بەگوێرەی کارنامەی دانیشتنەكانی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە حەوت دۆسییە تاوتوێ دەکات، کە پێنجیان پەیوەندییان بە پرسی مووچە، هەڵبژاردن و یاساى تیرۆر لە هەرێمی کوردستانەوە هەیە.
دوو سکاڵایان لە دژی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانە، ئەم دوو سکاڵایە یەکخراون. زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان و ئامانج نەجیب شەمعون، ئەندامى ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانى لە دژی پێنج مادەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان سکاڵاکانیان تۆمارکردووە، سکاڵاکان تایبەتن بە ژمارەى کورسییەکانی پەرلەمان، یەک بازنەیی هەڵبژاردن و کورسیی کۆتاکان لە پەرلەمانى کوردستان.
هەر ئەمڕۆ دادگاکە گفتوگۆ لەبارەی چوار سکاڵاى دیکەی تایبەت بە هەرێمى کوردستان دەکات؛ دوان لە سکاڵاکان لە دژى محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانى عێراق و مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمى کوردستان تۆمارکراون.
یەکێک لە سکاڵاکان لەبارەی خەرجنەکردنى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستانە، کە 30 رۆژ جارێک دابەش ناکرێت.
سکاڵایەکى دیکە لەبارەی راگرتنی پلەبەرزکردنەوەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان تۆمارکراوە. لە ساڵی 2015ـەوە پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی مەدەنی لە هەرێمی کوردستان راگیراوە.
هاوکات دادگای فیدراڵی گفتوگۆ لەبارەی سکاڵایەکی دیکە دەکات، لە بارەی یاسای رووبەڕووبونەوەی تیرۆر لە هەرێمى کوردستان تۆمارکراوە.
ئەم سکاڵایە وەهاب هەڵەبجەیی، بەڕیوەبەری گشتیی دژەتیرۆری سلێمانی تۆماری کردووە.