زووم:
سوید هەنگاوێکی گەورەی بەرەو ناتۆ بڕی، شەوی رابردوو پەرلەمانی تورکیا پاش نزیکەی ساڵێک لە بێنەوبەردەی نێوان هەردوو وڵات، رەزامەندی لەسەر داواکاری سوید بۆ ئەندامبوون لە ناتۆ نیشاندا.
لە دانیشتنەکەدا لە کۆی ٣٤٦ پەرلەمانتاری ئامادەبوو، ٢٨٧ پەرلەمانتار بە بەڵێ و ٥٥ پەرلەمانتار بە نەخێر دەنگیان دا.
پەرلەمانتارانی ئاک پارتی، جەھەپە، مەھەپە و پارتی ئایندە دەنگیان بە یاساکە دا، لەبەرامبەردا پەرلەمانتارانی ئیی پارتی، دەم پارتی، سەعادەت و ھوداپار بە نەخێر دەنگیان داوە.
ئێستا تۆپەکە لە گۆڕەپانی سەرۆککۆماری تورکیادایە، چاوەڕواندەکرێت لە رۆژانی ئایندەدا ئەردۆغان دوایین واژۆ بخاتە سەر پرۆتۆکۆڵەکەی سوید و رەوانەی رێکخراوی ناتۆی بکاتەوە.
فینلەند و سوید ئەگەرچی بە درێژایی جەنگی ساردی نێوان یەکێتی سۆڤیەت و رۆژئاوا سیاسەتی بێلایەنی سەربازییان هەڵبژاردبوو، بەڵام نزیکەی دوو ساڵ لەمەوبەر و پاش دەستپێکردنی هێرشەکانی روسیا بۆ سەر ئۆکراین، بە هاوبەشی داواکارییەکیان بۆ ئەندامبوون لە ناتۆ پێشکەشکرد.
رێگەکەی ستۆکهۆڵم و هێلسنکی بەرەو ناتۆ هەروا سانا نەبوو، ئەنقەرە بوو بە بەربەست لە بەردەم خواستەکەیاندا، تورکیا ئەو دوو وڵاتە ئەوروپییەی بەوە تۆمەتباردەکرد کە چەندین چالاکی کورد و کەسایەتی داڵدەداوە ناویان لە لیستی داواکراوانی تورکیادایە.
وێڕای ئەوە، مانگی نیسانی ساڵی رابردوو فینلەندا توانی رەزامەندی تورکیا بەدەستبهێنێت و ببێتە ئەندامی ژمارە 31ـی هاوپەیمانی ناتۆ، بەڵام نیگەرانییەکانی تورکیا لەبارەی سوید درێژەی هەبوو، تا دواجار سوید ھەنگاوی ئەرێنی بۆ داخوازییەکانی تورکیا گرتەبەر.
ئێستا کە تورکیا بە داواکارییەکەی سوید رازی بووە، چاوی لەوەیە ئەو بەڵێنانەی پێی دراوە لە ئایندەیەکی نزیکدا جێبەجێبکرێن، لەوانە فرۆشتنی ٤٠ فڕۆکەی ئێف ١٦ لەلایەن ئەمریکاوە بە تورکیا و ناساندنی پارتی کرێکارانی کوردستان بە رێکخراوێکی “تیرۆریستی” لەلایەن سویدەوە.
سوید ئەگەرچی بەربەستی تورکیای بڕی، بەڵام هێشتا بەربەستی ھەنگاریاشی ماوە، ڤیکتۆر ئۆربانی سەرۆکوەزیرانی هەنگاریا نیگەرانە لەوەی زۆرجار لە میدیاکانی سویدەوە بە دیکتاتۆر وەسفدەکرێت، سەربای ئەوە، لە چەند رۆژی رابردوودا ئۆربان داوای لە هاوتا سویدییەکەی کرد سەردانی بودابێست بکات تاوەکو لەوبارەیەوە گفتوگۆ بکەن.
ئەگەر سوید پاڵپشتی هەنگاریا بەدەستبھێنێت، ئەوا دەبێتە ٣٢ـەمین وڵاتی ئەندامی ھاوپەیمانیی باکووری ئەتڵەسی ناسراو بە “ناتۆ”، ئەمەش نیگەرانییەکانی روسیا لە فراوانبوونی سنوورەکانی رێکخراوە زیاتر دەکات.