زووم؛
سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیرانی عێراق داوای چارەسەرکردنی پرسی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دەکەن، لەبارەی بۆردومان و پێشێلکارییەکانی سەر خاکی عێراقیشەوە دەڵێن، حکومەتی عێراق لایەنی پەیوەندیداری رێکارە ئەمنییەکانە.
جەخت لە پاراستنی ئاسایش و ئارامی هاولاتیان دەکەنەوە لە ” دەستدرێژکاری ” بۆ سەر خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان، و تەئکید لەسەر چارەسەرکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەکەنەوە.
ئاژانسی هەواڵی عێراق بڵاویکردەوە، عەبدوللـەتیف رەشید سەرۆککۆماری عێراق و محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیران گفتوگۆیان لەبارەی پێشهاتە ئەمنییەکان و پێشێلکارییەکانی سەر شار و ناوچە عێراقییەکان کردووە، بە پێشێلکردنی سەروەریی عێراق ناویانبردووە و گوتوویانە، پارێزراویی هاوڵاتییان دەخاتە مەترسییەوە.
سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیرانی عێراق راشیانگەیاندووە، حکومەتی عێراق لایەنی پەیوەندیدارە بە چەسپاندنی یاسا و چاودێریکردنی ئەو رێکارانەی ئاسایش و سەروەریی عێراق دەپارێزن.
لەتیف رەشید و شیاع سودانی پێویستیی چارەسەرکردنی دۆسێ هاوبەشەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستانیان بەگوێرەی دەستوور دووپاتکردووەتەوە، داوای یەکلاکردنەوەی پرسی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمیشیان کردووە.