پێنج وڵاتی عەرەبی پێشنیازێکیان لەبارەى غەزەی دوای جەنگ داوەتە ئیسرائیل کە تێیدا داوای دامەزراندنی دەوڵەتی فەڵەستین دەکەن لە بەرامبەر بنیادنانی پەیوەندیی دیبلۆماسیی تەواوەتی نێوان سعودیە و ئیسرائیل، ئەوەش بەگوێرەی رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ.
رۆژنامەکە لە زاری چەند سەرچاوەیەکی عەرەبییەوە رایگەیاندووە، پێشنیازەکە لە رێگەی ئەمریکاوە دراوە بە ئیسرائیل بەڵام تەلئەبیب تاوەکوئێستا پێی رازی نەبووە و هۆکاری سەرەکیشی رەتکردنەوەی درووستکردنی دەوڵەتە بۆ فەڵەستینییەکان.
دوێنێ فەیسەڵ بن فەرحان، وەزیری دەرەوەی سعودیە بە سی ئێن ئێنی راگەیاند، وڵاتەکەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی ناکاتەوە بەبێ بوونی پلانێکی راستەقینە بۆ دروستکردنی دەوڵەتی فەڵەستین.
گوتیشی، “هەرکاتێک توانیمان دەرچەیەک یاخود رێگەچارەیەک بدۆزینەوە بۆئەوەی دوای ساڵێک یان دوو ساڵی دیکە ئەم دۆخە نەبینینەوە، ئەوکات دەتوانین تاوتوێی هەموو شتێک بکەین.”