زووم:
تمەنی ئێرانی بەردەوامە لە دابەزین، جگە لە دۆلاری ئەمریکی، بەرامبەر بە یۆرۆ و پاوەنی بەریتانیش دابەزینی پێوانەیی تۆمارکرد.
ئەمڕۆ نرخی یۆرۆ لە ئێران 60 هەزار تمەنی تێپەڕاندووە، پاوەندیش بە زیاتر لە 70 هەزار تمەن مامەڵەی پێوەکراوە، ئەوەش نزمترین ئاستە دراوە ئێرانییەکە بەرامبەر بە یۆرۆ و پاوەن تۆماریبکات.
دابەزینەکە بەرامبەر دۆلاری ئەمریکیشە، ئەمڕۆ یەک دۆلار گەیشتە نزیکەی 56 هەزار تمەن، لەکاتێکدا مانگێک پێش ئێستا نرخەکە نزیکەی 50 هەزار تمەن بوو، واتا لە مانگێکدا بەهاکەی زیاتر لە 10% دابەزیوە، ئەوەش هەڵاوسان و هەژاریی زیاتری خەڵکی لێدەکەوێتەوە.
بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی میهر، محەمەد رەزا فەرزین، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئێران، یەکێک لە هۆکارەکانی دابەزینی نرخی تمەنی گەڕاندەوە بۆ هێرشەکانی ئەم دواییەی وڵاتەکەی بۆسەر هەولێر و سوریا و پاکستان، بەڵام بەگوتەی خۆی، دابەزینی بەهای تمەن “سنووردار و کاتی” دەبێت.