رۆژنامە عەرەبییەکان
سەباح
لە مانگى داهاتووەوە ماراسۆنی هەڵبژاردنى پارێزگارەکانى عێراق دەستپێدەکات
- پێشبینی دەکرێت هەشتی مانگی شوباتی داهاتوو، ماراسۆنی فەرمی بۆ هەڵبژاردنی پارێزگارەکان دەستپێبکات، بەو پێیەی ئەندامانی ئەنجوومەنى پارێزگای تازە کە براوەی هەڵبژاردنەکانن، سوێندی یاسایی دەخۆن، بەرلەوەی دەستبکەن بە پێکهێنانی لیژنەکان و دەرگاخستنە سەرپشت بۆ خۆکاندیدکردن بۆ پۆستی پارێزگار.
شەرقولئەوسەت
سەرۆکی سۆماڵ: سەرقاڵی ئەوەنین جەنگ دژ بە ئەسیوپیا رابگەیەنین
- حەسەن شێخ محەمەد، سەرۆککۆماری سۆماڵ دووپاتی کردەوە کە وڵاتەکەی سەرقاڵی ئەوە نییە جەنگ لە دژی ئەسیوپیا رابگەیەنێت، لەبەرامبەریشدا داوای لێکرد رێز لە سەروەریی سۆماڵ و یەکپارچەیی خاکی سۆماڵ بگرێت.
شێخ مەحمود لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ شەرقولئەوسەت، رەتیکردەوە بوونی راگەیاندنی جەنگی فەرمی لە میسر و سۆماڵەوە بوونى هەبێت، هاوکات رەتیکردەوە ئەو بابەتە لەگەڵ عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر تاوتوێ بکات و ئاماژەی بۆ ئەوەکرد ئامانجی گفتوگۆکان پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان میسر و سۆماڵە و هەڕەشە نییە بۆ سەر وڵاتێکی تر.
عەرەبی جەدید
ئەمریکا “بێتوانایی” خۆی لە پشتیوانیکردنى ئۆکراین رادەگەیەنێت
- جەنگی روسیا-ئۆکراین چووەتە قۆناغێکی نوێ و ئەمریکا لەزاری لوید ئۆستن-ی وەزیری بەرگرییەوە دەڵێت، رەنگە ئەمریکا چیتر نەتوانێت هاوکارییە لۆجیستییەکانى خۆی وەک پێویست بنێرێتە ئۆکراین، وەک پشتیوانى و ناردنى موشەک و پێداویستى بەرگریکردن لەخۆی.
راگرتن و سنوردارکردنى پشتیوانییەکانى واشنتن بۆ کیێف، پەیوەندى بە ناکۆکی و ململانێکانى نێو کۆنگرێسی ئەمریکاوە هەیە پەیوەست بە جەنگى ئۆکراین.
ئەلعەرەب
کۆبوونەوەکانى بەرپرسی هەواڵگری تورکیا “میت” لەگەڵ بەرپرسانى باڵای عێراق بەنهێنى و نەزانراوی مایەوە
- سەردانەکەی ئیبراهیم کالین، بەرپرسی هەواڵگری تورکیا بۆ عێراق بەنهێنى و نەزانراوی مایەوە، بەتایبەتی کە لەگەڵ گرنگترین بەرپرسانی سیاسی و ئەمنیی ئەو وڵاتە کۆبووەوە بەبێ ئەوەی ئامانجی سەردانەکە ئاشکرا بکات و رازی بێت سەبارەت بە پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و باسکردنی دوایین پێشهاتە ئەمنییەکان لە ناوچەکەدا باسبکات و لێدوانى لەبارەوە بدات، بەتایبەت بەردەوامبوونی جەنگی غەزە و کاردانەوەی مەترسیدارەکانی.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
فاینەنشیەڵ تایمز
لە “کوشندەترین” رۆژیدا، دوای کوژرانی 24 سەربازی وڵاتەکەی، ئیسرائیل بەرەنگاری داواکانی راگەیاندنی ئاگربەست دەبێتەوە
- لە تەقینەوەیەکدا لە غەزە 21 سەربازی ئیسرائیلی کوژران و لە شەڕی ناوچەی خان یونسیشدا سیانی دیکە کوژران، ئەمەش وەک “کوشندەترین” رۆژ بۆ سەربازانی سوپای ئەو وڵاتە هەژمارکرا. لەگەڵ ئەوەشدا، بنیامین ناتانیاهۆ بەهۆی شێوازی ئیدارەدانی شەڕەکە، لەلایەن خودی کابینەی جەنگی حکومەتەکەی و خێزانی بارمتەکانی لای حەماس لە ژێر فشاردایە.
واشنتن پۆست
دۆناڵد ترەمپ لە هەڵبژاردنی بەرایی ویلایەتی نیوهاپشە سەرکەوتنی بەسەر نیکی هەیڵیدا بەدەستهێنا
- سەرۆکی پێشووی ئەمریکا لە هەڵبژاردنی بەرایی ویلایەتی نیوهامپشە سەرکەوتنی بەسەر رکابەرەکەی، نیکی هەیڵی، بەدەستهێناو هەنگاوێکی دیکە لە کاندیدبوونی بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی ئەمریکا لەسەر پارتی کۆمارییەکان، نزیکبووەوە. ئەمە دووەم بردنەوەی ترەمپە دوای ئەوەی لە ویلایەتی ئایۆواش هەڵبژاردنەکەی بردەوە. یەکەمجارە کاندیدێکى سەرۆکایەتى هەردوو ویلایەتەکە لەسەر یەک بباتەوە.
ئۆرشەلیم پۆست
وەک باجێکی دیکەی شەڕ، ئیسرائیل 24 سەربازی لە رۆژێکدا کوژران و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون
- دوای کوژرانی 24 سەربازی وڵاتەکەیان، بەرپرسە باڵاکانی ئیسرائیل بەڵێنی بەردەوامیی جەنگ دەدەن لە غەزە. ئەمەش دوای ئەوە هات کە چەکدارانی حەماس لەرێگەی “ئاڕ بی ج”ـییەوە باڵەخانەیەکی بۆمبڕێژکراویان بەسەر 21 سەربازی ئیسرائیلدا تەقاندەوە و لەلایەکی دیکەشەوە بەهۆی تەقاندنەوەی تانکێکەوە لە خان یونس سێ سەربازی دیکە گیانیان لەدەستدا.
عەرەب نیوز
حوسییەکانی یەمەن دەڵێن نایانەوێت لەگەڵ ئەمریکا بکەونە جەنگەوە
- حوسییەکانی یەمەن، کە نزیکن لە ئێرانەوە رایانگەیاند، ئامانجی سەرەکی ئەوان کەمکردنەوەی قوڵبوونەوەی گرژییەکانە لە دەریای سووردا دوای ئەوەی لەلایەن ئەمریکا و بەریتانیاوە جارێکی دیکە هێرشیان کرایەوە سەر. بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی حوسییەکان رایگەیاند، ئەوان مەبەستیان بەئامانگرتنی کەشتییەکانی نزیک لە ئیسرائیلە نەک بەریتانیا و ئەمریکا.
رۆژنامە فارسییەکان
ئێعتماد
ئەمڕۆ ناوى کاندیدانى ئەنجوومەنى شارەزایانى ئێران “خوبرەگان” رادەگەیەندرێت
- لەکاتێکدا پێشتر زۆرێک لە کاندیدەکانی سەر بە رەوتی ریفۆرمخوازی بۆ نوێنەرایەتی پەرلەمان رەتکراونەتەوە، پێدەچێت بۆ ئەنجومەنى “خوبرەگان”ـیش، رەخنەگرانی حکومەت و تەنانەت کەسانی میانڕەویی وەکو حەسەن روحانی سەرۆککۆمارى پێشووى ئێران کە یەکێکە لە کاندیدەکان، شانسی پەسەندکردنیان نەبێت.
لە هەڵبژاردنەکانی پێشووی خوبرەگان کە هەشت ساڵ پێش ئێستا بەڕێوەچوو، کەسانی وەک هاشمی رەفسەنجانی، محەمەد خاتەمی و حەسەن خومەینی مافى کاندیدبوونیان پێ نەدرا.
شەرق
خامنەیی داوا لە وڵاتانی ئیسلامی دەکات “رەگی ژیانى حکومەتی زایۆنى ببڕن”
- عەلى خامنەیی، رێبەری باڵای کۆمارى ئیسلامی ئێران رایگەیاند، بەداخەوە هەندێک لە وڵاتانی ئیسلامی وەکو بڵێی نەزانن کە راگرتنی شەڕ لە دەستی ئیسرائیلدایە، داوای راگرتنی شەڕ لە فەڵەستینییەکان دەکەن.
خامنەیی گوتی، دەوڵەتانی ئیسلامی پێویستە بە کۆتاییهێنان بە پەیوەندییە سیاسی و ئابوورییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل، رەگی حەیات و بژیوی ئەم حکومەتە زایونیستییە ببڕن.
کەیهان
وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت، بە ناردنی پەیامی تایبەت، هوشدارییمان داوەتە ئەمریکا و بەریتانیا کە چیدیکە هەوڵی نائەمنکردنی ناوچەکە نەدەن
- حسێن ئەمیر عەبدوڵلاهیان کە لە کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە باسکردن لە دۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە ئەنجوومەنى ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان بەشدارە، رایگەیاند، دوای هێرشەکانی ئەمریکا و بەریتانیا بۆ سەر یەمەن، پەیاممان بۆ ناردن کە خۆیان لە نائەمنکردنی ناوچەکە بپاڕێزن.
عەبدوڵڵاهیان گوتی، لە کۆبوونەوەکەی داڤۆسیش کە لەگەڵ دەیڤید کامیرۆن، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا چاوپێکەوتنم کرد و پێم گوت، هێرشەکانتان بۆ سەر یەمەن و ئاڵۆزینانەوەتان لە دەریای سوور، هەڵەیەکی ستراتیژی بوو.
ئەبرار
نرخی بەنزین لە ئێران بەرز دەبێتەوە
- ئەندامێکى پەرلەمانی ئێران بە میدیاکانی راگەیاند، ئەگەری زۆرە دەوڵەتی رەئیسی نرخی بەنزین بەرز بکاتەوە دابەشکردنیشی بەسەر هاووڵاتیاندا لە 150 لیترەوە دابەزێت بۆ 100 لیتر لە رۆژدا.
موعینەدەین سەعیدی نوێنەری یەکێک لە شارەکانی پارێزگای بەلوچستان لە پەرلەمان رایگەیاند، بەهۆی کەمبوونەوەی دابەشکردنی سووتەمەنیی ئازاد و دۆخێکی ئەمنیەتی کە بەسەر پاریزگاکەماندا هاتووە، من و نوێنەرێکی دیکەی پارێزگا داوای لێپرسینەوەمان لە چەند وەزیرێکی دەوڵەت کردوە و خەریکین بۆ ئەم کارە ئیمزای نوێنەرانی دیکەی پەرلەمان کۆدەکەینەوە.
رۆژنامە تورکییەکان
حوڕییەت
دوو گرێکوێرە کرانەوە.. تورکیا ئەندامبوونى سویدى لە ناتۆ پەسەندکرد و چاوەڕێ دەکرێت ئەمریکاش رەزامەندى بدات بە فرۆشتنى ئێف 16 بە تورکیا
- ئەندامبوونى سوید لە هاوپەیمانى ناتۆ دوێنێ شەو لە پەرلەمانى تورکیا بە دەنگى ئاک پارتى، جەهەپە، مەهەپە و پارتى ئایندە پەسەندکرا، دوابەدواى ئەو بڕیارەى پەرلەمانى تورکیا چاوەڕێدەکرێت لەلایەن ئەمریکاوە رەزامەندى بدرێت بە فرۆشتنى 40 فڕۆکەى ئێف 16 بە تورکیا.
میللیەت
وەزیرى دەرەوەى ئێران: لەگەڵ تورکیا دەتوانین بەسەر ئاستەنگییە هاوبەشەکاندا سەربکەوین
- ئەمیر عەبدوڵا هانى وەزیرى دەرەوەى ئێران لە وتارێکى لە رۆژنامەى میللەت رایگەیاندووە، کۆمارى ئیسلامی ئێران و کۆمارى تورکیا رووبەڕووى چەند ئاستەنگییەکى هاوبەش و چەند پرسێک بوونەتەوە لە ناوچەکەدا. وەک دوو هێزى ناوچەکە پێویست دەکات هەردوو دەوڵەت هەماهەنگی زیاتریان پێکەوە هەبێت.
ئاسایشى سنوورەکان، پرسى تیرۆر، مەسەلەى کۆچى نایاسایی، لەدژى وڵاتانى ئیمپریالیزم کە شەڕیان خستووەتە ناوچەکەوە ئەمانە کۆمەڵێک پاڵنەر وهۆکارن کە وادەکات ئێران و تورکیا زیاتر هەماهەنگییان پێکەوە هەبێت.
سۆزجو
باسە گەرموگوڕەکەى گەرووى ئیستەنبوڵ نەما
- ئەکرەم ئیمامئۆغڵو رەخنە لە موراد قورومى کاندیدى ئاک پارتى دەگرێت بەوەى لە کەمپینى هەڵبژاردندا بەهیچ جۆرێک باس لە پڕۆژەى گەرووى ئیستەنبوڵ ناکات و بە تانەوە دەشڵێت، باسە گەرموگوڕییەکەى گەرووی ئیستەنبوڵ نەما
جمهورییەت
سەرۆکى جەهەپە: بە ئەردۆغان و باخچەلى دەڵیم ئێوە بەردەوام دەم پارتى لەسەر زمانتانە، بەڵام کێشەى میللەت زیادکردنى باجە
- ئۆزگور ئۆزال سەرۆکى گشتیی جەهەپە، لە وتارێکیدا بۆ هاوڵاتیان سەبارەت بە هەڵبژاردنى شارەوانییەکانى 31ـى ئازار، لە دژى هەژاری و بێکارى دەنگ بدەن ئەگەر بێت و ئاک پارتى سەربکەوێت تاوەکو چوار ساڵیتر ئاوڕتان لێناداتەوە. لێرەوە بە ئەردۆغان و باخچەلى دەڵیم ئێوە بەردەوام دەم پارتى لەسەر زمانتانە، بەڵام کێشەى میللەت زیادکردنى باجە.