رۆژنامە عەرەبییەکان
سەباح
حکومەتەکەى سودانی “پردی متمانە” لەگەڵ هاوڵاتیان دروستدەکات
- شارەزایانی کاروباری سیاسی ستایشی هەنگاوەکانى حکومەتەکەى محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانى عێراقیان کرد لە دەستکەوت و پڕۆژەکانی و ئەو ماوە پێوانەییەى بۆ پرۆژەکانى دانرابوو. هەنگاوەکانى سودانییان بە ئەرێنی وەسفکرد کە گوزارشت لە متمانە دەکات بۆ جێبەجێکردنى پڕۆژە و کارنامەکانى حکومەت بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی بە هاووڵاتیان و شکاندنی بەربەستی بێمتمانەیی لە نێوان دەسەڵاتی جێبەجێکردن و هاوڵاتیان.
شەرق ئەوسەت
حەماس لە ئاڵوگۆڕی تونێلەوە بۆ پەیامی نووسراو
- سەرچاوە نزیکەکانى بزووتنەوەی حەماس لە فەلەستین ئاشکرایان کرد کە سەرکردەکانی حەماس لە کەرتی غەزە، دەستیان کردووە بە ئامرازە سەرەتاییەکانی پەیوەندیکردن لەگەڵ یەکتر، وەک ناردنی نامەو پەیامی نووسراو، ئەمەش دوای ئەو زیانانە دێت لەلایەن ئیسرائیلییەکانەوە بەر تۆڕی ئاڵوگۆڕی پەیوەندییەکانی پێشووی حەماس کەوتن و بەشێکیان لە ناو تونێلەکاندا وێران کران.
سەرچاوە نزیکەکانی سەرکردایەتی بزووتنەوەی حەماس بە رۆژنامەى شەرقولئەوسەتیان راگەیاندووە، سەرکردەکانی بزووتنەوەکە و باڵە سەربازییەکانى، کە سەربە کەتیبەکانی قەسامن، لە سەرەتای جەنگی غەزەوە، پشتیان بە پەیوەندییە زەمینیە سەرەتاییەکان بەستووە، کە لە ساڵی 2009ـەوە دایانهێنابوو، دواتردەستیان کرد بە پەرەپێدان و بەکارهێنانی ئەو تەکنەلۆجیایەی کە لە دەرەوەی کەرتی غەزەوە هێنرابوو، لە رێگەی تونێلەکانەوە لەسنوری میسرەوە، بەڵام لەبەر تێکشان و وێرانبوونیان لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە، ئێستا پشتیان بەستووە بە پەیامى نوسراو کە بە کۆد و هێما داڕێژراون.
قودس
خان یونس لەژێر ئاگردا.. گۆڕی بەکۆمەڵ و بەئامانجگرتنى ئاوارەکان و گەمارۆدانی نەخۆشخانەکان
- هێزەکانی ئیسرائیل هێرشە سەربازییەکانیان بۆ سەر شاری خان یونس لە غەزە چڕترکردووەتەوە و دەیان فەلەستینیان شەهید کرد، کە بەشێکیان لە گۆڕێکی بەکۆمەڵدا نێژراون.
بەگوێرەى زانیارییانەى لە شارەکەوە دەستکەوتوون، ژمارەیەک لەو کوژراوانە لە ناوچە جیاجیاکانی رۆژئاوای خان یونس بوونەتە قوربانى، ئەمبولانسەکانیش نەیانتوانیوە بگەنە سەر بریندارەکان.
تانکە ئیسرائیلییەکانیش گەمارۆی نەخۆشخانە و کۆمەڵگە پزیشکییەکان بەشێکی شارەکەى داوە کە هەزاران ئاوارەی لەخۆگرتووە.
عەرەبی جەدید
چارەسەری دوو دەوڵەت لە داخوازیی فەلەستینەوە دەبێتە داخوازى رۆژئاوا
- ئەو سیاسەتەی کە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل پیادەى دەکرد کە بریتی بوو لە پەیوەندیدابڕان لەگەڵ فەلەستینییەکان بۆ ساڵانێکی دوورودرێژ و گرتنەبەری هێڵی توندڕەویی ئایینی.. نەک تەنها بووە هۆی بەپابوونى جەنگی غەزە، بەڵکو بووە هۆکاری پێچەوانەبوونەوەی هەڵوێست سیاسەتى وڵاتانی رۆژئاوا، بەتایبەتی ئەمریکا و بەریتانیا و ئەڵمانیا و یەکێتی ئەوروپا، کە ئێستا داوای چارەسەری دوو دەوڵەت دەکەن کە لەپێشتردا داخوازیی فەلەستینییەکان بووە. دووشەممەی رابردوو، وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا، لە میانەی دیدارێکیان لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی ئیسرائیل و دەسەڵاتى فەلەستینى، لە برۆکسلی پایتەختى بەلجیکا، داوایان لە ئیسرائیل کرد کە دوای راگرتنى جەنگی غەزە، بژاردەى دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستینی قبوڵ بکات.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
تایمز
پشکنینێکی خوێن دەتوانێت نیشانە سەرەتاییەکانی توشبوون بە نەخۆشی زەهایمەر دیاری بکات
- لە داهێنانێکی تازەی پزیشکیدا لە سوید، زاناکان پشکنینێکی خوێنیان دۆزیوەتەوە کە دەتوانێت سەرەتاییترین نیشانەکانی نەخۆشی زەهایمەر دیاری بکات، ئەمەش دەرهاویشتەیەکی بەسوودی دەبێت بۆ ئەوکەسانەی کە تەمەنیان لەسەرووی 50 ساڵییەوەیە بۆ ئەوەی زوو پشکنینی تایبەت بۆ ئەو نەخۆشییە ئەنجام بدەن.
واشنتن پۆست
جێگرەکەی بایدن فشاردەکات بۆئەوەی خەڵکی دەستیان بە خزمەتگوزاریی لەباربردنی منداڵ بگات
- هەرچەندە دادگەی باڵای ئەمریکا لەباربردنی منداڵی پێچەوانەکردەوە، لەکاتێکدا پێشتر بەیاسایی کرابوو، کامالا هاریس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا دەیەوێت بۆ بە یاساییکردنەوەی ئەو پرسە بجەنگێت و لەبارەیەوە دەڵێت ژنان رۆژانە رووبەڕووی دۆخی زۆر خراپ دەبنەوە لەوکاتەی کە دادگەی ئەمریکا بڕیاری بەیاساییبوونی لەباربردنی منداڵی هەڵگەڕاندووەتەوە.
ئۆرشەلیم پۆست
سوپای ئیسرائیل پێشڕەویی باشی لە رۆژئاوای خان یونسی باشووری غەزەدا کردووە
- هەرچەندە سوپای ئیسرائیل کوشتنی پێنج سەربازی دیکەی راگەیاند، پێشڕەویی باشی لە ناوچەی رۆژئاوای خان یونسی باشووری غەزەدا کردووە و ئەمەش بە سەختریین جەنگ دادەنرێت لە مانگی رابردووەوە. لەلایەکی دیکەشەوە سوپا بەردەوامە لە بۆردوومانکردنی پێگەکانی حزبوڵا لە لوبنان.
عەرەب نیوز
ئیسرائیل لە خراپترین “کوشتارگەیدا” هێرشی کردە سەر دوو نەخۆشخانە لە غەزە
- سوپای ئیسرائیل رۆژی دووشەممە هێرشیکردەسەر دوو نەخۆشخانە لە ناوچەکانی خان یونس و ئەلمەواسیی و بەهۆیەوە زیاتر لە 50 کەس کوژران. بەهۆی گەمارۆی سەربازەکانیشەوە تیمەکانی فریاگوزاریی ناتوانن بەهانای قوربانیان و بریندارەکانەوە بچن. فەلەستییەنییەکانیش ئەم هێرشانە بە خوێناویترین ناودەبەن لەسەرەتای دەستپێکردنی شەڕەکەوە.
رۆژنامە فارسییەکان
ئيعتماد
ئەمریکا هەندێک پەیامی بۆ ئێران ناردوە
- گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند: ئەمریکا بۆ گەیاندنی پەیامەکانی بە ئێران هەندێک کەناڵ و ڕێگای تایبەتی خۆی هەیە.
ناسر کەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەبارەی ڕۆڵی نێوەندگیریی سعودی لە نێوان ئێران و ئەمریکا و بانگەشەی بەرپرسانی ریاز بۆ گەیاندنی هەندێک پەیامی ئەمریکا بۆ ئێران گوتی؛ ئاگاداری ئەوە نیم کە سعودییە دەیەوێت لەم نێوەندگیرییەدا چی بکات، بەڵام ئەمریکاییەکان بۆ گەیاندنی پەیام بە ئێران هەندێک کەناڵ و رێگەی تایبەت بە خۆیان هەیە
جمهوری ئیسلامی
کۆماری ئیسلامی دەبێت وریای پەیوەندییەکانی لەگەڵ تاڵیبان لە ئەفغانستان بێت
- نابێت فریوی رواڵەتی دوژمنایەتیی تاڵیبان لەگەڵ ئەمریکا بخوێن و متمانە بە تاڵیبان بکەین، ئەو کێشە ئەمنییانەی لە سەرەتای هاتنەسەرکاری تاڵیبان لە ئەفغانستان رووبەڕووی وڵاتی ئێران بووەتەوە تا هەڕەشەکانی ئەم یەک دوو ساڵەی تاڵیبان، هەموویان نیشانەی ئەوەن کە نەدەبوا متمانە بە تاڵیبان کرابا و دەستبەجێ باڵوێزخانەمان رادەستیان کردبا.
چۆن دەتوانین هەژمووی عادڵ پەنجشیری، دەستپەروەردەی تاڵیبان لەو وڵاتە و تەقینەوەکانی کرمان پاساو بدەین، کۆماری ئیسلامی ئێران نەدەبوا لە ئاستی پەیوەندییەکانیدا هێندە لە تاڵیبان نزیک ببێتەوە و متمانەیان پێ بکا.
ئەبرار
لە نوێنەری پەرلەمانەوە بگرە تا شارەوانیی شارەکان، هەر هەموو “هەڕەشەی سەربازی” دەکەن
- قسەکردن لە بڕیاری سەربازی لە ئەستۆی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی حکوومەتە، بەڵام لە ئێران هەر لە ئەندامی پەرلەمانەوە بگرە تا شارەوانیی شارەکان، ڕۆژانە هەڕەشەی سەربازیی دەکەن.
رەزا نەسیری، شارەزای کاروباری نێودەوڵەتی لەم بارەیەوە دەڵێت، ئەم قسە و دەربڕێنە بڵاوانەی بەرپرسانی حکومەتی ئێران، نیشان دەدات کە ترسێک بەسەر حکومەتدا زاڵە و توانای کۆنترۆڵکردنی ئەم ترسە لەوپەڕی لاوازیدایە. بۆیە هەموو بەرپرسانی حکمومەتی بە نوێنەری پەرلەمان، قایمقام و شارەوانییەوە خەریکی هەڕەشە و گوڕەشەن.
کەیهان
ریاز پێشوازی لە کەمبوونەوەی ئاڵۆزییەکانی نێوان ئێران و پاکستان دەکات
- وەزارەتی دەرەوەی سعودی لە راگەیەنراوێکدا پێشوازیی لە ڕێکەوتنی ئێران و پاکستان لەسەر کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکانی ئەمدوایانەی نێوانیان و گەڕانەوەی پەیوەندییە دیبلۆماسییەکانیان دەکات.
دوای هێڕشە مووشەکییەکانی هەردوو وڵات بۆسەر یەکتر، وەزارەتی دەرەوەی پاکستان ڕایگەیاند؛ تاران و ئیسلام ئاباد لەسەر کۆتاییهێنان بە گرژییەکانی نێوانیان و گەڕانەوەی باڵیۆزانی هەردوو وڵات بۆ شوێنی کارەکانیان، ڕێککەوتوون.
رۆژنامە تورکییەکان
حوڕییەت
نهێنى تەرمەکانی کەنارئاوەکانی چەند شارێکی تورکیا ئاشکرا بوو
- دۆزینەوەى هەشت تەرم لە کەناراوەکانى ئەنتاڵیا و چوارى دیکە لە موغڵا و هەتاى گفتۆگۆى زۆرى بەدواى خۆیدا هێنا بەوەى تاوانێک ئەنجام دراوە، پارێزگاى ئەنتاڵیا نهێنى تەرمەکانی بۆ رۆژنامەى حوڕییەت ئاشکرا کرد و رایگەیاند: حەوت لەو تەرمەکان پۆشاک و پێڵاوى سورییان لەبەردابووە. دەشڵێت: ئەوانە کۆچبەر بوون و خەڵکى سوریان.
پێیانوایە تەرمەکان لەو 90 کۆچبەرە بن کە مانگی رابردوو بەلەمەکەیان ژێرئاو کەوت.
رۆژی 11ی کانوونی یەکەمی 2023، باڵیۆزخانەی لوبنان لە ئەنقەرە رایگەیاندبوو، کەشتیێکی کۆچبەران بە 90 کۆچبەرەوە بێسەروشوێنبووە کە لە سنوورە ئاوییەکانی نێوان لوبنان و سووریا بەرەو دوورگەکانی سەر بە قوبرس کەوتبووە رێ.
جمهورییەت
گفتوگۆکان لەسەر کاندیدبوونی بەشاک دەمیرتاش بەردەوامە
- دەنگۆى پشتیوانیی دەم پارتى بۆ ئەکرەم ئیمامئۆغڵو لە بەرامبەر شارەوانى ئەسانیورتى سەربە پارێزگاى ئیستەنبوڵ پشتڕاست نەکراوەتەوە، سەرچاوەیەک لە دەم پارتى رایگەیاندووە خوازیارن پێکەوە گەورە شارەوانى ئیستەنبوڵ بەڕێوەببەن.
بابەتی کاندیدکردنى بەشاک دەمیرتاش، هاوسەری سەڵاحەدین دەمیرتاش داوایەکى فەرمیی پارتەکە نییە و ویستى خۆیەتى و بۆچوونى خۆى بووە. ئۆزگور ئۆزاڵ سەرۆکى جەهەپە دەڵێت: پێویستە رێز لە بڕیارەکەى بەشاک دەمیرتاش بگیرێت.
ئەکشام
46 ملیار لیرە بۆ لێقەوماوانى بومەلەرزە خەرج دەکرێت
- لەمساڵدا دەوڵەت دەیان پڕۆژەى نیشتەجێبوون بۆ لێقەوماوانى بومەلەرزە لە 11 پارێزگا بە بڕى 46 ملیار لیرە خەرج دەکات، لەناویدا بازاڕ و قوتابخانە و مۆزەخانە لەخۆ دەگرێت، بە کۆی گشتی 69 قوتابخانە دروست دەکرێت و لەئێستادا 40 قوتابخانە تەواو بووە.
بڕی حەوت ملیار و 500 ملیۆن لیرەش بۆ دروستکردنى قوتابخانەکان، 11 ملیار لیرە بۆ چاککردنەوەى رێگەى ئاسنین، دوو ملیار لیرە بۆ چاککردنى زیانەکانى بەنداوەکان، 10 ملیار لیرە بۆ یەکەى نیشتەجێبوون، پێنج ملیار لیرە بۆ یەکەکانى پیشەسازى تەرخان کراوە.
قەرار
ئیمامئۆغڵو: خوا عەقلیان پێبدات
- لەگەڵ نزیکبونەوەى وادەى هەڵبژاردن گرتەى ساختە و دروستکراو بڵاودەکرێتەوە، لەپاش ئەوەى گرتەى پاسەکانى ئیستەنبوڵ دژبە ئەکرەم ئیمامئۆغڵوى سەرۆکى گەورە شارەوانیی ئیستەنبوڵ بڵاوکرایەوە، مۆنتاژى دەنگى ئەکرەم ئیمامئۆغڵو بڵاوکرایەوە، ئیمامئۆغڵو لەبەرامبەر ئەو چەواشەکارییە رایگەیاند: هەرکەس و سیاسییەک لەپشت ئەم کردەوەیانە بێت، رەوانەى خوایان دەکەم، خوا عەقڵیان پێبدات.