زووم:
ناسر کەنعانى، گوتەبێژى وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت، پەیوەندییەکی زۆر باشمان لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان هەیە و بانگەشەى ئەوەش دەکات هێرشەکەی سەر هەولێر بۆ “تەمێکردن”ى ئیسرائیل بووە.
کەنعانى لە کۆنفرانسی رۆژنامەنووسیی هەفتانەیدا قسەی لەبارەی هێرشەکەی سەر هەولێر کرد و گوتی: “سەرەڕای ئەوەى لەگەڵ حکومەتى هەرێمی کوردستان و عێراق پەیوەندیی زۆرباشمان هەیە، بەڵام بەداخەوە لەوێوە هەڕەشە لەسەر ئاسایشى نەتەوەیی و هاووڵاتییانمان هەبووە، ئێران ناتوانێت بێخەمبێت لەبەرامبەر پاراستنى ئاسایشى هاووڵاتییانى خۆیدا”.
ئەو ئاسایشى هاوڵاتییانی وڵاتەکەی بە هێڵی سوور ناوبردووە و دەڵێت، “دەوڵەت و هێزە سەربازییەکانمان بە دەستبەستراوى دانانیشن، بۆیە هێرشمان ئەنجامداوە”.
بە گوتەی کەنعانى، ئێران گەورەترین پارێزەرى ئاسایش و پاراستنى یەکپارچەیی عێراق بووە و ئەوەش سەلمێنراو و بەڵگەنەویستە، ئەو هێرشەى سەر هەولێریش تەنها بۆ “تەمێکردن”ى ئیسرائیل بووە، نەک پێشێلکردنى سەروەریی عێراق.
شەوى 15ـى ئەم مانگە سوپاى پاسدارانى ئێران 11 موشەکەى ئاراستەى هەولێر کرد، پێنج موشەک ماڵى پێشڕەو دزەیی، سەرمایەدارى کوردستانى کردەئامانج، بەهۆیەوە خۆى و کچێکى یەک ساڵەى لەگەڵ کەرەم میخائیل، بازرگانی عێراقى گیانیان لەدەستدا.