لە ژمارەى ئەمڕۆى چەند رۆژنامەیەکى عەرەبیدا، باس لە کێشەکانى هەرێمى کوردستان و بەتایبەتى ناکۆکییەکانى پارتى دیموکراتى کوردستان و یەکێتى نیشتمانى کوردستان کراوە، بەشێکیان وەک “مەترسی” بۆسەر قەوارەکە ناویان هێناوە.
رۆژنامەی عەرەبی لەندەنی، بەشی سەرەکی لاپەڕەی یەکەمی تەرخانکردووە بۆ دۆخی سیاسی و ناکۆکیەکانی نێوان پارتى و یەکێتى و لە مانشێتی سەرەکیدا نوسیویەتى “گرژیە سیاسی و ئەمنیەکان هەڕەشە لە قەوارەی هەرێمی کوردستان دەکەن”
رۆژنامەکە لە راپۆرتێکی شیکاریدا ئاماژەی داوە، بە ناکۆکیەکان و توندبونەوەی لێدوانەکانی ئەمدواییەی چەند بەرپرسێکی هەردوولا، کە جارێکی دیکە مەترسی سەرهەڵدانەوەی “شەڕی ناخۆی” دەخاتەوە بەر باس.
دوور لە کێشە و قەیرانە سیاسییەکانی نێوان لایەنەکان، رۆژنامەی نەهاری لوبنانی، بابەتێکی لەبارەی هەوڵی چارەسەری کێشەکانی نێوان حکومەتى هەرێمى کوردستان و حکومەتی ناوەندی بڵاوکردووەتەوە، بە ناونیشانی “هەرێمی کوردستان ئامادەکاری دەکات بۆ چارسەری ریشەیی ناکۆکیەکان لەگەڵ بەغداد، کە ئەوەش ئاڵۆزە”.
رۆژنامە لوبنانیەکە باس لە ئامادەکاریی ئەو شاندە کوردییە دەکات، کە بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا بەرەو بەغداد بەرێبکەوێت و لەسەر چەند پرسێک کۆبونەوەکانی دەستپێبکات، بەتایبەتی لەبارەی سێ دۆسیە و پڕۆژە یاسای گرنگ، کە حکومەتی هەرێم جەخت لەسەر جێبەجێکردنیان دەکاتەوە، ئەوانیش دۆسیەی نەوت و گاز و بودجەی گشتی و مادەی 140 ی دەستوری عێراقیە، کە ئەو مادەیە ساڵانێکە سەرچاوەی کێشە و گرژییەکانی نێوان هەردوولایە.
دەڵێت، جێبەجێکردنی ئەو مادەیە تەرازوی هێزە لە ئایندەدا دەگۆڕێت و محەمەد شیاع سودانیش بەڵێنی دووبارە دابینکردنی بودجەی پێویستى داوە بۆ کاروبارەکانی لیژنە و دەستەکانی تایبەت بەجێبەجێکردنی مادەکە.
ئەو سەردانەش دوای ئەوە دێت، کە لایەنە کوردییەکان رێکەوتنیان لەگەڵ لایەنەکانی نێو چوارچێوەی هاوئاهەنگی کردووە بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ.
نەهاری لوبنانی لەسەرچاوەیەکی سیاسیەوە رایگەیاندوە، کە چوارچێوەی هاوئاهەنگی لەبەرامبەر هەرێمی کوردستان نەرمی نواندوە و ترسی دووبارە لەدەستدانەوەی کوردی هەیە، هاوشێوەی هەڵبژاردنە پەرلەمانیەکە، کە بەشێکی زۆری لایەنە کوردییەکان لەگەڵ عەرەبە سونەکان هاوپەیمانیان پێکهێنا، کە ئەوەش بووە هۆی زیانی گەورە لەسەر لایەنەکانی چوارچێوە.
ماڵپەری نەبزی وەتەنى میسری، کە ئۆفیسی لە فەڕەنسایە لە راپۆرتێکدا باس لە قوڵبوونەوەی کێشە و ململانێیەکانی نێوان پارتی و یەکێتی دەکات. بۆچوونی هەندێک نوسەر و چاودێری سیاسی وەرگرتووە، ئەوان هۆشداری دەدەن، کە رێڕەوی رووداو و پێشهاتەکانی ئەمدواییەی گۆڕەپانی سیاسی هەرێمی کوردستان بەرەو دۆخێکی مەترسیدار دەبەن و هەڕەشەی هەڵوەشاندنەوەی لەو قەوارەیە دەکەن.
راپۆرتەکە ئاماژەی بەتوندبوونەوەی گوتارەکانی نێوان بەرپرسانی پارتی و یەکێتى داوە، لە سایت و رۆژنامە و کەناڵە تەلەڤزیۆنیەکانەوە، تەنانەت دۆخەکە گەیشتووە بەو ئاستەی بەشێک لە تیمی وزاری یەکێتی بایکۆتی دانیشتنەکانی ئەنجومەنی وەزیرانى هەرێم دەکەن، ئەوەش بە “پاساوی” قۆرخکردنی جومگەکانی دەسەڵات و مۆنۆپۆڵکردنی بڕیارەکان.