زووم:
لە بەیانى ئەمڕۆوە ژمارەیەک لە نوێنەرانى مامۆستایانى ناڕازیى لە سلێمانى و هەڵەبجە لەلایەن ئاسایشەوە بانگیشتکراون و تاساتى ئامادەکردنى ئەم هەواڵە ئازادنەکراون.
دوو لە نوێنەرانى مامۆستایانى ناڕازیى بە زووم-یان گوت، لە ئاسایشەوە پەیوەندییان پێکراوە کە سەردانیان بکەن بەمەبەستى باسکردنى خۆپشاندانى مامۆستایان و فەرمانبەران.
زووم قسەى لەگەڵ ژمارەیەک لە کەسوکارى ئەو مامۆستایانە کرد کە لەلایەن ئاسایشەوە بانگێشتکراون، ئەوان گوتیان لە کاتژمێر 10ـى بەیانییەوە ئەو مامۆستایانە بانگێشتکراون و تائێستا ئازاد نەکراون.
هاوکات سەلام عەبدولخالق، بەرپرسى راگەیاندنى دەزگاى ئاسایشى هەرێم بە زوومى راگەیاند، زیاتر لە 10 مامۆستا بانگێشتى ئاسایش کراون.
لەبارەى هۆکارى بانگێشتکردنیان سەلام عەبدولخالق رایگەیاند، بەمەبەستى گفتوگۆکردن بووە سەبارەت بە دەستپێکردنەوەى پرۆسەى خوێندن کە پێشتر وەزارەتى پەروەردە داواى کردبوو.
ئاماژەى بەوەشدا، مامۆستاکان دەستگیرنەکراون، بەڵکو تەنها بۆ گفتوگۆ بانگێشتکراون، بۆئەوەى خوێندکاران زیاتر زەرەرمەند نەبن، راشیگەیاند، تا ئێوارەى ئەمڕۆ سەرجەمیان دەگەڕینەوە ماڵى خۆیان.
بانگێشتکردنى ئەو نوێنەرانەى مامۆستایانى ناڕازیی لەلایەن ئاسایشى سلێمانییەوە لەکاتێکدایە، سەربارى بڕیارى پەروەردە تائێستا بەشێک لە مامۆستایان بایکۆتیان نەشکاندووە و وەکو خۆشیان رایانگەیاندووە، سبەى یەکشەممە درێژە بە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانیان دەدەن.