زووم:
سعودیە سەرقاڵی کردنەوەی یەکەم فرۆشگای خواردنەوە کحولییەکانە لە ریازی پایتەخت، تەنها تایبەت دەبێت بە دیپلۆماتکارانی بیانی.
بەگوێرەی راپۆرتێکی ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، فرۆشگاکە خواردنەوەی کحولی بۆ کەسانی بیانی دابیندەکات، دەبێت پێشتر لەڕێگەی بەرنامەیەکی مۆبایلەکانیانەوە خۆیان تۆمار بکەن و کۆدێکی ئەستۆپاکیی لە وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە وەبگرن، هەروەها دەبێت رێز لەو بڕە کحولە دیاریکراوەش بگرن کە مانگانە بۆیان دیاریدەکرێت بیکڕن.
بەهۆی ئەوەی خواردنەوە کحولییەکان لە ئاینی ئیسلامدا رێگەی پێنەدراوە، هەنگاوێکی لەم شێوەیە، کە لەلایەن شازادەی جێنشین محەمەد بن سەلمانەوە دەستپێشخەریی بۆکراوە، دەبێتە پرسێکی مشتومڕئامێز لە وڵاتەکەدا، ئەمەش وەک بەشێک لەو پلانانە هەژمار دەکرێت کە وڵاتەکە بۆ ساڵی 2030 دایناون و بەشێکن لە بەرەوپێشبردنی ئابووریی نانەوتیی سعودیە.
فرۆشگاکە دەکەوێتە چوارڕیانی دیپلۆماتکاران لە ریازی پایتەخت، گەڕەکێکە چەندین باڵیۆزخانە و ناوەندی دیپلۆماتکاران لەخۆدەگرێت، لە چەند هەفتەی داهاتوودا فرۆشگاکە دەکرێتەوە.
هەرچەندە ملیۆنان کەس لە سعودیە وەک کەسی بیانی دەژین و لەو وڵاتەدا کاردەکەن، بەڵام زۆرینەیان کرێکاری موسوڵمانن و لە وڵاتانی ئاسیا و میسرەوە روویانکردووەتەوە ئەو وڵاتە.
لە سعودیە مەیخواردنەوە و مەیفرۆشی تاوانە و یاسای توندی بۆ دانراوە، ئەو کەسەی تاوانەکە ئەنجامدەدات چەند سزایەکی بۆ دانراوە، لەوانە، لێدانی 100 جەڵد، دیپۆرتکردنەوە، سزای دارایی، زیندانیکردن، هاوکات کەسانی بیانیش رەوانەی وڵاتەکانیان دەکرێنەوە.
بەڵام لەم دواییانەدا، وەک بەشێک لە چاکسازییەکانی سعودیە و بن سەلمان، سزای لێدانی جەڵد گۆڕدرا بۆ زیندانیکردن، لەگەڵ ئەوەشدا، خواردنەوە کحولییەکان لە بازاڕی رەشدا بەردەوام مامەڵەی پێوەکراوە.