێبوونیان قەدەغەیە.
نزیکەی 360 هەزار خوێندکاری ئەفغانی لە 25 هەزار و 490 قوتابخانەی ئێرانی بەخۆڕایی دەخوێنن، بەڵام خوێندنی زانکۆ بۆ ئەوان بەخۆڕایی نییە و تەنها 11 هەزار ئەفغانی لە زانکۆکانی ئێران دەخوێنن، هەروەها رێگەیان پێنادرێت دوای تەواوکردنی خوێندنیان کاربکەن بەبێ ئەوەی ڕەگەزنامەی ئێرانیان هەبێت.
کەمیش نین ئەو کەسانەی دەڵێن حکومەتی ئێران سوود لەم ژمارە زۆرەی ئاوارەی ئەفغانییە وەردەگرێت و دەڵێن، بەرپرسان لە هەڵبژاردنەکاندا ئاوارە ئەفغانییەکان بەکاردەهێنن بۆ دەنگدان.
جیاواز لەوەش، لە ساڵانی رابردوودا کۆماری ئیسلامی هەوڵی داوە هێزێکی میلیشیایی لە کۆچبەرانی ئەفغانستان دروست بکات و لە شەڕەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆی بەکاریان بهێنێت، بۆ نموونە سوپای پاسداران لیوای فاتمیونی دامەزراندووە و رەوانەی سوریای کردووە.