فەرماندەی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، هێزەکانیان بەرەبەیانی ئەمڕۆ هێرشیان کردە سەر سێ بنکەی سەربازی لە عێراق، کە لەلایەن چەکدارانی کەتائیبی حزبوڵلای نزیک لە ئێران و گرووپەکانی دیکەی نزیک لەو وڵاتە بەکارهێنراون.
بەگوێرەی سێنتکۆم، هێرشەکان وەک وەڵامێک بوون بۆ ئەو دەستدرێژییانەی دەکرێنە سەر پێگەکانیان، لە نێویاندا بنکەی سەربازیی ئاسمانی عەین ئەسەد لە باشووری عێراق، کە چەند رۆژێک لەمەوبەر بەئامانجگیرا و چەند سەربازێکی ئەمریکی تووشی زەبری دەروونی بوون و سەربازێکی عێراقی برینداربوو.
لە هێرشەکەی بەرەبەیانی ئەمڕۆی هێزەکانی ئەمریکادا بارەگاکانی کەتائیبی حزبوڵڵا، کۆگا، شوێنی راهێنانی هەڵدانی مووشەک، موشەک و درۆنی بۆمبڕێژکراون کرانە ئامانج.
زیادبوونی هێرشەکانی فەرماندەی ناوەندیی ئەمریکا لە ناوچەکەدا لەکاتێکدایە هێرشی گرووپەکانی نزیک لە ئێران بەگشتیی و هێرشی حوسییەکانی یەمەن بۆسەر پێگەکانی هاوپەیمانان و کەشتییەکانی دەریای سوور لەدوای جەنگی غەزەوە بەردەوام رووی لە زیادبوون کردووە.
لە راگەیەندراوێکی دیکەی سێنتکۆمدا هاتووە هەر بەرەبەیەنانی ئەمڕۆ دوو مووشەکی دژە-کەشتییان لە سەنعای پایتەختی یەمەن تێکشکاندووە کە ئامادەکرابوون بۆ باشووری دەریای ناوەڕاست هەڵبدرێن و مەترسییەکی جدییان لەسەر کەشتی بازرگانی و کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا درووستکردبوو.
فەرماندەکە، ئەم هێرشانەی هێزەکانی ئەمریکای وەک بەشێک لە هەوڵەکان بۆ پارێزگاریی لە خۆیان و رێرەوی هاتووچۆی کەشتیەکانی دەریای سوور ناوبردووە.