زووم:
لە ساڵی 2014دا، حووسییەکان لە پاش کودەتاکەیان دژ بە حکومەتی فەرمیی یەمەن، جبەخانەیەکی مووشەکیی گەورەیان دەستکەوت، ئەو مووشەکانە و چەند موشەکێکی دیکەش کە دواتر لە ئێران و روسیا و چینەوە بەدەستیان گەیشت، جبەخانەیەکی گەورەی بۆ حووسییەکان دروستکردووە کە ئێستادا دژی کەشتییە سەربازیی و بازرگانییە نێودەوڵەتییەکان لە کەنداوی عەدەن و دەریای سوور بەکاریدەهێنن، ئەمەش وایکردووە زۆرێک لە کۆمپانیاکانی کەشتیوانی، رێڕەوی بازرگانی خۆیان بگۆڕن بۆ خوار کیشوری ئەفریقیا و ریگایەکی ئێجگار دوورببڕن لە بری بەکارهێنانی نۆکەندی سوێسی میسر.
هەرسێ کەشتی ئەمریکی، ” MV Genco Picardy” و “GIBRALTAR EAGL” و ” Kim Ranger” لەناو کەنداوی عەدەن و دەریای سووردا لەلایەن حووسییەکانەوە و بە مووشەکی دژەکەشتی یاخود درۆن کراونەتەئامانج، ئەو مووشەک و درۆنانەش یان دروستکراوی ناوخۆیین یاخود تەکنەلۆجیای ئێران، روسیا و چینی تێیدا بەکارهاتوون.
لە وەڵامدا و لە هەفتەی رابردووەوە، هێزەکانی ئەمریکا و بەریتانیا و هەشت وڵاتی هاوپەیمان، چوار جار کەمپ و بارەگا و حەشارگە و جبەخانەی حووسییەکانیان بە زیاتر لە 150 مووشەک کردووەتەئامانج.
بەگوێرەی راپۆرتێکی پەیمانگای نێودەوڵەتی بۆ لێکۆڵینەوە ستراتیژییەکان کە نووسینگەکەی لە بەریتانیایە، گرنگی مووشەکە دژەکەشتییەکانی حووسییەکان لەوەدایە کە لە وشکانییەوە هەڵدەدرێن بەرەو دەریا، واتە ناتوانرێت شوێنەکانیان دیاریبکرێت تاوەکو هێرشیان بکرێتەسەر، زۆرجار مووشەکەکان لەسەر ئۆتۆمبێل و سەکۆی جوڵاو و ناجێگیر هەڵدەدرێت و دەستبەجێ شوێنەکەی خۆی بەجێدەهێڵێت و دەیگۆڕێت.
هەندێکجاریش حووسییەکان بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆکوژ و 12 جۆر مووشەکی باڵدار، کەشتییە ئەمریکی و بەریتانیاییەکان دەکەنە ئامانج، کە هەندێکیان دوورمەودا و بالیستین.
هەندێک لەو جبەخانەیەی ئێستا لەبەردەستی حووسییەکاندایە، موڵکی سوپای یەمەن بوون و دەستی بەسەرداگرتوون، هەندێکی دیکەیان دروستکراوی روسیا و چینە و بەشێکی دیکەش خۆیان دروستیان کردووە، بەڵام ئێران بە سەرچاوەیەکی گرنگی دابینکردنی تەکنەلۆجیای دروستکردنی مووشەکی دژە کەشتیی حوسییەکان دادەنرێت.
بەگوێرەی ئاژانسی ریانۆڤۆستی روسیا، ئەو مووشەکە دژەکەشتییانەی حووسییەکان بەکاریدەهێنن ئەمانەن:
مووشەکی “Rubez – روبیج می”، مووشەکێکی دژەکەشتیی روسییە و پێشتر سوپای یەمەن بەکاری هێناوە، بە رادار و تیشکی ژێر سوور ئاڕاستەدەکرێت و مەوداکەی 80 کیلۆمەترە.
مووشەکی “مەندەب1″، دژەکەشتییەکی چینییە و بە رادار ئاڕاستە دەکرێت و مەودای پێکانی 40 کیلۆمەترە.
مووشەکی “مەندەب2″، دروستکراوی ئێرانە و ناوی دووەمی غەدیرە، بە رادار ئاڕاستە دەکرێت و مەوداکەی دەگاتە 300 کیلۆمەتر.
مووشەکی “سەیاد”، دروستکراوی ئێرانە و پەرەی پێدراوە، بە رادار ئاڕاستە دەکرێت مەوداکەی 800 کیلۆمەترە.
مووشەکی “قودس”، مووشەکێکی باڵداری ئێرانیی “زەمین بە زەمین”ـە، مەوداکەی 800 کیلۆمەترە.
مووشەکی “سجیل”، دروستکراوی ئێرانە و مەوداکەی 180 کیلۆمەترە.
سەبارەت بەو مووشەکە بالیستیانەی حووسییەکان خاوەنداریی دەکەن:
مووشەکی “موحیت”، کۆپییەکی “سام-2″ـی روسییە و دروستکراوی ئێرانە، بە سیستمی بینینی ئەلیکترۆنی و ژێر سوور پەرەیپێدراوە.
مووشەکی “عاسیف”، کۆپییەکی مووشەکی دژەکەشتی “فاتح-313″ـی ئێرانە، مەوداکەی 450 کیلۆمەترە و بە بینینی ئەلیکترۆنی و ژێر سوور کاردەکات.
مووشەکی “تەنکیل”، کۆپییەکی “ڕەعد-500″ـی ئێرانییە و مەوداکەی دەگاتە 500 کیلۆمەتر، سیستەمی رێنمایی ئەلیکترۆنی و تیشکی ژێر سووری تێدایە.
مووشەکی “فەلەق”، مەوداکەی 140 کیلۆمەترە، سیستەمی ئاڕاستەکردنی ئەلیکترۆنی و ژێر سووری هەیە، نازانرێت ئێرانییە یاخود لە ناوخۆی یەمەندا بەرهەم هێنراوە.
مووشەکی “دەریای سوور”، بە سیستەمی بینینی ئەلیکترۆنی و ژێر سوور کاردەکات، بەڵام مەوداکەی نادیارە و پێدەچێت ئێرانی بێت یان لە ناوخۆی یەمەن دروستکرابێت.
مووشەکی “مایۆن”، بە سیستمی بینینی ئەلیکترۆنی و تیشکی ژێر سوور پەرەیپێدراوە، پێدەچێت ئێرانی بێت یان لە ناوخۆی یەمەن دروستکرابێت.
بەگوێرەی گۆڤاری “ناشناڵ ئینترست”ـی ئەمریکی، حووسییەکان بە ستراتیژی کەمترین تێچوون و جوڵەی خێرا و زیرەکانە و شارەزایی لە شاردنەوەی جبەخانە و حەشارگەکانیان، توانیویانە سەرکەوتووبن لە خۆدوورخستنەوە لە بۆردومانەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی و بارێکی قورسی تێچوونی ئابووریی سەربازیی بخەنە سەرشانیان، جگە لەوەی توانیویشیانە لە رووی هەواڵگرییەوە چەواشەیان بکەن.
گۆڤارەکە دەنووسێت، حوسییەکان مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هەرزان بەکاردەهێنن، بەشێوەیەک تێچووی یەک فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی حووسییەکان لە دوو هەزار دۆلار تێناپەڕێت، لەکاتێکدا سوپای ئەمریکا تەنها یەک مووشەکی سیستمی بەرگرییە ئاسمانییەکەی، نرخەکەی دوو ملیۆن دۆلارە، ئەگەر ئەو رێژەیە بەراوورد بکرێت، دەبێتە (دەزری بەرامبەر گاسن!)