زووم:
ئیسماعیل هەنیە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماس باشی پێکا کاتێک لە 100مین رۆژی جەنگی غەزەدا گوتی، تۆفانی ئەقسا بەهۆی پەراوێزخستنی پرسی فەلەستینەوە بووە، ئەوەتا ئێستا هەمووان جگە لە ئیسرائیل داوای چارەسەرە بنجبڕەکەی دەکەن، کە پێی دەگوترێت چارەسەری دوو دەوڵەت.
رۆژی هەینی رابردوو جارێکی تر جۆ بایدنی سەرۆکی ئەمریکا و بنیامین ناتانیاهۆی سەرەکوەزیرانی ئیسرائیل پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجامدا، کە بەگوێرەی راگەیەنراوی فەرمی، باسی ئەگەرەکانی پاش کۆتاییهاتنی شەڕی غەزە کراوە.
بایدن و نەتانیاهۆ لەو پەیوەندییە 40 خولەکییەدا باسیان لە دوو ئەگەر کردووە، یەکەم؛ ئەگەری راگەیاندنی دەوڵەتێک بۆ فەلەستین، کە ئیسرائیل دان بە بوونیدا بنێت، دووەم؛ یان نەبوونی دەوڵەت بۆ هیچیان، هەندێک لایەنی عەرەبی گەشبینانە سەیردەکەن و دەڵێن ناتانیاهۆ رەزامەندیی پیشانداوە، بەڵام نوسینگەکەی دەڵێت، “ئێمە نەرمیمان نەنواندووە و هەڵوێستمان جێگیرە، واتە قایل نەبووین دەوڵەتی فەلەستینی دابمەزرێت”.
ئێمە نەرمیمان نەنواندووە و هەڵوێستمان جێگیرە، واتە قایل نەبووین دەوڵەتی فەلەستینی دابمەزرێت
کەناڵی NBCـی ئەمریکی بڵاویکردەوە، ئەو کۆنگرێسمانانەی، کە پاڵپشتی ئیسرائیلیان کردووە زەنگی مەترسیداریان لێداوە لەبارەی نەمانی متمانەی ناتانیاهۆ و شێوازی ئیدارەدانی شەڕەکە، ئەوان تەواو بێئومێدبوون لە سەرکردایەتی ناوبراو.
وا دیارە فشارەکانی ئەمریکا و وڵاتانی دۆستی ئیسرائیل تەواو زیادیکردووە تا بە رێگەچارەی دوودەوڵەت رازی بێت، ئەوەتا میکی زوهار، وەزیری رۆشنبیری ئیسرائیل دەڵێت، هەرگیز رێگە بە دروستکردنی دەوڵەتی فەلەستینی نادەن.
هەروەها سموتریچ، وەزیرى دارایی ئیسرائیل دەڵێت، هاندان بەرەو دروستکردنی دەوڵەتی فەلەستین هاندانە بۆ کۆمەڵکوژی و مەترسییەکی هەتاهەتایی بۆ سەر ئیسرائیل.
هاندان بەرەو دروستکردنی دەوڵەتی فەلەستین هاندانە بۆ کۆمەڵکوژی و مەترسییەکی هەتاهەتایی بۆ سەر ئیسرائیل
دەشڵێت، کۆدەنگییەکی فراوان هەیە لەسەر رەتکردنەوەی درووستکردنی دەوڵەتی فەلەستین و دابەشکردنی خاکەکەی.
بەڵام فشارەکان هەر بەدەوامن، ئەنتۆنیۆ گۆتیرێس، سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لە دیداری لوتکەی وڵاتانی بێلایەندا لە ئۆگەنداوە گوتی: ئەوە کارێکی ناپەسەندە ئیسرائیل ئامادە نییە دوو دەوڵەتەکە هەڵبوەشێنێتەوە یاخود دەوڵەتێکی دانپێدانراو بۆ فەلەستین درووست بکرێت.
ستیڤان سیگۆرنێ، وەزیری دەرەوەی فەڕەنساش دەڵێت، فەلەستینییەکان مافیان هەیە خۆیان سەروەریی خۆیان بپارێزن و دەوڵەتیشیان هەبێت، فەڕەنسا سورە لەسەر ئەو هەڵوێستەی کە دەبێت فەلەستینییەکان بگەن بە ئەو مافەیان.
هاوکات گرانت شاپس، وەزیری بەرگریی بەریتانیا دەڵێت، رێگەچارەیەکی دیکە روون هەیە، کە جیهان لەسەری کۆکە ئەویش چارەسەری دوو دەوڵەتە بۆ هەردوولا.