زووم:
کەمتر لە دوو مانگ ماوە بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا، تائێستا دەم پارتی سیاسەتی خۆی بۆ هەڵبژاردنی گەورەشارەوانی ئیستەنبوڵ ئاشکرانەکردووە، بەڵام دەیەوێت وەک هەڵبژاردنی پێشوو نەکات، کە دەنگی بە کاندیدەکەی جەهەپە دا، بەڵکو دەیەوێت ئەمجارە پشکی هەبێت.
تائێستا دوو کۆبوونەوە لەنێوان دەم پارتی و جەهەپە بەمەبەستی هەڵبژاردنی شارەوانییەکان ئەنجامدراوە، بەڵام هەردوولا نەگەیشتوونەتە هیچ بڕیار و رێککەوتنێک.
لە چەند رۆژی رابردوودا بەشاک دەمیرتاش، هاوژینی سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە رایگەیاند: لەلایەن گەلەکەمانەوە ویستێک هەیە بۆ کاندیدبوونم بۆ گەورە شارەوانی ئیستەنبوڵ، ئەگەر دەم پارتی پەسەندی بکات، خۆم بۆ شارەوانی ئیستەنبوڵ کاندید دەکەم.
دەنگدەرانی کورد پاڵپشتی لە کاندیدبوونی ناوبراو دەکەن، راپرسییەکی ناوەندی راویست بۆ توێژینەوە ئاشکرایکردووە، زۆرینەی دەنگدەرانی کورد لە ئیستەنبوڵ دەنگیان بە بەشاک دەمیرتاش داوە و بە رێژەی %34.3 پاڵپشتی دەکەن.
لە نوێترین ژمارەی رۆژنامەی حوڕییەتی تورکیدا، هەواڵێک لەسەر کاندیدبوونی بەشاک دەمیرتاش بە مانشێتی “گفتوگۆکان لەسەر کاندیدبوونی بەشاک بەردەوامە” بڵاوکراوەتەوە.
لەدرێژەی هەواڵەکەدا هاتووە، سەرچاوەیەک لە دەم پارتی بە رۆژنامەکەی راگەیاندووە، خوازیارن پێکەوە گەورە شارەوانی ئیستەنبوڵ بەڕێوەببەن.
هاوکات سەزایی تەمەلی، سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی پشتیوانی لە ویستەکەی ناوبراو دەکات و رایگەیاندووە: ویستی کاندیدبونی خاتوو بەشاک بۆ ئێمە سوپرایز بوو، خۆشحاڵ دەبین بۆ ئەم مەبەستە داواکاری پێشکەش بە پارتەکەمان بکات.
هاوکات سەرچاوەیەک لەناو دەم پارتی بە نوێترین ژمارەی رۆژنامەی جمهورییەتی گوتووە کە دەیانەوێت پێکەوە گەورە شارەوانیی ئیستەنبوڵ بەڕێوەببەن.
لە هەمان رۆژنامەدا ئاماژە بە لێدوانێکی ئۆزگور ئۆزاڵ، سەرۆکی جەهەپە کراوە و دەڵێت: پێویستە رێز لە بڕیارەکەی بەشاک دەمیرتاش بگرین.
بی بی سی تورکیش لە زاری سەرچاوەیەکەوە دەڵێت، سەڵاحەدین دەمیرتاش لەگەڵ ئەوەدایە دەم پارتی کاندیدی خۆی بۆ شارەوانی ئیستەنبوڵ هەبێت نەوەک پاڵپشتی لە کاندیدی پارتێکی دیکە بکات.
بەگوێرەی ئاماری هەڵبژاردنی پەرلەمانیی 2023ـی تورکیا، هەدەپە ڕیژەی 8.2%ی دەنگەکانی ئیستەنبوڵی هەبووە، لە هەڵبژاردنەکەی 2018شدا زیاتر بووە و گەیشتووەتە 12.6%..