زووم:
وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا، کۆمپانیای فلای بەغداد تۆمەتباردەکات بە گواستنەوەی چەک بۆ گروپە چەکدارە هاوپەیمانەکانی ئێران لە سوریا، کۆمپانیاکەش دەڵێت، پەنا بۆ یاسای نێودەوڵەتی دەبەن و پێویستە ئەمریکا قەرەبووی مادی و مەعنەوی بکاتەوە.
ئەمڕۆ وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا هۆکاری سزادانی هێڵی ئاسمانیی “فلای بەغداد”ی عێراقیی روونکردەوە، دەڵێت، هێڵەکە چەندین جار باری چەکی گواستۆتەوە بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی دیمەشق و گەیاندویەتی بە دەستی گروپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران لە سوریا”.
دواتر کۆمپانیای فلای بەغداد لە راگەیەندراوێکیدا کە لە بارەی سزاکانی ئەمریکا بڵاوکردەوە، تۆمەتەکانی ئەمریکا لە بارەی گواستنەوەی چەک و تەقەمەنی بۆ گروپە چەکدارەکانی نزیک لە کۆماری ئیسلامیی ئێران رەتکردەوە و رایگەیاند، ئەمریکا هیچ بەڵگەیەکی بەدەستەوە نییە و تۆمەتەکانی لەبەردەم یاسا خۆیان راناگرن.
کۆمپانیاکە دەڵێت، تەواوی گەشتەکانی لە ژێرچاودێری هێڵی فرۆکەوانیی عێراق و دەزگا ئەمنییەکان ئەنجامداوە و لە هیچ کارێکی نایاسایی تێوەنەگلاوە، ئەگەر ئەمریکا بەڵگەیەکی هەیە با بیخاتەڕوو.