رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقولئەوسەت
گروسی: ئاژانسی وزەى ئەتۆم ئەڵێی لە ئێران بە بارمتەگیراوە
- رافاێڵ گروسی بەڕێوەبەرى گشتى ئاژانسی وزەى ئەتۆم نیگەرانى خۆی لە کەمترین هاوکارییەکانى ئێران دەربڕیوە و دەڵێت، ئێران بەشێوەیەک پرۆژە ئەتۆمییەکەى دەباتە پێشەوە کە پێشتر وێنەى نەبووە، دەڵێی ئاژانسەکە لە ئێران بەبارمتەگیراوە، نە رونکردنەوەى پێویست لەبارەى شوێنە تازەکانیەوە دەدات و نەبەتەواویش شوێنە کۆنەکان دەخاتەڕوو.
عەرەبی جەدید
ئیسرائیل لە بڕیاری کۆتایی نزیک دەبێتەوە
- سەرەڕای جەنگە بەردەوامەکەى غەزە، ئیسرائیل لە بەرامبەر لوبنانیش دا جەنگەکەى بەرەو هەڵکشان دەبات، وەزیری ئاسایشى ئیسرائیل “یواف گالانت” یش دەڵێت ئامانجمان ئەوەیە خەڵکی باکوری لوبنان بە ئارامی بگەڕێنەوە بۆ نێو ماڵەکانیان، شرۆڤەکارانیش دەڵێن، ئەم هەنگاوەى ئیسرائیل، واتە هەڕەشەى کۆتایی ئیسرائیل لە باکوری لوبنان.
دەستوور
کێشەکانى دەریاى ناوەڕاست کاریگەری لەسەر نەوتى عێراق دروستناکات
- بەهۆی هێرشى حوسییەکانەوە گرژى و ئاڵۆزییەکانى دەریاى سوور بەردەوامە و کێشەى بۆ کەشتییە بازرگانییەکان و بازاڕی نەوتیش دروستکردووە، بەڵام حەیان عەبدولغەنى رایگەیاندووە، لەبەرئەوەى 90%ـى نەوتى عێراق بۆ ئاسیا دەچێت و بەڕێگەی دەریاى سووردا ناپەڕێتەوە و کێشە بۆ نەوتى عێراق دروست نەکردووە.
قودسی عەرەبی
سودانى: کشانەوەى هاوپەیمانیى نێودەوڵەتى هۆکاری ئاسایشى عێراقە
- محەمەد شیاع سودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی بلومبێرگ رایگەیاندووە، هیچ هێزێکی ناوخۆی و دەرەکی ناتوانن سەروەری لە عێراق بسەننەوە، کشانەوەى هێزى هاوپەیمانانیش یەکێک دەبێت لە هۆکارەکانى ئاسایشى عێراق، پێویستمان بە ئەمریکا هەیە لە بوارى ئابووری و رۆشنبیرى و تەکنۆلۆژیادا و دەبێت هەردوولامان ئەو پەیوەندییانە بپارێزین.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
دەیلی تەلەگراف
کۆچبەرانى دوورگەی ئینگلیزی بەریتانیا مافی کارکردنیان لە وڵاتەکەدا پێدەدرێت
- لە هەنگاوێکی تازەدا، وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا مافی کارکردن دەداتە ئەو کۆچبەرانی دوورگەی ئینگلیز، کە لەو وڵاتەکەدا لە چاوەڕوانی مافی مانەوە دەکەن. بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانیان، وڵاتەکە رێگە بە کۆچبەران دەدات لەبوارەکانی چاودێریی کۆمەڵایەتی، ئاوەدانکردنەوە و درووستکردن و جووتیاریدا کار بکەن، ئەمەش هەنگاوێکە بۆ پڕکردنەوەی پێداویستی کەمیی کارمەند لەو بوارانەدا.
واشنتن پۆست
ئیسرائیلییە هاوردەکان لە گوندێکی کەرتی رۆژئاوای فەلەستین مێردمنداڵێکیان کوشت و سوپاش رێگرییان لێناکات
- ئیسرائیلییە هاوردەکان لەنزیک کەرتی رۆژئاوای فەلەستین هەڕەشە لە دانیشتووانی گوندێک دەکەن و لە پۆستێکی فەیسبووکدا پێیان دەڵێن، کە وەک “جرج” چاوەڕوانییانن بۆ ئەوەی بێنە دەرەوە و “تۆڵەیان لێبکەنەوە.” دوو رۆژ دوای ئەوە، گرووپێکی چەکداریی ئیسرائیلی کە دەموچاویان داپۆشیبوو، هەرزەکارێکی فەلەستینی، کە رەگەزنامەی ئەمریکی هەیە، دەکوژن بەبێ ئەوەی سوپا رێگرییان لێبکات.
عەرەب نیوز
تانک و درۆنەکانی ئیسرائیل کۆتا نەخۆشخانەی غەزە کە هێشتا خزمەتگوزاریی پێشکەش دەکات کردە ئامانج
- تانک و درۆنەکانی ئیسرائیل دوو نەخۆشخانەی غەزەیان کردە ئامانج، کە کۆتا نەخۆشخانەن لەو کەرتەدا خزمەتگوزاریی پێشکەش بکەن، ئەمەش لەکاتێکدایە کە ژمارەی گیانلەدەستداوانی فەلەستن لە سێ مانگی رابردووی شەڕدا بۆ نزیک لە 25000 بەرزدەبێتەوە.
چاینە دەیلی
چین چەند فرۆکەیەکی مۆدێلی تازە دەخاتە بازاڕەوە
- لە هەنگاوێکی تازەی تەکنەلۆژیدا، کەرتی فرۆکەوانیی چین کۆمەڵێک فڕۆکەی راهێنانی بە مۆدێلی جیاواز خستە بازاڕەوە کە بە تەنها و بە سەربەخۆیی لەلایەن ئەو وڵاتەوە درووستکراون. لە فرۆکەکاندا تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو بەکارهاتووە و فرۆکەکان بەوە جیادەکرێنەوە تێچوویان کەمە و سووتەمەنی کەم بەکاردەهێنن، هاوکات چاککردنەوەشیان ئاسانە و لە وڵاتەکەدا چاکدەکرێنەوە.
رۆژنامە فارسییەکان
جیهانی سەنعەت
هێرشە موشەکییەکانی ئێران نابنە هۆی کەمبوونەوەی هەڕەشە سەربازییەکان بۆ سەر وڵاتەکە
- کۆماری ئیسلامی ئێران ئەم هێرشە موشەکییانە بۆ سەر “کوردستانی عێراق، سوریا و پاکستان” بە دوو هۆکار ئەنجام دەدات؛ یەکەم بۆ ئەوەیە بلێ کە من بەرامبەر بە هەر هەڕەشەیەکی ئەمنی، وڵامدانەوەم دەبێت و دووەم ئەوەیە بە رەخنەگرانی لەناوخۆی وڵات بڵێت بۆشایی ئەمنیم نییە و هێزی وڵامدانەوەم هەیە.
بەڵام لە چەند ساڵی رابردوودا دەرکەوتووە ئێران نەک تەنیا نەیتوانیوە بەم هێرشە موشەکیانە، پێش بە هەڕەشەکان بگرێت، بەڵکو زیاتر لە رابردوو لە چوار لاوە گەمارۆی سەربازی خراوەتەسەر. بۆیە کۆماری ئیسلامی ئێران پێویستە شێوازی روانگە و سیاسەتی بگۆڕێ و رێکاری دیپلۆماتی بگرێتە بەر.
ئەبرار
یەکێتی عەرەبی هێرش بۆسەر هەرێمی کوردستان ئیدانە دەکات و وەزارەتی دەرەوەی ئێرانیش داوا لە عێراق دەکات پابەندی رێکەوتنی ئەمنی بێت
- ناسر کەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت، عێراق دەبێت پابەندی رێککەوتنی ئەمنی نێوان تاران و بەغداد بێت و هەموو خاڵەکانی جێبەجێ بکات.
کەنعانی وێڕای رەتکردنەوەی راگەیاندراوەکەی یەكێتیی عەرەبی گوتی، ئێران بە مافی خۆی دەزانێت شوێنی کۆبوونەوەی دەستوپێوندەکانی “ئیسرائیل لە هەولێر کە دژ بە ئێران خەریکی پیلانگێڕین، بکاتە ئامانج” و لەوبارەوە حکومەتی عێراق دەبێت پابەندی ئەو رێککەوتنە ئەمنییە بێت کە ساڵێک پێش ئێستا پێکەوە واژۆیان کردووە.
بەڵام هەر لەم پەیوەندییەدا یەکێتیی عەرەبی لە راگەیاندراوێکدا هێرشی موشەکیی ئێران بۆسەر هەرێمی کوردستان ئیدانە کرد و مافی دژکردەوەی دیپلۆماتی عێراق بەرامبەر بە ئێران بەڕەوا دەزانێت
شەرق
وەزارەتی ئیتڵاعاتی ئێران رایگەیاند، دوو “ئەمیر”ـی داعشیان دەستگیرکردووە
- وەزارەتی ئیتڵاعاتی ئێران لە راگەیاندراوێکدا دەڵێت، چەند کەسێکى پێوەندیدار بە تەقینەوەکانی کرمان دەستگیرکراون، کە دوانیان ئەمیری داعشن.
دەڵێت، ئەوانەی دەستگیرکراون زۆرینەیان لە سنوورەکانی رۆژهەڵاتی ئێرانەوە هاتوون و سەر بە گرووپی عەبدوڵڵا تاجیکین، کە پلانداڕێژەری تەقینەوەکانی کرمان بووە.
ئێعتماد
بەڵێنەکانى دەوڵەتی رەئیسی مایەپووچ دەرچوون
- ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران پێش ئەوەى ببێت بە سەرۆککۆمار، بەڵێنیی دابەزاندنی هەڵاوسانى بۆ یەک ژمارەیی، دروستکردنى یەک ملیۆن خانووبەرە لە یەک ساڵ و رەخساندنى یەک ملیۆن هەلیکاری دابوو. ئێستا کە ئاوڕ لە بەڵێنەکانى رەئیسی دەدرێتەوە دەبینین نەک تەنیا هەڵاوسان زیاتر بووە و خەڵک هەژارتر بووە، کەمتر لە 10٪ وادەکانی لەسەر سازکردنی خانوبەرە هاتووەتەدی و رەخساندنى هەلیکاری یەک ملیۆنیش کەمکراوەتەوە بۆ 110 هەزار