زووم:
بەگوێرەی چەند سەرچاوەیەک کە بۆ ماڵپەڕی گاردیەنی بەریتانی قسەیانکردووە، کارمەندانی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق، لە گەندەڵییەوە تێوەگلاون و بەهۆی وەرگرتنی بەرتیلەوە پارەیەکی زۆر لە وڵاتەکە دیارنەماوە.
راپۆرتەکە باس لەوە دەکات، ستافی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراقدا داوای بەرتیل لەو بازرگانانە دەکەن کە دەیانەوێت ئەو پڕۆژانەی ئاوەدانکردنەوە لە وڵاتەکەدا جێبەجێبکەن کە نەتەوەیەکگرتووەکان بە بەهای یەک ملیار و 500 ملیۆن دۆلار بۆ ئاوەدانکردنەوەی دوای داعش تەرخانیکردووە.
وەرگرتنی بەرتیل لەلایەن کارمەندانی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکە لە بەرامبەر پێدانی تەندەری پڕۆژەکانە بە بازرگانەکان، ئەمەش بەشێکە لەو بودجەیەی رێکخراوی پەرەپێدانی بەرنامەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان (UNDP) لەساڵی 2015دا بۆ عێڕاق تەرخانی کردووە.
راپۆرتەکەی گاردیەن ئاماژەی بەوەکردووە، ئەو هاوکارییە گەندەڵییەکی زۆری تێداکراوە و بە خراپی بەڕێوەبراوە، دەشڵێت، سەرەڕای ئەوەی عێراق چوارەم گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوتی جیهانە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ملیاران دۆلاری وەک هاوکاریی رژاندووەتە وڵاتەکەوە، ئاستی خزمەتگوزاریی و ژێرخانەکەی لە دۆخێکی خراپدایە.
رۆژنامە بەریتانییەکە بڵاویکردووەتەوە، گەندەڵی و وەرگرتنی بەرتیل وەک خوێن دادەنرێت بۆ سیاسەت، هەر لەبەر ئەمەشە نەتەوەیەکگرتووەکان راستەوخۆ پڕۆژەکان لە عێراق ئەنجامدەدات، وەک هەوڵ و هیوایەک بۆ شەفافیەت لەو وڵاتەدا.
گاردیەن پشتی بە چەندین کارمەندی ئێستا و پێشووی نەتەوەیەکگرتووەکان، بەڵێندەر و بەرپرسی عێراقی و رۆژئاوایی بەستووە و ئەوان دەڵێن، نەتەوەیەکگرتووەکان سوتەمەنی دەدات بە کەلتووری وەرگرتنی بەرتیل.
لەبارەی بڕی بەرتیلی پڕۆژەکانی ئەو رێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان، راپۆرتەکە ئاماژە بەوەدەکات 15%ی بەهای گرێبەستەکان لەلایەن ستافەکانی نەتەوەیەکگرتووەکانەوە داواکراوە و لەبەرامبەر ئەوەدا کارمەندەکان رێگەیان بە بەڵێندەرەکان داوە تەماشای سیستمی ئاڵۆزیی رێکخراوەکە بکەن بۆ ئەوەی پرۆسەی پشکنینیەکەیان تێبپەڕێنن.
سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەکردووە، هیچ کەسێک ناتوانێت بەبێ بەرتیلدان هیچ بەڵێننامە و تەندەر بباتەوە، “دۆخەکە بەشێویەکە تەنانەت لەکارەکانی حکومەتیشدا دەبێت پارە بدەیت بۆ ئەوەی کارەکانت رایی بکرێت”.
لەوبارەیەوە نەتەوەیەکگرتووەکان دەڵێت، ئەو تۆمەتانە زۆر بە جددیی و بە هەند وەردەگرن و بەهیچ شێوەیەک رێگە بە ساختەکاری و گەندەڵی نادرێت لە رێکخراوەکەیاندا.
بەگوتەی نەتەوەیەکگرتووەکان، بەهۆی دابینکردنی خزمەتگوزاری و هاوکارییەکانیان، ژیانی 8.9 ملیۆن هاووڵاتی عێراقییان باشتر کردووە، ئەمەش دەکاتە پێنجیەکی ژمارەی دانیشتووانی وڵاتەکە، بەڵام رۆژنامەی گاردیەن دەڵێت، خۆیان سەردانی مەیدانیی پڕۆژەکانیان کردووە و بۆیان دەرکەوتووە، ژمارەکە زیادەڕەویی زۆری تێدا کراوە.